Pro Blogger Templates

ئاوێنەی مانگرتن (ئاوێنەی نۆیەم)

لە پاش سەدساڵ تێکۆشانی خوێناوی، ئەنفالی باشوور، قەتڵعامەکانی ڕۆژهەڵات، باکوور، شەهیدکردنی هەڵەبجە، فرمانکەی شەنگال و درەوشاندنەوەی تێکۆشانە پرشنگدارەکەی باکوور و ڕۆژئاوا و پاش سی و پێنج ساڵ فەرمانڕانیی و ستەمی سەرکردەیەتی قیادە موەقەتە و جەلالییەکان، لە شاری سلێمانی باشترین و دڵسۆزترین چینی کۆمەڵ دەبێت چادری مانگرتن لە دەسەڵاتێکی کوردی! هەڵبدەن و لە پاشاندا لە نزیک دیواری زیندانی هەولێر کە بە سنووری دێگەڵە ناسراوە، کورد لە کورد هەڵدەدات و کورد کورد دەشکێنێ. چوونکە سەرکردەیەتی قیادەموەقەتە وای دەوێ.


لەو سەرەتایانەوە نەتەوەکە بیری لەوە کردبۆوە کە تێکۆشانی خۆی کۆبکاتەوە بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشووردا، بۆیە بە دڵ و گیان هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پێویستیان خستە پیناوی ئەم بەشەوە، تا پێشکەشکردنی خوێنی خۆیان بۆ سەرخستنی!.
ئەی سەرکردەکانی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان چۆن ئەم هەستەیان لێکدایە و مامەڵەیان لەگەڵ ئەم تێکۆشانە پیرۆز و بەنرخەدا کرد؟!.
من نازانم، چۆنچۆنایی نەتەوەکە ڕەفتاری ئەوانی نەبینی، فەرامۆشکرد و لێیان تێنەگەیشت!!! یا مەستی سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکەی بوو، یان ئایا ئەو چینە بەرژەوەندخواز و خۆپەرست و هەلپەرستە کە دەوری ئەوانیان دابوو، توانیان کە سەرنجی نەتەوەکە بە لاڕێدا ببەن و کردارەکانی سەرکردەیەتی قیادەموەقەتە بەتایبەت و جەلالییەکان بە گشتی ئاڕاستە بکەن لە بەرژەوەندی ئەو دەستەیە؟! پرسیاری ورد، قووڵ و چارەنووسساز لە دەوری ئەم مەسەلەیە دێتە کایەوە، بۆ فریاکەوتنی بزووتنەوەکەی خەڵک.
هەر لەبەر ئەو خاڵە گرنگانەشە کە دەبێت، باسبکرێن و لە ڕوانگەی جوداوە مێژووی ئەو دوو سەرکردەیەتییە شیتاڵ بکرێنەوە.
کەسانێک دەڵێن: کە ئێدی باسکردنی ئەوان لە تام دەرچووە و هەموو کەس دەزانێت کە ئەوان چین، بەڵام ئایا لە ڕاستیدا هەموو کەس دەربارەی گۆشە نهێنییەکانی ئەوان دەزانن؟!، ئایا ئەوان کە حەفتا ساڵە یاری بە چارەنووسی نەتەوەکە دەکەن، ئەگەر ئێمە ٣٥ ساڵ سەبارەت بە کردار و ئەتواری ئەوان بدوێێن زۆرمان وتووە؟! ئەوان زۆریان بەنەتەوەکە کردووە و ئێمە زۆر کەممان سەبارەت بەوان وتووە. چوونکە ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە گرفتەکە ناوخۆییە و ئەو ناوخۆیی بوونە زەمینەی دەستتێوەردانی دەرەکی دەخوڵقێنێ وئەو دوو دەستەیەش کە حەفتاساڵە گرفتی ناوخۆ دروستدەکەن و گەورەی دەکەن و بە خوێنی کورد ئاوی دەدەن، دەستەکەی قیادەموەقەتەیە لە پلەی یەکدا و بەدوایدا دەستەی جەلالییەکان و ئیسلامی سیاسی باشووری کوردستانە.
