پۆستێکی بێناو نیشان !
نەژاد عوسمان
بەڕاستی لێتان ناشارمەوە لەکاتی نوسینی ئەم بابەتەدا نەمزانی چۆن و لەکوێوە دەست بە داڕشتنی بکەم چونکە ناوەرۆکی نوسینەکە زۆر ناونیشان هەڵئەگرێ ، منیش وەک بەڵێنی پێچەوانەی سیاسیەکان ناوم لێنا بێناونیشان .
ڕۆژانە لەکاتی کێوماڵکردنی شتگەل و ڕووداو و ڤیدیۆی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ، زۆرجار هەیە بابەتی سەیر و سەمەرە دێتە بەرچاوت ، کورد واتەنی نازانی بگریت یان پێبکەنیت !
کەمێک پێش ئەم نوسینە ، پارچە ڤیدۆیەکم بینی لەسەر ڤیستیڤاڵی ساڵانەی خاڵ بۆ جوان قورئان خوێندنەوە بە سپۆنسەری قوباد تاڵەبانی ! کە تیایدا مامۆستا تەهای بەڕێوەبەری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی وا باسی ئەو پیاوە و بنەماڵەکەیانی ئەکرد وەک وابێت بەرماڵیان بەسەر ئاوەوە بگەڕێت !
حوکمی ڕەشیدیان گەیشتبێتە ئەوپەڕی ووڵاتی دوور ! گورگ و مەڕ پێکەوە ئاوبخواتەوە و ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلامیان پەیڕەوکردبێت !
دادگەری و دابەشکردنی سامانی نیشتیمان بەسەر تاکەکانی وڵاتدا گەیشبێتە ئەوپەڕی ڕەزامەندی هاوڵاتیان !
جەنابیان بەردەوام لە ڕیزی یەکەمی نوێژخوێناندابێت ببینرێت ، جارجاریش بۆ ئەوەی ئاگاداری زیاتری نوێژخوێنان بێت لە ڕیزی دواوەش نوێژبکات !
جا یەکێک لەو قسە سەیرانەی ئەو جەنابە ئەوەبوو ئەیووت قوباد تاڵەبانی دابڕاونیە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ! یان ئەیووت قورئان بەشێکە لە مێژوو و کەلتورمان ! لەکاتی سەیرکردنیدا بیری ئەو قسەیەم کەوتەوە کە بەهەرجۆرێک بێت ئەبیت بە پیاوی بۆرە سیاسی! بە خۆشیت بێت یان تاڵی ، ئەبێت بڵێی بە ڕیشی مەردانەت قەسەم یان پەنگی هەڵبژاردنم بیرکەوتەوە کەچۆن ئاوا بۆ دووڕوویی و ڕوپامایی بەم درۆ و چەواشەکاریانە خۆیان شەرمەزاری لای خەڵک و خوا ئەکەن .
دەی ئەگەر وانیە
قوبادێک لە سوریا لەدایک بووبێت !
لە لەندەن گەورەبوبێت !
خوێندەواریەکەی دووکەڵ بکات و سەوداسەری لەگەڵ هیچ کتێبێکدا نەبێت وەک خۆی ئەڵێ !
خێزانی لە بنەماڵەیەکی جولەکە بێت !
خۆی بەرپرسی باڵای حیزبێکی عەلمانی بێت ! سپۆنسەریەکە حەرام بێت و بە پارەی میللەت بێت !
مانای دانەبڕانی ئەو پیاوە لە ئایینی ئیسلام
نابێتە گەورەترین بوختان بۆی ؟!
نابێتە درۆیەکی شاخدار وەک هەلی کار و ئارامیەکەی شاری ؟!
نابێتە بارێکی گران بەسەرشانیەوە وەک حوکمە جوانەکەی تاکە شارەکەیان؟!
ئاخر گەلی برادەرینە ئێوەش بن سەرتان لەم هاوکێشە ئاڵۆزە دەرئەچێ ؟! ئێوەش بن هەزار ناونیشان بۆ ئەم نوسینە دانانێن ؟!
ئێوەش بن ناڵێن کەم نیە مام صاڵح !؟
.........................................................................
تێبینی / مام صاڵح کەسایەتیەکی فشەکەری ناو بەرنامەی کەشکۆڵ بوو کە درۆی وای ئەکرد مرۆڤی گێژئەکرد .