پێشەکی
بنەماڵەی مەلا مستەفای بارزانی زیاتر لە حەفتا ساڵ حوکمڕانی کورد و کوردستان دەکەن. هەلومەرجێکی مێژوویی هاتۆتە پێشەوە وایکردووە ئەم بنەماڵەیە ببنە حاکمی موتڵەقی کوردستان، جگە لە هەڵەی بەشێک لە سیاسەتمەداران و کەسایەتی سەردەمی سەرهەڵدانی بزاڤی ڕزگاریخواز و خەباتی نەتەوەیی کورد. شۆڕشی ئەیلول خۆی لەخۆیدا بزووتنەوەیەکی یاخیگەرانەی بەشێک لە ئاغاو دەرەبەگەکانی کوردستان بوو لە دژی حوکمی عەبدولکەریم قاسم و سووربوونی ڕژێمەکەی لەسەر دەرکردنی یاسای کشتوکاڵ و دەستبەسەرداگرتنی زەوی ئاغا و دەرەبەگەکان و دابەشکرنیان بەسەر جوتیارە هەژارەکاندا، بەڵام نوخبە سیاسییەکەی ئەو سەردەمە ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ گۆڕینی سروشتی ڕاپەڕینەکە و ڕاگەیاندنی شۆڕشێکی نەتەوەیی. ئەوەشیان بۆ چووە سەر، بەڵام تا کۆتایی شۆڕشەکەش مۆرکی ئاغایەتی و عەشایەری زاڵ بوو بەسەر بیرە نەتەوەیی و سەربەخۆخوازییەکەی شۆڕشەکەوە.
لەبیرمانە و لە زۆربەی یادەوەرییەکانی کەسایەتیە سیاسیەکاندا خوێندومانەتەوە کەوا لە دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا لەسۆڤییەت و سەرەتای خۆ ڕێکخستنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەکۆنگرەی حزبدا بەزۆری زۆرداری مەلا مستەفایان کردە سەرۆکی حزبەکەیان. هەموو ئەوانەی هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی ئەم حزبە تەسلیمی مەلا مستەفا بکەن زۆر باش دەیانزانی مەلا مستەفا پیاوێکی سیاسی نیە بەقەدەر ئەوەی سەرۆک عەشییرەتێکی نەخوێندەوارە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کردیانە سەرکردەی خۆیان. تەنانەت لە یەکێک لە کۆنگرەکانیشدا ئیهانەی ئەو کەسانەی کردبوو کە داوایان لێکردبوو ببێتە سەرۆکیان ! لەگەڵ ئەمەشدا ئەوان دەستوپێی مەلا مستەفایان ماچ کرد بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی حزبەکەیان سەرەڕای ئەو ئیهانە گەورەیە و کەڕامەت شکاندنیان.
مەلا مستەفا هەر لەسەرەتاوە باوەڕی بە شۆڕش و یاخیبوون نەبوو، بەڵام دواتر کە دەرەبەگەکان یاخیبوون لە قاسم بەحوکمی پەیوەندی عەشایەری مەلا مستەفا بە سەرۆک عەشییرەتەکانی دی سروشتی یاخیببونەکە گوڕدرا و مەلا مستەفاش سواری شەپۆلەکە بوو بوو بە سەرکردەی شۆڕشی کورد!
سەیرەکە لەوەدایە زۆربەی سەرکردەکانی حزب لەو سەردەمەدا پیاوی ڕۆشنبیر و کەسایەتی سیاسی دیاری نێو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بوون، بەشێکیان پارێزەر و سیاسەتمەداری نێو گۆڕەپانی عیراقیش بوون، ئەوان خوێندەوار و رۆشنبیر، بەڵام پیاوێکی نەخوێندەواری عەشایەرییان بەزۆری زۆرداری و بەبێ ڕەغبەتی خۆیشی کردە سەرۆکی ئەم حزبە و چارەنووسی میللەتەکەیان دایە دەست. هەر ئەو کەسایەتییە ڕۆشنبیر و بیرمەندانە دواتر لە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا هەڵگەڕانەوە و سەنگەریان لێگرت و میللەتیان تووشی کارەساتی براکوژی کرد و بەشێکیشیان هەر لەلایەن مەلا مستەفاوە تیڕۆر کران و زۆریشیان لە حزب دوورخرانەوە و دەرکران هەر بە بڕیاری مەلا مستەفای سەرۆکی حزبەکە.
دیسان سەرباری ئەم هەموو نەهامەتییەی بەسەر خۆیان و گەلەکەیان هێنا، جارێکی دیکە هاتنەوە ژێر سێبەری مەلا مستەفا لە ساڵی ١٩٧٠ و دڵسۆزانە کەوتنە خزمەتی تا ئاشبەتاڵی بە شۆڕش کرد و میللەتی تووشی کارەساتێکی گەورەی مێژوویی کرد.
