موحسین که‌ریم:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 17ی ئایار، مه‌لا به‌ختیار له ماڵپه‌ڕی “چاو‌دێر”دا وتارێکی له‌ژێر ناونیشانی “شه‌هید سه‌رده‌شت و ئازادی”دا بڵاوکردۆته‌وه. له‌و وتاره‌دا مه‌لا به‌ختیار راسته‌وخۆ ئاماژه به‌و لایه‌نو ده‌زگایه ده‌کات که هه‌ستاون به تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان!
مه‌لا به‌ختیار سه‌ره‌تا ئاوا ده‌ستپیده‌کات که دیموکراسی پرۆسه‌یه‌کی مێژوویه‌و به‌قۆناغ دێته‌دی. بۆیه ئه‌وکه‌سانه‌ی که خه‌یاڵی ئازادی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی ده‌که‌ن، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌که‌ن، چونکه زۆری ماوه کۆمه‌ڵگای کوردستان بتوانێ ئه‌و دروشمه په‌یڕه‌وبکات، له‌به‌رئه‌وه‌ی که نه حیزبه سیاسیه‌کان قبوڵی ده‌که‌ن و نه‌ده‌سه‌ڵات و نه ئاین و مه‌زهه‌به‌کان! هه‌ربۆیه مه‌لا به‌ختیار پێی وایه که شیعاری ئازادی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی زۆرتر خزمه‌تی به دوژمنانی ئازادی کردوه! هه‌ڵبه‌ت مه‌لا به‌ختیار دان به‌وه‌شدا ده‌نێ که ئه‌م دروشمه له‌لایه‌ن کۆمۆنیزمی کرێکاریه‌وه هاتۆته‌ناو رۆشنبیری سیاسی کوردستانی عێراقه‌وه‌و خۆشی ماوه‌یه‌ك بڕوای پێ بوه.
من لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه که ئه‌م به‌شه‌ی لێکدانه‌وه‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار بخه‌مه به‌ر سه‌رنج، به‌ڵکو زیاتر بۆئه‌وه ئاماژه‌م پێکردوه تا خوێنه‌ر بزانێ که مه‌لا به‌ختیار دان به‌و راستیه‌دا ده‌نێ که ئه‌وه‌ی رێگره له‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌ستی به ئازادی بێقه‌یدوشه‌ری سیاسی بگات حیزبه‌کان) هه‌ڵبه‌ت ده‌سه‌لاتداره‌کان) و ده‌سه‌ڵات و دین ومه‌زهه‌به و دانیش به‌وه‌دا ده‌نێ که ئه‌مانه دوژمنانی ئازادین!! ده‌نا ئه‌وه‌ی که دیموکراسی وه‌کو پرۆسه‌یه‌کی قۆناغ به قۆناغی دیموکراتیزه‌بوونی هێزه کۆنه‌په‌رست و دژی ئازادیه‌کان لێکده‌داته‌وه، نه له‌باری فه‌لسه‌فیه‌وه راسته‌و نه له‌دنیای راسته‌قینه‌ی مادیداو نه له هیچ شوێنێکی دنیادا وابوه! به‌ڵکو هه‌میشه دیموکراتیزه‌بوونی ده‌سه‌ڵات یان دروستتر، ملدانی ده‌سه‌ڵات به‌به‌شێك له ئازادیه‌کان ئاکامی خه‌بات و ره‌نج و قوربانی جه‌ماوه‌ری به‌شخوراو و فشاری خواره‌وه بووه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، هه‌رئه‌وه‌ی که جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی کوردستان چه‌ندین ساڵه ده‌ستیان داوه‌تێ و سه‌رده‌شت عوسمانیش یه‌كیك بوو له رێبوارانی ئه‌و کاروانه و یه‌کێك له قوربانیه‌کانی رێگای گه‌یشتن به ئازادی!
