شارەدێی دێگەڵە تا پێش شەڕی ناوخۆی هەردوو پارتی بەناو کوردستان( پارتی و یەکێتی ) ناوێکی ئاسایی ناوچەیەکی کوردستان بوو وەک ناوی هەرناوچەیەکی تر، بەڵام لەدوای وەستاندنی ئەو شەڕە لە ١٩٩٨ بەفشاری ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ، بۆتە سنورێکی دیار و جیاکاری لەنێوان سنوری سلێمانی و هەولێر بەمانایەکی تر سنورێکی دەستکردی بەرژەوەندخوازانەیە لە نێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد و بۆتە سیمایەکی قێزەون و پەڵەیەکی ڕەش بەناوچەوانی ئەو دوو حیزبەوە. ئەم پەڵەی شەرمە هیچی لە خیانەتە دیارەکانی ساڵەکانی ٦٦ و ئاشبەتاڵی ٧٥ و ٣١ ی ئابی ٩٦ و ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و خیانەتەکانی تریان لەسەدەکانی ڕابووردوو ، وە خیانەتەکانیان لە پارچەکانی تر و برسیکردن و کوشتن و تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی باشوور کەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت. چونکە ئەم سنورە نەفرەتیە بۆتە یادگاریەکی بەردەوامی هەمیشە دووبارە لە یادەوەریمان دا. کەم کەسمان هەیە هاتووچۆی بەو سنوردە نەکردبێت و ئەو ڕوداوە قێزەونانەی بیرنەکەوێتەوە کە ئەو دوو حیزبە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان ئەنجامیان داوە و دەماودەم بۆ ئەو نەوانەی ئەگێڕنەوە کە لەو سەردەمەدا لەدایک نەبوون .
بایەقوشە ڕەزاگران و نەفرەتیەکانی ئەم سنوورە دیسانەوە لە بەرواری ٨ ی ٢ ی ٢٠٢٥ ڕێگریان لە هاوڵاتیانی کوردستان و مامۆستایان و ناڕازیەکانی ناوچەکانی زۆنی سەوزگرت کە بچنە هەولێری پایتەخت تا پەیامی ناڕەزایەتیەکانی خۆیان و ناوچەکانی تر لەنزیکترەوە بگەیەنن بە ئەو دەسەڵاتەی کە قورقوشمی تواوەیان کردۆتە گوێچکەکانیان و هاوار و ناڵە و ناڕەزایەتی ئەو مەزڵومانە نابیستن کە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژە مانیان لەخواردن گرتووە و ژیانی هەندێکیان کەوتۆتە بەر هەڕەشەی مەرگ.
واتە دەسەڵاتدارە نابەرپرسەکانی ناوچەکە نە ئەیەڵن خەڵکی شارەکە خۆیان خۆپێشاندانبکەن بۆ مافە سەرەتاییەکانیان نە ڕێگەش ئەدەن کە خەڵکانی تر پشتیوانیان بۆ دەرببڕێ .
بەداخەوە، سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوون و ئەو خۆپێشاندانانەی کە بۆ ماوەی چواردە ساڵە بەردەوامە تا ئێستا جگە لە هات و هاوار و کوشتن و گرتن و دەربەدەرکردنی خەڵکی شارەکان هیچی تری لێ شین نەبووە بەهۆکاری ئەوەی کە ؛
زۆرجار خۆپێشاندانەکان خەڵکانی حیزبی و سەربە دەزگا جاسوسیەکان دزەیان کردۆتە ناویانەوە و پشێوی و ئاژاوە و کاری دوور لە مەدەنیان ئەنجام داوە و حیزبێک بۆ ئەجێندای تایبەت و مەرامی خۆی بەکاریان هێناوە تا وەک کارتی فشار بەکاری بهێنێ دژی نەیارە سیاسیەکەی .
بوونی کۆیلە و بندیوارێکی زۆر لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە لە دەرەوەی بازنەی ناڕەزایەتیەکان کە بەبێ ئەوەی هیچ کارێک و سودێکی گشتیان هەبێت تەنها ستایشکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتدارەکانە. ئەمەش بۆتە درعێک بۆ دەسەڵات بۆ ئەوەی ملکەچی داوا ڕەواکانی خەڵکی بەشمەینەت نەبێت .
هەروەها نەبوونی هۆشیاریەکی باڵا و ترسێکی زۆر لەلای جەماوەر و خەمساردی خەڵک لە بەرامبەر ژیانی خۆی و نەوەی داهاتوو ، ئەمانە تەمەنی دەسەڵاتە چەتەییەکەی پارتی و یەکێتی درێژترکردۆتەوە .
جا بۆ ئەوەی ئەم جارە ئامانجەکانی خۆپێشاندان بپێکین و ئەم هەلە جارێکیتر لەدەست نەدرێت ، وە بۆ ئەوەی غرور و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی تێک بشکێنرێن و بەهۆش خۆیان بێنەوە و واز لە زوڵم و چەوساندنەوە و دزی و چەتەیی هەڵگرن، ئەبێت بێ پسانەوە و ماندووبوون هەوڵ بدرێت سنوری شارەکان تێک بشکێنرێن و بەرەیەکی ناڕەزایی فراوان دروست بکرێت . ئەو شارچێتی و ڕق و دواکەوتووییەی کە ئەو دوو حیزبە دروستیان کردووە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەبێت بگۆڕدرێت بۆ شۆڕشێک کە سەری دەسەڵاتدارانی ئەو دوو حیزبەی پێ پانبکرێتەوە و بکرێتە مەشخەڵێک بۆ ڕووناک کردنەوەی ژیانی ئێستامان و نەوەکانی داهاتوومان .