ئەم ڕووداوانە هیچیان نەبوونە پەند بۆ ئەو سەرکردانەی دوای ئاشبەتاڵ شۆڕشێکی نوێیان دەستپێکردەوە. هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی و حزبەکانی دیکەی سەر ساحەی خەباتی سەردەمی شۆڕشی نوێ کە هەر ئەوان هێزی کاریگەری سەر ساحەکە بوون و بنەماڵەی بارزانی بۆ ڕۆژێکیش تەقە لە تفەنگیان نەهات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵی ئاشتبوونەوە و جارێکی دیکە کوڕەکانی مەلا مستەفایان کردەوە سەرۆکی خۆیان و بەرەی کوردستانیان تەسلیم بەوان کرد و خۆیان بوونە پاشکۆی پارتی !
گەورەترین هەڵەی مێژوویی یەکێتی و حزبەکانی دیکەش بەزۆر هێنانەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بوو بۆ سەرکردایەتیکردنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١. هەموو خەڵکی کوردستان پارتی و بنەماڵەی بارزانییان لەبیر کردبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنەوەیان بۆ کوردستان بوونەوە سەرکردە و حاکمی موتڵەقی کوردستان و هەموو حزبەکانیتریش بوونەوە پاشکۆی ئەم حزبە.
ئەمانە هەموو هۆکاری تاکڕەوی حوکمی پارتییە، دەیان هۆکاری دیکەش هەن کە وایان کرد ئەم حزبە ببێتە حاکمی موتڵەقی کوردستان و قەدەر و چارەنووسی میللەت بکەوێتە دەستی ئەوانەوە کە لەم زنجییرە وتارەدا زۆر بە وردی باسی بەشێک لەم هۆکارانە دەکەین.
ئەم زنجییرە وتارە باسی زوڵم و ستەم لە میللەتەکەمان دەکات بەدەست ئەوانەی بە دروشمی ساختەی کوردایەتییەوە هاتنە سەر ساحەکە و ٣٥ ساڵە هیچ بەدکارییەک نەما بە میللەتەکەی خۆیان نەکەن. ئێستا موعاناتی خەڵک بەدەست ئەم بەناو حکومەتی هەرێمە گەیشتۆتە ترۆپکەوە، بەبێ هیچ حیسابیک بۆ قوربانیدانی خەڵک و خوێنی دەیان هەزار گەنجی خێرلەخۆنەدیوی ئەم کوردستانە، زوڵم و ستەمیان گەیشتۆتە ئاسمان. سەرباری ئەم هەموو تاوانانەی بەرامبەر بە میللەتەکەیان دەیکەن، بەڵام هیچ ئاسۆیەک بۆ گۆڕانکاری لەدەسەڵاتی هەرێم نابینرێ. میللەت وەها داغکراوە کە ناوێری تەنانەت لەسەر نان و قووتی مناڵەکانیشی بێتە سەر شەقام و ناڕەزایی دەرببڕێ. ئەو میللەتەی بە داروبەرد چوونە سەر دڕەندەترین و تۆقێنەرترین دامودەزگەی بەعس لە ڕانیە و شارەکانی دیکەی کوردستان و راپەڕینی مەزنی بەهارەیان ڕاگەیاند لە دژی دەسەڵاتێک کە خۆی بە چوارەم هێزی عەسکەری دونیا دەزانی، دەیان هەزار چەکی قوڕس بە کیمیاویشەوە هەیبوو هەر ئەو میللەتە لەکوردستان دەریانپەڕاند، ئێستاش هەر ئەو میللەتە ناوێرێ بۆ نانی خۆی بێتە سەر شەقامیش، گەنجەکانیشیان لەترسی ئەم دەسەڵاتە تەنانەت ناوێرن بە ناوی خوازراویشەوە کۆمینتێک بنووسن لە فەیسبووکاکانیان.
لەگەڵ ئەوەی ئەو میللەتەی لەلاپەڕەکانی مێژوویدا بە میللەتێکی ئازا و نەبەرد و گیانفیدا ناسراوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ئاست دەسەڵاتێکی فشۆلی کوردیدا بێدەنگ بووە و تەحەمولی هەموو زوڵم و زۆرداییەکانی دەکات.
بە کوردییەکەی میللەتی کورد لە هەرێمی کوردستان خەسێندراوە و هیچ هەست و نەستێکی شۆڕشگێڕانەی نەماوە و لە دونیایەکی خەیاڵیدا دەژی و تووشی نەخۆشییەکی دەروونی قوول بووە کە پێی دەڵێن ( ماسۆشیزم ) واتە چێژوەرگرتن لە تەعزیبدانی خودی خۆی.
دەیان هۆکار هەن لەسەر چۆنیەتی خەساندنی میللەتی کوردی هەرێمی کوردستان، لەم زنجییرە وتارەدا باسی گرنگترینیان دەکەین بە ووردەکارییەوە.
