Pro Blogger Templates

دیکتاتۆرەکان شوێنپێی یەکتر هەڵدەگرن


 چەند ڕۆژێک لەمەوپێش مەسعوود بارزانی هەستا بە بەخشینی پلەیەکی سەربازی بە ئارینی کوڕەزای!!

ڕوون و ئاشکرایە دیکتاتۆرەکان بە درێژای مێژوو شوێنپێی یەکیان هەڵگرتووە و زۆر خەسڵەت و تایبەتمەندی هاوبەشیان هەبووە ،

یەکێک لەو تایبەتمەندیانەش ویستی گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ کوڕ و نەوەکانیان بە بێ ڕەچاوکردنی لێهاتووی و زیرەکی  کەسی دواتر و بێ گوێدانە ویستی خەڵک و میلەت 

بەداخەوە لە کوردستان ئێمەش بێبەش نەبووین لە دیکتاتۆرەکان بە شێوە و قەبارەی جیاواز 

کە ویستی یەکەم و کۆتاییان مانەوە بووە لەو پێگە و دەسەڵاتەی هەیانە بێ گوێدانە ڕەوش و بارودۆخی خەڵک و گوێگرتن بۆ ویست و پێویستیەکانیان، 

 دوو گەورە حیزبی سیاسی و دەسەڵاتدار لە کوردستان بە درێژای مێژووی کارکردنیان  دەسەڵات و هێز لای یەک کەس بووە و دواتریش گوازراوەتەوە بۆ کوڕەکەی،

 وەک چۆن دوای مردنی جەلال تاڵەبانی سەرۆکی پێشوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئێستا هەموو دەسەڵات و هێز و پارەی دزراوی میلەت کە لای ئەو حیزبەیە تەنها لای بافڵ تاڵەبانی کوڕیەتی و لە تەواوی زۆنەکەش دیکتاتۆریەتێکی ڕەها پەیڕەو ئەکات کە بچوکترین ڕەخنە مەترسی جددی ئەخاتە سەر ژیانت ، 

لە زۆنی زەرد و لای پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی بارودۆخەکە کوڕ و باوکی تێپەڕاندووە و ئێستا کار بۆ هێنانە پێشەوەی نەوەی چوارەمی  ئەو خێزانە ئەکرێت کە ئارین مەسروور بارزانییە ،  

ئارین خاوەنی زانکۆی ئەمریکی کوردستان -ە و ساڵی ڕابردوو هاوشێوەی عودەی کوڕی سەدام حسێنی دیکتاتۆری فاشیستی عێراق ، بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکە دەرچوو .

ئارین هەرزەکارێکی بێ ئەزموونی تەنها ٢٣ ساڵە ، هەر لە دەزگای میدیای گەورە  و هەموو ڕێکخستنەکانی حیزبەکەی و ملیارەها دۆلاری دزراوی خەڵکی کوردستان لە خزمەتی دایە تاوەکوو بە زووترین کات لە زهن و بیری خەڵکدا بیچەسپێنن و ئامادەی بکەن بۆ شوێنەکەی باوک و باپیری  , ئەمەش ڕەفتارێکی ئاشکرا و باوی دیکتاتۆرەکانە 

وەک سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جونگ ئون و باوکی 

وە بەشار ئەسەد و باوکی لە سوریا !

دیکتاتۆرە مۆدێرنەکان و دیموکراسی ساختە! 

لە چەند دەیەی ڕابردوو دیکتاتۆرەکان هەوڵیان داوە پڕۆسەی دیموکراسی ساختە بکەن و هەڵبژاردنێکی دەستبەسەرداگیراو ئەنجام بدەن بۆ ڕەوایەتی دان بە دەسەڵاتی ستەمکار و زۆرەملێی دەیان ساڵەیان وە هەمیشە دیکتاتۆرەکان بە جیاوازیەکی زۆر زۆر هەڵبژاردنەکان ئەبەنەوە یان تەنانەت هەندێ جار تەنها خودی سەرۆکی ستەمکار مافی خۆ هەڵبژاردنی هەیە وەک عێراقی سەردەمی سەددام حسێن و سوریای بەشار ئەسەد و ڤلادیمێر پوتین ،

وە هەمان شت لە وڵاتەکانی وەک کوبا و تورکمەنستان و جۆرجیا بینراوە!!

هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش لە چەند جاری ڕابردودا هیچ گۆڕانکاریەکیان لە هەڕەمی دەسەڵات و سیستمی حکومڕانی دروست نەکردووە و تەنها شانۆیەکی ناشرین بوون و هەوڵدان بوون بۆ سپیکردنەوەی ڕوی ڕەشی دیکتاتۆرەکان .

دیکتاتۆرەکان بێ بەزەین!

یەکێکی تر لە پایەکانی مانەوە لە دەسەڵات بونی هێزە

هەموو دیکتاتۆرەکان بەردەوام بێ بەزەییانە هێزی خۆیان بەکار دێنن بۆ ئازار دان و چەوساندنەوەی خەڵکی ناڕازی و کپکردنی دەنگی ئازاد ، بوونی زیندانی نهێنی و ئەشکەنجە دان و کوشتنی خەڵکی بێتاوان تەنها بەهۆی هەبوونی ڕای جیاواز و ناڕەزایی بەرامبەر دەسەڵات ڕێگەیەکە کە هەموو ستەمکارەکان بەکاری دەهێنن بۆ بەردەوامی دان بە دەسەڵاتیان، ئەمەش بە ڕوونی و ئاشکرا لە هەرێمی کوردستان بینراوە و ئەبینرێت چۆن بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی هەمیشە لە بچوکترین دەرفەتدا بێ بەزەییانە بە بەهێزترین شێوە دژی هەر دەنگێکی ناڕازی وەستاون ، زیندانە نهێنییەکانی ئاکرێ لە زۆنی دەسەڵاتی بارزانی بەناوبانگن بۆ بێسەروشوێنبوونی سەدان کەسی بێتاوان.

خۆشبەختانە گەورە دیکتاتۆرەکانی مێژوو هەرگیز نەگەشتنە مەبەست و ئامانجی خۆیان و بە هەر شێوەیەک بوبێت لە شوێنێکدا وەستێنران و کۆتاییان یان هەڵاتن و خۆشاردنەوە بوو یان پەتی سێدارە ، کە دواهەمینیان شەیخە حەسینەی سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش بوو لە لایەنی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە لە دەسەڵات هێنرایە خوارەوە و ناچار بوو هەڵبێت.

بەداخەوە ئەم دیکتاتۆرە قێزەونانەی کوردستان هەمیشە ئامادە بوون هەموو شتێک بکەن بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات ،هەتا گەشتووە بەوەی چەندین جار بونەتە جاش  و هاوکاری وڵاتانی دراوسێ دژی گروپ و پارتێکی تری کوردی تەنها بۆ مانەوە، 

وەک چۆن عودەی کوڕی سەدام نەگەشتە هەڕەمی دەسەڵات هیوادارم شازادەکانی بارزانیش نەگەن بەو شوێنەی خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن،

دڵنیام ڕۆژێک دێت ئەم دیکتاتۆرە سەر شۆڕانەی کوردستانیش وەک هەموو ستەمکارانی تر ناویان ئەچێتە زبڵدانی مێژوو و لە بەردەم دادگای گەلدا بە سزای خۆیان ئەگەن .

ڕامیار سەرحەد

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر