Pro Blogger Templates

كەسوكاری شەهیدانی ١٧ی شوبات: سوورین لەسەر ئەو داواكارییانەی ١١ ساڵ لەمەوبەر بۆی چووینە سەر شەقام

 


كەسوكاری شەهیدانی خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی دەڵێن، دەسەڵات لەپشت تەقەكەرانی خۆپیشاندانەكانەوەیە، بۆیە تائێستا دەستگیرنەكراون و سوورن لەسەر ئەو داواكارییانەی، كە ساڵی ٢٠١١ بۆی هاتنە سەرشەقام.

لە ڕۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، خۆپیشاندانێك لە بەردەركی سەرای سلێمانی ئەنجامدرا و دوای ڕۆشتنیان بەرەو شەقامی سەهۆڵەكە، لەبەردەم لقی چواری پەدەکەدا گرژیی د
روستبوو، بەهۆی تەقەی پاسەوانانی لقی چوارەوە ڕێژوان عەلی شەهیدكرا و لە بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژانی دواییدا نۆ كەسی تر شەهیدبوون.

دوای ١١ ساڵ لە خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات، تائێستا نە بكوژی خۆپیشاندەران دەستگیركراون و نە داواكاریی خۆپیشاندەران هیچی لێ جێبەجێكراوە و كەسوكاری شەهیدانی ١٧ی شوباتیش جەختدەكەنەوە لەسەر داواكارییەكانیان.

تەها قادر، باوکی شەهید شێرزاد كە لە خۆپیشانەكانی ڕۆژانی دوای ١٧ی شوباتدا شەهیدكرا بە ڕۆژنیوزی وت: داواکارییمان چاکسازیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بوو، بە هەدەردانی سامانی نیشتیمانی لەلایەن ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارەوە هەر هەبوو، داوامان ئەوەبوو مافەکانی خەڵک بەرجەستە ببێت، بەداخەوە هیچ وەڵامێکی داخوازییەکانمان نەدرایەوە، بە داخەوە بەشێک لە وانەی وتاریان دەدا لە بەردەرکی سەرا، دوای ئەوەی پلە و پایەیان وەرگرت و بە دەستهێنا و چوونە ناو دەسەڵاتەوە، هیچ هەست و سۆز و خۆشەویستیەکیان نەما بۆ کەسوکاری شەهیدان، ئەوەش جێگەی نیگەرانییە.


باوکی شەید شێرزاد

لەبارەی دەستگیرنەكردنی تەقەكەرانی خۆپیشاندانەكانەوە وتی: بکوژی کوڕەکانی ئێمە سەر بەو حزب و دەسەڵاتەیە بۆیە دەستگیرنەكراون، چونکە بکوژەکان تەقەکەری خۆیانن، پاش ١١ ساڵ هیچ ئومێدێکمان نییە دەستگیر بکرێن، لە بەر ئەوەی ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە خۆیان هەموو شتێکن، نایەنەوێت پیاوەکانی خۆیان بگرن و بیدەن بە دادگا، ئەگەر یاسا هەبوایە، بکوژانی کوڕەکانی ئێمە دەستگیر بکرایە، بدرانایە بە دادگا و بە سزای خۆیان بگەیشتنایە، دڵنیام کەسی دیکە شەهید نەدەکرا، کوشتار کەم دەبووەوە، دەیانوت یاسا هەیە.

باوکی شەهید شێرزاد لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی ڕاگەیاند، ئەوان وەکو کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات سوورن لە سەر داواکارییەکانییان و دۆزینەوەی بکوژی کوڕەکانییان، وە هیچ سازشێکیان لە سەر بکوژەکان نەکردووە، ئەگەر ئێستاش نەبێت هەر ڕۆژێک دێت یاسا، سەروەر بێت و بە سزای خۆیان بگەن.

“هاوژینەکەم کاسب بوو، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بار بوو، ڕۆژانە بەشداریی خۆپشاندانەکانی دەکرد و دەچووە سەرای ئازادیی، ئەو ڕۆژە دوای تەواوبوونی خۆپشاندانەکان چووە بەردەم مزگەوتی گەورە بۆ کڕینی هەندێ پێدوایستیی، لەو کاتەدا ئاڵۆزیی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایشەوە هاتە ئاراوە، هاوسەرەکەم بە فیشەکی ئاسایش شەهید بوو” سازگار فەریق، هاوژینی شەهید ئومێد لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز وای وت.


سازگار فەریق

سازگار وتیشی: هیچ لە داخوازیەکانی خەڵک نەهاتووەتە دی، بگرە ژیانیان قورستر کردووە لەسەر خەڵک، ئەم کوردستانە دوو دەسەڵاتی حزبیی بەڕێوەی دەبەن، هەموو خێر و بێری کوردستانیان بۆ خۆیان قۆرغ و داگیرکردووە، ئێمە ١١ ساڵە داوا دەکەین حکومەتی هەرێم ئەم تەقەکەرانە بدات بە دادگا، لە دادگایەکی بێ لایەندا دادگایی بکرێن، خوێنی ئەم گەنجانە بە فیڕۆ نەڕوات، چونکە هاوڵاتی ئەم کوردستانە بوون، لە وڵاتێکی دیکەوە نەهاتبوون، ئاژاوەچی نەبوون و گێرە شێوێن نەبوون، داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکرد، بەڵام حکومەتی هەرێم نە تەقەکەرانی دا بە دادگا، نە دەستیشی دوور دەخاتەوە لە دادگاکان.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەر وەک ساڵانی ڕابردوو سورین لە سەر داواکارییەکانمان بۆ دەستگیرکردنی بکوژانی ١٧ی شوبات بۆ ئەوی بدرێنە دادگا، بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەڵێم: ئێوە بە خوێن قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوباتن.

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر