Pro Blogger Templates

(قه‌ڵه‌م) ێک شکا، به‌ڵام مێژوویه‌ک ده‌ستی پێکرد!





یەکێک له‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانی پارتی ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ قه‌ڵه‌مه‌ بوێره‌کان بشکێنێت، وشیارترینی ناڕازی یه‌کان تیرۆر بکات، درۆ بکات، خه‌ڵک بترسێنێت، خزمه‌تکاریی سه‌رمایه‌داران و ده‌زگا جاسوسی یه‌کانی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات بکات،… ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ ده‌ستپێنه‌کات، که‌ چه‌ند که‌سێک به‌یه‌که‌وه‌ پێی بڵێن ئێمه‌ش ئازا و بوێرین و ناترسین، ئێمه‌ش وشیارین و ئێوه‌ چاک ده‌ناسین، ئێمه‌ش ده‌زانین ئێوه‌ درۆزنن، ئێمه‌ش…!

ئه‌مه‌ وای کردوه‌، که‌ سه‌رانی پارتی له‌و ده‌سپێکردنه‌دا کۆتایی ببینن. ئه‌وان به‌ر له‌ هه‌موو که‌س له‌وه‌ دڵنیان، که‌ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و پایانه‌ وه‌ستاوه‌ و ئه‌وا ئیتر ئه‌م ده‌نگه‌ بوێر و وشیاره‌ ده‌یه‌وێ هێڵه‌ سووره‌کانی ئه‌وان ببه‌زێنێت و ببێت به‌ چه‌ند که‌سێک و به‌ ئاگری ئیراده‌ و گه‌رمی بیروباوه‌ڕیان پایه‌ سه‌هۆڵی یه‌کانی مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی یان بتوێننه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌عسابن و( وه‌ک ئیسلامی یه‌کان) له‌ وتارێکدا، له‌ به‌یانێکدا، له‌ موعته‌به‌ر بوونی که‌سایه‌تی یه‌کدا، له‌ ئازایه‌تی یه‌کدا، له‌ وشیار بوونه‌وه‌یه‌کدا، ئه‌و چاره‌نوسه‌ دێته‌ به‌رچاویان و به‌ هه‌موو توانایان په‌لاماری ده‌ده‌ن.

مێژووی پارتی پڕه‌ له‌و هه‌وڵانه‌ و تا ئێستاش بۆی چوه‌ته‌ سه‌ر: زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه‌ دڵنیان که‌ پارتی نه‌زیر عومه‌ری کۆمۆنیست و ڕه‌وف ئاکرێیی کوشت و هیچ گومانیشیان له‌وه‌دا نی یه‌ که‌ چرا سه‌وزی بۆ تیرۆریسته‌ ئیسلامی یه‌کان( به‌ دیاریکراوی به‌ فتوای مه‌لا به‌شیری ناو په‌رله‌مانه‌که‌ی خۆیی و یه‌کێتی و گۆڕان و ئیسلامی یه‌کانی تر) هه‌ڵکرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕابه‌رانی ئاواره‌کانی که‌رکوک( شاپوور و قابیل) تیرۆر بکه‌ن. که‌س گومانی له‌وه‌دا نی یه‌، که‌ پارتی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ کوشتنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌.

به‌ڵام له‌ کوشتنی(سه‌رده‌شت عوسمان) دا ئه‌و مێژووه‌ دڵخوازه‌ی پارتی کۆتایی هات و مێژوویه‌کی تر ده‌ستی پێکرد! مێژوویه‌ک، که‌ به‌ ڕاستی ده‌بێت، له‌ مێژووی خه‌باتکردن بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕیندا، وه‌ک خاڵێکی وه‌رچه‌رخان دابنرێت و له‌ کالێنده‌ره‌که‌یدا، وه‌ک ڕۆژێکی تایبه‌ت به‌( سه‌رده‌شت عوسمان) زۆر به‌ گه‌شی دیاری بکرێت. چونکه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م گۆڕانه‌ نه‌وعی یه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وردی و لێبڕاوی سه‌رده‌شت له‌ دیاریکردنی ئه‌و زوعفه‌ی پارتیدا و ته‌حه‌دا کردنێکی شۆڕشگێڕانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌کی به‌رجه‌سته‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رنجی لاوان بخاته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و پێداویستی یه‌ی که‌ هه‌موو گۆڕان و شۆڕشێک قه‌رزاریه‌تی. ئه‌ویش( ته‌حه‌ددا کردن) ی سه‌رسه‌ختانه‌ و بوێرانه‌ی وه‌سیله‌کانی ده‌سڵات و هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانه‌ بۆ ده‌سته‌مۆ کردنی ئینسانه‌کان، ئه‌ویش پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رکوتگه‌ران پێیان وایه‌ ده‌توانن هه‌موو (ئینسان) ێک بۆ قازانجی خۆیان بکه‌ن به‌ ( خزمه‌تکار و کاره‌که‌ر و ماستاوچی و پیاوکوژ و درۆزن و دووڕوو و ترسنۆک و پیاوی ده‌رباره‌که‌ی خۆیان).

(سه‌رده‌شت عوسمان) توانی ئه‌وه‌ وه‌بیر لاوان بێنێته‌وه‌، که‌ تا جیاوازی له‌ نێوان ژیانی ئینسانه‌کاندا هه‌بێت، تا سته‌م و سه‌رکوت هه‌بێت، ئه‌وا(ته‌حه‌ددا کردن) یش یه‌کێکه‌ له‌ مانا باڵاکانی ژیانی (ئینسان).
بابەتی دواتر بابەتی پێشتر