Pro Blogger Templates

هەڵبژاردنی ‘ئازادی’ یاخوود ‘ملکەچبوون


 هەڵبژاردنی هەر یەکێک لەو ٢ چەمکە مرۆڤ لە دەستی خۆیدایەتی بەڵام جیاوازییەکی زۆری هەیە.

ئازادبوون واتا بڕینی ئەو هێڵانەی کە مرۆڤ خۆی بۆخۆی داناوە و کردویەتیە پێوەر بۆ خۆی، توانای هەڵبژاردنی مرۆڤە بە بێ زۆر لێ کردن یاخود ترساندن، وە مافێکی تاکە کەسییە بۆ دیاریکردنی شێوازی ژیان کردن ، بیرکردنەوە، قسەکردن، ئازادبوون لە ڕادەربڕینی بیروڕا، هتد… ، مرۆڤ سەرەتا دەبێت خودی خۆی ئازاد بکات ئەوسا دەتوانێت شەڕی ئازادی بکات، ئازادبوون بنەمایەکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی تاک وە کۆمەڵگا، بەبێ ئازادی پەرەسەندن و گەشەکردنی مافی مرۆڤ بەرەو لاوازبوون و نەمان دەچێت.

ملکەچبوون یاخوود کۆیلەبوون واتا خۆشاردنەوە و خۆ بێدەنگکردن لە بینین و وتنی ڕاستییەکان لە پێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە تاکەکەسیەکاندا، بە هەڵبژاردنی ملکەچبوونت ئەمانجە تەکەکەسیەکانت بەدەست دەهێنیت بە خواردنی مافی تاکێکیتر یان لەسەر حسابی ئەوانیتر بەڵام ناو و ناوبانگت بۆ هەمیشە بە دیوە قێزەونەکە دەچێتە هزری خەڵکەوە. 

لە ڕاستیدا، هەڵبژاردنی ئازادی یاخود ئازادبوون بژاردە ڕاستەکەیە بۆ ئەو کەسانەی لە ژیانیاندا دەیانەوێت سەربەرزانە بژین، هەمیشە مرۆڤە ئازادەکان دەتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن و شەڕی ئازادی بکەن دیکتاتۆرەکان لەناوببەن وە ببنە دەستپێکێک بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی حکومڕانی و هەموو بوارە جیاجیاکاندا.

وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەناڵێنێت بەهۆی کۆیلەبوونی بەشێک لە خەڵکەکەیەوە بونەتە هەوێنی دروستبوونی سەرجەم نەهامەتیەکان، هۆکاری مانەوەی دەسەڵاتی کوردی (پارتی و یەکێتی)ین، بونەتە بەربەست و بارگرانی بۆ ئەو چینەی ملکەچبوون و کۆیلەبونی قبووڵ نیە و نایەوێت خۆی بفرۆشێت. 

سەرنج بدەن! لە هەرێمی کوردستان ‘پارتی و یەکێتی’ چەندین ڕێگایان بەکارهێناوە بۆ ملکەچکردنی خەڵک بۆ مانەوە لە پێگەی خۆیاندا، ئەمە خاڵە سەرەکیەکەیە کە زۆر مەترسیدارە، بە نموونە دروستکردنی هێزی میلیشیا نەک هێزی نیشتیمانی، دامەزراندن لەسەر بنەمای لایەنگری و تەزکیەی حیزبی نەک بڕوانامە، هەڕەشەکردن و چاوسوور کردنەوە لە دەوام و دائیرە حکوومیەکاندا لە کارمەند و بەڕێوبەر و کەسانی کار بەدەست بە جۆرێک ئەگەر بێ دەنگ نەبیت یاخوود “بەڵێ” مان بۆ نەکەیت دەردەکرێیت، دەی کە ملکەچبوون هەڵبژاردەی تۆیە بۆ دەسەڵاتێکی زاڵم و گەندەڵ لە بەرامبەر بڕە پارەیەک یان پلە و پۆستێک تۆ کۆیلەیت وە مافی ئەوەت نیە خۆت وەکو کەسێکی ناڕازی ناوزەندە بکەیت بگرە تۆ بەشداری لە و زڵم و ستەمە بەردەوامانەی دەسەڵات دەرهەق بە هاوڵاتیان و دەنگە ناڕازییەکان دەیکات.

مرۆڤە ئازادەکان هەوێنی درووستبونی گۆڕانکاری خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنن بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو، هەرچی مرۆڤە کۆیلەکانیشە هۆکاری مانەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانن، لەبەر ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵات ئەوەندەی کاری لەسەر دروستکردنی مرۆڤە کۆیلەکان و بێ دەنگکردنی دەنگی ئازاد کردووە نیو هێندە نەی ویستووە هاوڵاتیان هۆشیار و ئازاد بن، چونکە بە هۆکاری لەناوچوونی خۆیانی دەزانن.


بابەتی دواتر بابەتی پێشتر