هەڵەی گەورە دەکەین و زیانی گەورە دەکەین ئەگەر هەموو هۆی گرفتارییەکانی نەتەوەکە بخەینە ئەستۆی دەرەکی، کورد دوژمنی خۆی دەناسێ، فێڵەکانی دەناسێتەوە و دەشزانێ چۆن بەرەنگاری ببێتەوە، بنەڕەتی گرفتەکە ناوخۆییە، ئەمە بەڵگە نەویستە و ئەو سی و پێنج ساڵەی فەرمانڕانیی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان ئەمەی بە ڕوونی سەلماند، ئەگەر بۆ خەڵکانێک ڕوون نەبووبێت، کاتێک ئەوان لە کەرەج بوون و ئەمان لە شاخ، فەرموون: خۆ ئێستا هیچ تاوانێک شاردراوە نییە و ‌ێندە ڕوویان قاین بووە کە دەربەستی کەس نایەن کە تاوانەکەیان بشارنەوە، ئەوە دەفتەری کرداری سی وپێنج ساڵەیان بیخوێننەوە هەر دوێنێ لە مامۆستایان هەڵدا و سووکایەتیان پێکردن، ئەگەر ئەو کاتەی کە لەبەردەم پەرلەمانی، ئەگەر ناوەکەم دروست وتبێ، کوردستاندا مامۆستای کوردیان دایە بەرشەق و گەل لەم پێشێلکردنەی ئازادی بێدەنگ نەبوایە و بهاتنایەتە دەنگ، ئەمڕۆ نەیان دەتوانی مامۆستای تر بدەنە بەر شەق و شەقی تر بهاویژن، ئەمەش مانای وایە کە دەبێت ناڕەزاییەتییەکان بە هەموو جۆرەکانی بەردەوام بێت....تا دادگایی کردنی سەرانی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان و ئیسلامە سیاسییەکان. هەر بۆیە ئێمە بەردەوام ڕەفتارەکانی ئەوان دەخەینەوە بیری نەتەوەکەمان، تا ئەوان نەتوانن بیری خەڵک بە شتێکی دییەوە جگە لە ئازادیی خەریک بکەن، هیچ بڕیار، داواکاریی و خواستێکی ئەوان یاسایی نییە و جێبەجێکردنی ڕووڕەشی لە دوایە.
ئێستا ئەگەر بەردێک لە ئاسمان کەوتەخوارە و زیانی بە تاکێکی کورد گەیاند، گەل دەبێت یەخەی سەرکردەیەتی فەرمانڕانانی حوکوومەتی هەرێم بەتایبەت هەولێر بگرێت، ئەگەر بەو بەردە سەری تاکێکی کورد شکا بوو، دەبێت سەری کەسێک لەو هەزار کەسەی کە جارێک خۆی وتی: ئێمە هەزار پیاون، بە بەرد بشکێنرێتەوە! لە یاسای حاموڕابیدا وا هاتووە، خۆ ناکرێت ئێمە بە بەشێک لە یاساکان بۆ ژمارەیەکی دیاری کراو کار بکەین و کە دێشینە سەر زۆرینەی گەل، ئەو کەمینەیە بە یاسای جەنگەڵ، لەگەڵ زۆرینەی گەل مامەڵە بکەن!!!. تەمەنی ئەم قسەیەی من سەبارەت بەو جۆرە ڕەفتارکردنە، سەت ساڵە لە پشتیوانی نەتەوەکە بۆ بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی و ئەوە بۆ هەشتا ساڵێکیش دەچێت، خیانەتە بە خواست و مەرامی نەتەوەکە لەلایەن سەرکردەیەتی بزووتنەوەکەوە، جارێکی تریش دەیڵێمەوە بەتایبەت قیادەموەقەتە.