به‌ڵام گرنگترین مه‌سه‌له له وتاره‌که‌ی مه‌لا به‌ختیاردا ئه‌وه‌یه که پێی وایه سه‌رده‌شت به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ناو خه‌یاڵی ئازادیی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی دا نقوم بوه بۆیه سنوره‌کانی نه‌ناسیوه، نه‌یزانیوه که نه حیزبه‌کان و نه ده‌سه‌لات و نه دین لێی قبوڵ ناکه‌ن و سه‌ره‌نجام به‌مه‌رگی خۆی باجی ئه‌و خه‌یاڵکردنه‌ی ده‌دات! مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ:
“.. لاوێكی ئاوا،.. ئه‌گه‌ر له‌ناو ئه‌و فه‌زای ئازادیی بێ قه‌یدو شه‌رتی سیاسییه، خه‌یاڵدانی وا له‌مێشكیدا دروست نه‌كرابێ، چۆن نوسینه خه‌یاڵێكی وای ده‌نوسی!؟ پێشوه‌خت دیاره، هیچ رێسا‌و یاسایه‌ك، رێگه‌ی نادات. … من ده‌پرسم: ئه‌گه‌ر ئێستا شه‌هید سه‌رده‌شت بمابایه، نوسه‌رێكی تر، له‌سه‌ر خوشكی خۆی، یان له‌سه‌ر دایكی، یان له‌سه‌ر ته‌نانه‌ت خزمێكیشی، به‌م شێوه‌یه‌ی كه خۆی نوسیویه‌تی، نوسیبای، ئاسان بوو قبوڵی بكات؟ له‌و باوه‌ڕه‌دام ئاسان نه‌ده‌بو. … ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپاش ئازادی نه‌گه‌شتۆته ئه‌وه‌ی په‌لاماری ژن‌و خوشكی یه‌كتر به‌بێ به‌ڵگه بدرێ. په‌لاماریش بدرێ، سزای یاسایی توندی له‌سه‌ره.
…
ناوه‌ڕۆكی قسه‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌و فه‌زایه‌ی ئازادییه كه خه‌یاڵدانی وا لای چه‌ند نوسه‌رێك دروست ده‌كات. كه جاری واهه‌یه روداوی جه‌رگبڕی وه‌كو شه‌هیدكردنی سه‌رده‌شتی لێده‌كه‌وێت.”
بێگومان ئه‌م وتاره‌ی مه‌لابه‌ختیار دوای کۆبونه‌وه‌ی هه‌ردو مه‌کته‌بی سیاسی پارتی و یه‌کێتیه که ئه‌و خۆشی ئاماده‌بوه و یه‌کێك له‌بابه‌ته‌کانی (و ره‌نگه هه‌موو) کۆبونه‌وه‌که له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان بوه. پێش له‌و کۆبونه‌وه‌یه مه‌لا به‌ختیار خۆی، سکرتاریه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی و چه‌ند ده‌زگای یه‌کێتی ئیدانه‌ی تیرۆره‌که‌یان کرد و ته‌نانه‌ت مه‌کته‌بی سیاسی و خودی مه‌لا به‌ختیار تیرۆره‌که‌یان وه‌کو هه‌وڵێك بۆ سه‌رکوتی ده‌نگه ئازاده‌کان و بیری ئازاد ناوزه‌دیان کرد.