حوکوومەتی لەکارکەوتووی هەرێم، کە ٣٥ ساڵە بە پشتیوانی تورکیا و ئێران بەسەر باشووری کوردستاندا سەپێنراوە، ئێدی هەموو بەڵگە ڕەوا و ناڕەوا و ڕاست و ساختە و دۆزراوە و دزراو، ماشراوە و کڕڕاو، ئۆریجناڵ و کۆپییەکانی، بەتاڵبوونەتەوە و لە لووتی خۆیان زیاتر سێبەرەکانیان بڕ ناکەن، واتە گەل و دەسەڵات دوو شتی لێک جوودان و لە هیچ خاڵێکدا یەکتر نابڕن و لە هیچ خاڵێکیشدا پێک ناگەن. هیچ بوارێک نەماوە بۆ چاکبوونەوە لەو هەموو نەخۆشی و عیللەتە پیسانەی کە تووشی هاتوون، لە زمانی کوردیدا، وشەیەک پەیدا ناکەیت کە بتوانیت پڕاوپڕ، لێوانلێو وەسپی ئەم شتەی پێ بکەیت کە ناوی حوکوومەتی قیادە موەقەتە و جەلالییەکانە، کورد ئەزموونی وا ناشرینی نەبووە بۆیە وشەیەکی بۆی نییە!.
ڕەدووکەوتنی سەرانی حیزبەکانی باشوور، لە پێشەنگیانەوە قیادەموەقەتە و جەلالییەکان، ئینجا ئیسلامییەکان، بۆ فەرمانڕانانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا * وەک ئۆردووگانی خەلیفە و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەددام و دەزگا ئەمنییەکەی، شاو ساواکی شا، حافز و بەشار و دەزگای موخابەراتیان، خامەنەیی و دەزگای ئیتلاعاتی، ڕووداوێکی نوێ نییە، ئەوان مێژوویەکی هەنگووینی درێژیان لەگەڵ یەکدا تێپەڕاندووە و یادگاری زۆریان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، ئەوان لەسەر دەریایەک خوێنی کورد دانیشتوون کە لە پیناوی سەرخستنی دوژمنی دێرێنەی کورددا ڕژاندوویانە و بە کوردایەتییەکی بۆیەکراو بە خودی کوردییان فرۆشتۆتەوە و خەڵکانێکیان دۆزیوەتەوە کە باوەڕ بەم ئەفسانەیە بکەن و لە پێناویاندا خۆ بە کوشت بدەن، ئەمە بۆ نەتەوەیەکی لە حاڵی گەڕانەوەدا بۆ ناو مێژوو حاڵێکی سەیر و دانسقە و نەخۆشە.
کەسانێک ئەگەر نەخۆشیی دەروونی لێی نەدابن، مایە پووچی ئەقڵی نەبووبن و هاوتایی هزرییان دانەڕمابێت، دەبوو تا ئێستا تێگەیشتبان کە ئەو ڕێگایە هەو نییە، خۆ لە مێژە هەر لەو سەرەتا زووانەی ڕاپەڕینی باشوورەوە، بیرمەندی دڵسۆزیی نەتەوەکە مامۆستا مەسعوود محەمەد، نەتەوەکەی ڕێنمایی کرد و سەبارەت بەم دەستەو تاقمانە وتی: " ئەگەر کەوتمە سەر دووڕیانێک و نەمزانی کام ڕێگەیەیان هەڵبژێرم، ئەوا پرسێک بەم حیزبە شێت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگەیەیان پیشان دام، من ملی ڕێگاکەی تریان دەگرم و دڵنیام کە ڕێگە ڕاستەکەم هەڵبژاردووە".
ئایا لە پاش ئەم قسە گەوهەرینە، کە لە گەشەکردووترین هۆشی کوردییەوە دێتەدەر و لە ئەو پەڕی خەمخۆریی کەسێکەوە کە هەموو ژیانی بە نەتەوەکەی بەخشی و قووڵترین ئەزموونی کلتووریی کوردی هەیە، نەدەبوو هۆشی نەتەوەکی بەئاگا هێناباوە لە مەترسی ئەم دەستە و تاقمانە، لە ژاراویبوونی کاڵایەک کە بە کوردایەتی دەیفرۆشنەوە بە کورد، ئایا کورد پێویستی بە چەند ساڵ و چەند پەنگ و چەند کارەساتە؟! کە سنوورێک بۆ ئەو گاڵتە و جەفەنگە دابنێت کە ماڵباتێک و دووان بە نەتەوەکەیی و چارەنووسی و هیوا و ئاواتەکانی دەکەن و تێکۆشانە خوێناوییەکەی لەبازاڕی گوێلەمستبوونیاندا بۆ داگیرکارانی نیشتمانی کورد هەرزانفرۆش دەکەن؟!.
من دەزانم کە چەند سەدە لە داگیرکردن، نکولی لێکردن، ئازاردان و وێرانکردن و ڕەفتاری سەرکردەیەتی حیزبی کوردی و بەرنامەی حیزبی کوردیی، کەسانێکی هێناوەتە بەرهەم، کە بە داگیرکەری کوردستان نەبێت خۆیان پێ پێناسەناکرێت!!!.

• خەباتی چەکداریی یا کلتووریی، یا هەموو خەباتەکان پێکەوە؟!
بیرمەندی گەورەی کورد و سەرۆکی باڵای حیزبە کوردستانییەکەی "هیوا" مامۆستا ڕەفیق حیلمی لە یادداشتە بەنرخەکانیدا کە پووختەی هزرە سیاسی، ڕوانینە فەلسەفی و ڕێنماییە دبلۆماسییە بەنرخەکانین بۆ کورد باس کردووە دەڵێت: " دەست و پێوەندی نەفام و نەخوێندەوار، دەورووپشتی چاوبرسی و دووای تاڵان کەوتوو، نۆکەری خەنجەر لە پشت و عەشایەری تفەنگ لە شان...."**.
مامۆستای بیرمەند ئاماژە بەو هێزانە دەکات کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە حوکوومەتەکەی شێخ مەحمووددا، کە هێزگەلی پاشوەڕۆ، چاوچنۆک و بەرژەوەندیخواز، لە نێوان حوکمداری ئەو کاتە و ئەو منەوەر و ئەفسەرانەدا کە لە بەغدا و توورکیاوە گەڕابوونەوە بۆ کوردستان بۆ ڕینمایی کردنی حوکمدار لە دروستکردنی سیستەمێکی حوکمڕانیی مۆدێرندا، دیوارێکیان دروستکردبوو بە تایبەت پاش کردنەوەی ناوەندێک یا خانەیەک لە ڕێکخراوی ( ئیتحاد و تەرەقی) ڕەگەزپەرستیی توورکی لە شاری سلێمانی، چوونکە ئەو کەسانەی دەوری حوکمداریان دابوو سەر بەم ناوەندە و لەوێوە ڕێنماییان وەردەگرت، هەروەک چۆن ئێستا سەرکردەیەتی قیادەموەقەتەی ماڵباتی مەلا مستەفا بەبێ میتی توورک پەنجەناکەن بە ئاودا و بوونەتە قەیوومی توورک بەسەر ئازادیخوازان و ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشووری کوردستاندا.
لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ بەهۆی سەرکردەیەتی حیزبی سەر بە حوکوومەتە داگیرکەرەکانی بەشێک لە کوردستان ئەم جۆرە بیرکردنەوە و ڕەفتارە دژە کوردە بەردەوام بووە و هەمیشە لە ڕێگای ئەو ئەڵقە لاوازانەی سەرکردەیەتی ئەو خێڵ-حیزبانەوە، رەگەزپەرستیی نەتەوە سەردەستەکانی توورک، فارس و عەرەب، بوونەتە مەترسی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەکەمان.