که‌واته دوای کۆبونه‌وه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی ویه‌کێتی ئیتر قۆناغێکی دیکه ده‌ست پێده‌کات. مه‌لا به‌ختیار که پێشتر هیچ پاساوێكی بۆ تیرۆره‌که قبوڵ نه‌ده‌کرد(” ئه‌نجامدانی تاوانی وا، له‌سه‌ر هه‌رچیه‌ك بێت، تاوانه، چ جای له‌سه‌ر بیری ئازادبێ.” مه‌لا به‌ختیار/ 8ی ئایار / چاو‌دێر.) به‌وه پاکانه‌ی تیرۆره‌که ده‌کات که سه‌رده‌شت په‌لاماری کچی سه‌رۆکی هه‌رێمی داوه و هیچ که‌سێکیش ئه‌وه قبوڵ ناکات په‌لاماری ژن وکچ و خوشکی بدرێ! جا ئه‌گه‌ر له ئه‌وروپا، به‌پێی قسه‌ی مه‌لا به‌ختیار، سزای یاسایی توندی له‌سه‌ر بێت ئه‌وا له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و بنه‌ماله‌ییدا بێگومان حوکمی عه‌شیره‌ت و ناموسپه‌رستی له‌سه‌ره‌و تاوانه‌که‌شی کوشتنه! ئه‌مه مانای راسته‌قینه‌ی ئه‌و په‌یامه‌یه که مه‌لا به‌ختیار ده‌یه‌وێ پێمان بڵێت، دیاره ئه‌وه‌شی له وه‌فده‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتیه‌وه وه‌رگرتوه. هه‌ڵبه‌ت جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه بکه‌ین که ئه‌وه‌ی سه‌رده‌شت نوسیویه‌تی له‌سه‌ر کچی بارزانی ناچێته خانه‌ی په‌لامارو ناوزڕاندنه‌وه، ئه‌وه‌ی که مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپاشدا سزای توندی یاسایی له‌سه‌ره! چونکه سه‌رده‌شت سوکایه‌تی به کچی بارزانی نه‌کردوه، ئه‌وه‌نده نه‌بێ وتویه‌تی خۆشمده‌وێ(ئه‌مه ئه‌گه‌ر چاو له‌وه بپۆشین که مه‌به‌ستی نوسینه‌که‌ی سه‌رده‌شت خۆشه‌ویستیه خه‌یاڵیه‌که‌ی بۆ کچی بارزانی نیه، به‌ڵکو ره‌خنه‌گرتنێکی ساتیریکه له ده‌سه‌ڵاتی نایه‌کسانی ده‌سه‌ڵاتی کوردایه‌تی و به دیاریکراوی ده‌سه‌ڵاتی پارتی.) به‌ڵام بێگومان خۆشه‌ویستی به‌پێی حوکمی ناموسپه‌رستی بنه‌ماڵه‌و عه‌شیره‌ت تاوانه بۆیه نه‌ك هه‌ر سه‌رده‌شت، به‌ڵکو ساڵانه ده‌یان که‌س له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حیزبه عه‌شیره‌تی و بنه‌ماڵه‌ییانه‌ی کوردایه‌تیدا له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرێن.
له‌کۆتاییدا؛ ئه‌گه‌ر له‌وه بگه‌رێین که مه‌لا به‌ختیار و یه‌کێتی پێشتر له‌به‌رخاتری به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆیان و بۆ فشار خستنه‌سه‌ر پارتی تیرۆره‌که‌یان ئیدانه‌کرد و ئێستاش هه‌ر به‌هه‌مان مه‌به‌ست مه‌لا به‌ختیار180 پله ده‌سوڕێته‌وه‌و نوسینه‌که‌ی سه‌رده‌شت وه‌کو هێرش و په‌لاماردانی شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ناولێ ده‌بات و به‌مه‌ش پاکانه‌ی کوشتنه‌که‌ی سه‌رده‌شت ده‌کات، به‌ڵام به‌ساده‌یی ئه‌مه دانپیانانێکی ئاشکرای مه‌لا به‌ختیاره به‌وه‌ی که بڕیارده‌رو ئه‌نجامده‌ری تیرۆری سه‌رده‌شت ئه‌ندامانی بنه‌ماله‌ی سه‌رۆكی پارتی و ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی پارتیه! بۆیه دوای به‌یانه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی، ئه‌م نوسینه‌ی مه‌لا به‌ختیار به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرایه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و گومانه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر پارتی و پاراستن هه‌یانبوو بکاته یه‌قین!