هەندێ لە نووسەران، کۆنە سیاسی سەر بە حیزبەکان، میت، ئیتلاعات و حوکوومەتی قەیوومکرداری سەر بە ئۆردووگان لە هەولێر، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێدی زەمانی چەک بەسەرچووە و کورد پێویستی بە خەباتی مەدەنی و کلتووریی هەیە، واتە وەک چۆن نەتەوەکەیان کردە چل پارچە، چل کۆمپانیای حیزبی، چل بازرگانی چەور و چل مامەڵەی درێژخایەن بە خوێنەکەیەوە، هەروەها دەیانەوێ کلتوورەکەشی دابەش بکەن بەسەر خۆیاندا.
من دەڵێم کورد لە بار و حاڵێکدایە کە تا ڕادەی ڕەتکردنەوەی زانستی سەلمێندراویش دەڕوات، ئەگەر دژایەتی ئازادبوونی بکات، بۆیە کە لەو ئەزموونە تاڵ و تفت و بڵح و ناشرین و قەڵبەی فەرمانڕانیی سیوپێنج ساڵیی دەسەڵاتەوە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە دەڕوانن و لەبەرژەوەندی ماڵباتەکانەوە کە سەودای سەدان ملیارد دۆلارییە، ئەوا بوونی هێزێکی کوردستانی ئازادیخواز بە مەترسی و ئاستەنگی بەردەم بەرنامە و خواستە دژ بەکوردەکانی ئەوان دەبینن!!! لە بەراوردێکدا کە بۆ وتارێکی وا بشێت، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە:
- ئێمە باس لە هێزێکی کوردستانی ئازادیخوازی خۆبەخش بۆ ئازادی نەتەوەکە دەکەین.
- هێزێکی ڕاهێنراوی زاخاوداراو و بە دسپلین.
- هێزێکی ئازادیخوازی ناسراوی جیهانی.
- هێزێکی باوەڕبەخۆ و خاوەن ئیرادەی سەر چاوەگرتوو لە بڕوابوون بە مەسەلەکەی.
- هزرێک کە قوتابخانەی سەرلەنوێ پەروەردەکردنەوەی مرۆڤی کوردە.
- هێزێک کە لە هەموو گوند و شارێکی کوردستاندا، ئامادەی بەرگرییە لە بوونی مرۆڤی کورد.
- هێزێک کە سنوور بۆ دەڤەرەکانی کوردستان قایل نییە.
- تەنیا هێزێک کە هەموو کورد تێیدا کۆبوونەتەوە و بەهی خۆیانی دەزانن.
لە لایەکی ترەوە، ئێمە باسی سەردەمی بزووتنی شارستانەتی زاگرۆس دەکەین کە خۆی لە ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادیدا پیشاندا.
باسی سەردەمی تێکۆشانە پڕشنگدارەکەی ژنانی ڕۆژئاوا دەکەین، باسی ڕابوونی ژنانی دلێری ڕۆژهەڵاتی کورد دەکەین.
هەروەها باسی خلۆربوونەوەی بەرەوزبڵدانی مێژووی سەرکردەیەتی قیادەموەقەتەی ماڵباتی مەلا مستەفا و ئەو گاڵتەجاڕییەی ماڵباتی تاڵەبانی دەکەین.
باسی بەگژدا چوونەوەی مامۆستایانی کوردستانپەروەردەکەین بەرانبەر بە دەسەڵات و ستەمی سی و پێنج ساڵەیی قیادەموەقەتە.
کە چەکدارەکانی مەسعوودی مەلا مستەفا، پەلاماریان دان، وەک ئەوەی پەلاماری دوژمنیان دابێت!!!.
مامۆستای کورد، فەرمانبەری کورد، کاسبکار و قوتابیانی کورد، ئەگەر بە مەبەستی پیشاندانی بچووکترین ڕەخنە و ناڕازیبوون بیانەوێ بچن بۆ (هەولێری پایتەختی هەرێمی باشووری کوردستان)، ئەوا بە سووکایەتی پێکردن، تێهەڵدان، کوشتن، گازی فرمێسکهێن، ناوزڕاندن، ڕەزاقوورس و ڕەزاگران ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت، لەلایەکی ترەوە، هەموو هەولێر پێشکەشە بە : پاڵەوانەکانی سەرەکجاشی ئەنفالچی، بەعسییە تازە و کۆنەکان، عیزەت دوورییەکان، کۆنە مخابەرات و ئەمن و رەفیق حیزبییەکان، ژنانی تیاترۆخانەکان، کچە مۆدێلە سلیکۆنییەکان، ئەو ژن و پیاوە بازرگانانەی کە بە هەموو شتێکەوە بازرگانی دەکەن، هەر لە فافۆنی کۆنی ماڵانەوە، تا دەگاتە لەشی ژنانی ئۆکرانی، لبنانی، سوری، توورکی، عێراقی، کورد عەرەب، فارس، لەو سێ شار و لەتەدا کە مەودای دەسەڵاتی قیادەمووەقەتە، جەلالییەکان و ئیسلامە سیاسییەکانە، هەموو بێڕەوشتییەک دەتوانی بکڕیت و بفرۆشیتەوە، بەیەک مەرج کە بەشەکەی، لێپرسراوێکی ناو قیادەمووەقەتە یا جلالی و ئیسلامە سیاسییەکانت لەبیر نەچێت.
ئەو ڕووداوەی کە لەرزۆکیی، بانگەشەی کوردایەتی بەتاڵی ماڵی مەلامستەفای بۆ هەموو کورد ڕوونتر کردوە.
واتە مەرام و خۆپەرستیی ئەو هەزار پیاوەی کە قەیومبوونی دوژمنانی کوردیان پێ باشترە لە گوێگرتن لە ئازارەکانی تاکی کورد.
هەروەها باسی دەستەیەکە کە:
- هەر لەو ساتەوەختەدا، کە کاک سلێمانی موعینی و هاوڕێکانیان تیرۆرکرد، ئاشبەتاڵیان بکردبایە، ڕەفتارەکەیان شەریفانەتر دەبوو، چوونکە تیرۆرکردنی ئازادیخوازانی کورد بەو ڕەنگە کە بووە هۆی ئاساییکردنی کوشتنی کورد بەدەستی کورد و دەرگای شەڕە درێژخایەنەکەی نێوان مەلایی و جەلالی کردەوە و بەهەزاران لاوی کورد بوونە سووتەمەنی ئەو خواستە دەروونییە پیسەی سەرکردەیەتییەکانی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان، ڕەگی وا لەو ڕەفتارەی مەلا مستەفادا، کە لاشەی بێگیانی تیرۆکراوی ئازادیخوازی کوردی بە دوژمنانی دێرینەی کورد فرۆشتەوە. مەلا لەبارەی تیرۆرکردنی کاک سڵیمانی موعینییەوە دەڵێت:" بە ئەمریکییەکان بەڵێنم دا ئەگەر لەگەڵما ڕێک بکەون کوردەکانی تورکیایان بۆ سەرکوت دەکەم. مەگەر بە ئەوانەی دیکە بەڵینم دابوو وەفام نەکردووە؟ مەگەر لەشەکەی سولەیمان موعینی و ئەوانی ترم ڕادەستی (شا) نەکرد؟!!!".
ئەمە ڕەفتاری سەرکردەیەتی قیادەموەقەتەیە بەرانبەر بە ئازادیخوازانی نەتەوەی کورد، ئەم ڕێبازەشی بە میرات بۆ نەوەکانی جێهێشتووە، کە لە پێناوی دەسەڵاتی خۆیاندا هەرچی خیانەتێک لە دەستیان دێت، لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد بە ڕەوا ببینن بۆ خۆیان، تا دوێنێ کە مامۆستایان دیواری دێگەڵەیان بەزاند، ئەم ڕێبازە بەردەوامە و تا ئەو هەزار پیاوە!!! لە دادگای گەلدا لێپرسینەوەی توندیان لێدەکرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی خێڵەکەیان دێت، بەردەوام دەبێت.
زۆر جاران باسم کردووە، چەکی کورد چەکی ئازادیی و بەرهەمهێنانی ژیانی ئازاد و ئاسیشە بۆ نەتەوەیەک کە ئازادیی و ئاسایشی لێ زەووتکراوە، لەلایەن دوژمنانی دەرەکی و گرووپ و دەستەی ناوخۆیەوە، کە ئەمەی دواییان، مەترسییەکەی دە بەرانبەری مەترسییە دەرەکییەکەیە. بۆیە ئێمە ناتوانین تێکۆشانی نەتەوەکە بۆ ئازادی پارچە پارچەر بکەین، بەڵکو ئەو تێکۆشانە، بزووتنێکی هەمە لایەنەی نەتەوەیەکە کە پاش دووهەزاروپێنجسەدساڵ دەیەوێ بگەڕێتەوە ناو مێژووی مرۆڤایەتی، ئەم گەڕانەوەیەشی لە هەموو بوارەکاندا و لە ئاستی جوودادا پێویستییەکە ناتوانرێت لەیەک داببڕدرێت، مانەوەی نەتەوەکە و کلتووری نەتەوەکە بەپلەی یەکەم پێویستی بە هێزێکی کوردستانی بەدسپلین هەیە بۆ پاراستن و بۆ پێشەوە بردنی لایەنەکانی تری بزووتنەوەکەی.
هەر لەبەر ئەو هۆیانەیە کە ئێمە دەبێت دەست لەسەر برینەکە دابنێێن، ڕوونکردنەوەمان هەبێت، ئەوانەشمان کە توانایان هەیە و لێزان و شارەزای یارییە نێودەوڵەتی و ئەو سیاسەتانەن کە ئابووری، شەڕ و ئاشتیش دەبزوێنێ، پرۆژەی خۆیان، ئەوەندەی کە جێی ئاشکردنی هەیە، بۆ لایەنە دڵسۆزەکانی نەتەوەکە باس بکەن، ئەرکی گەورەی ڕۆشنکردنەوە، دەکەوێتە ئەستۆی ئەکادیمیکارەکانی کورد، کە تا ئێستا لە بازنەیەکی بچووکدا نەبێت، بەو ئەرکە گرنگە هەڵنەستاون، تا ئێستا دەستڕاگەشتن بەوان، لەلایەن کوردانێکەوە کە بایەخ بە مەسەلەی کورددەدەن و پێویستیان بە ڕاوێژ و وەڵامی پرسیارگەلێک هەیە، سەختە و نزیکەی مەحاڵە، من دەزانم زۆرینەی ئەوانیش وەک نەتەوەکە دابەشبوون بەسەر دەستە و تاقمە سیاسییەکانی بەتایبەت باشووری کوردستاندا، بۆیە چاوەڕوانی باشووریان لە ئەکادیمیکارەکانی ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوا زۆرترە، بەتایبەت ڕۆژهەڵات کە کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر باشووری کوردستان و ئەوان دەتوانن هاوکارییەکی زۆری باشووریان بکەن، هەڵبەتە لە هەموو حاڵەتەکان باشترینیان ئەوەیە کە ئەکادیمیکارەکانی کوردستان پێکەوە هزر و ڕامان و پرۆژەکانی خۆیان، تاووتوێ بکەن، تا بگەنە هەنگاونانێکی کوردستانی کە هەموو لایەنەکانی ژیانی کوردەواری بگرێتەوە.
بابەتی دواتر بابەتی پێشتر