راپەڕین وئومێدی میللەت
ئەم هەموو زوڵم و نادادی ئێستا لە میللەتی کورد لە هەرێمی کوردستان دەکرێ لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا نەیبینیووە. دەسەڵاتێکی بێویژدان کەوتۆتە وێزەی میللەتەکەی خۆی، سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی بە ڕۆژی ڕوناک دەدزێ. باج و سەرانەی زۆر قوڕس لە میللەتەکەی وەردەگرێ. جاسوسی و چاوساغی بۆ ڕژێمە داگییرکەرەکان دەکات. خزمەتگوزارییە حکومیەکانی هەمووی تەفروتونا کردووە. سێکتەری پەروەردە و تەندروستی وێران کردووە. کەڕامەتی تاکی کوردی شکاندووە. تەعزیب و کوشتن و راوەدوونانی نەیارەکانی کردووە بە پییشەی خۆی، سەدان هەزار گەنجی ئەم هەرێمە لە داخی دەسەڵاتی کوردی سەریان هەڵگرتووە. ئەمانەو هەزاران تاوانی تر خەونی میللىەکەیان لەبار بردووە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی ئەم میللەتە بەم هەموو نەهامەتییە ڕازییە و بێدەنگە؟ هۆکار چییە ئەو میللەتەی بە دوانزە ڕۆژ گەوەرترین ڕژێمی دیکتاتۆری ناوچەکەی لەناوبرد، ئێستا ناتوانێ بەرامبەر دوو خێزانی ستەمکار ڕاپەڕینێکی نوێ بکاتەوە؟
بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخی کوردستان هەمیشە ڕژێمە داگیرکەرەکانی حوکمێکی زۆر دڕندانەی خەڵکەکیان کردووە، کورد هەمیشە لەشۆڕش و یاخیبووندا بووە، سەرباری ئەوەی گەنجەکانی ئەم میللەتە بە گیانفیدایی و بەرۆحی کوردایەتی لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشەکانیدا بوونەو ڕەنج و خوێن و قوربانیان داوە، بەڵام هیچ کات سەرکردایەتی شۆڕش لەئاست ئەو ئەرکە مێژووییەی شۆڕشەکاندا نەبووە، هەموویان کلکیان لەگەڵ ڕژێمێکی درواسێی داگییرکەردا گرێ داوە. بۆیە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشە نەتەوەییەکانەوە هیچ سەرکردەیەکی کورد نەیتوانیووە شۆڕشەکەی بگەیەنێتە ئامانج. هەمیشە خۆیان وەک بەکرێگیراوی هێزێکی دەرەکی زانیوە.
شکستی شۆڕشەکانی کورد بوونە هۆکای ئەوەی بۆ یەکەمجار لەمێژووی کورددا ڕاپەڕێنێکی جەماوەری سەرتاسەری کوردستان بتەقێتەوە ئەویش ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ بوو. ئەم ڕاپەرێنە بووە هۆی ڕزگارکردنی کوردستان و تەسلیمکردنی دەسەڵاتی حوکم بە تاقمێکی شۆڕشگێڕی کوردایەتی کە بۆ یەکەمجارە حوکمی سەربەخۆیی لەهەرێمی کوردستان بگرێتە دەست.
ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی ڕاپەڕێنی بەهاری ٩١ بوو، ئومێد وابوو خەونی سەدان ساڵەی کورد بێنێتە دی ئەویش سەربەخۆیی و حوکمی خۆماڵی کورد بچەسپێنێ. لەگەڵ ئەوەی میللەت بەگشتی لەساڵی ١٩٩٢ هاتنە سەر سندووقی دەنگدان متمانەیان بەم حزبانەی شۆڕش داو پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم دامەزرا، بەڵام نە خەونی سەربەخۆیی هاتەدی، نە حکومڕانییەکی کوردانەی باش هاتەکایەوە.
بۆیە میللەت بێئومێد بووە لەگۆڕانکاری لەدەسەڵاتی حوکمڕانی سەربەخۆی کورد، هەر لەبەرئەوەشە ویستی گۆڕانکاری لەدەسەڵات لەلای تاکی کورد زۆر لاواز بووە چونکە هیچ متمانەی بە حزبەکانی ئێستای دەسەڵات و ئۆپۆسزیۆنیش نەماوە. وەکو مەسەلە کوردییەکە دەڵێ ( مرۆڤی مارانگاز، تەنانەت لەگوریسیش دەترسێ ) !
لەلایەکی دیکەوە نەوەی ئـیستای کورد ویستوخواستی وەکو نەوەی جارانی پێشووی نیە. جاران گەنجی کورد تا ڕادەیەک ڕۆشنبیر بوون، کەم گەنج هەبوون شەیدا و عاشقی کتێب و خوێندنەوە نەبن، زۆربەشیان کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیای چەپ و سۆسالیستی سەردەم جگە لەکاریگەری ڕۆحی نەتەوایەتی و هەستکردن بە زوڵمی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان، بۆیە ئاسان بوو لەهەر شۆڕشێکی نوێدا هەزارانیان ببنە پێشەنگ و چەک هەڵگرن بۆ داکۆکی لەمان و بوونی میللەتەکەیان، بەڵام ئێستا گەنجی کورد بەنج کراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە، هەم لەرێگەی بڵاوکردنەوەی تلیاک و ماددە هۆشبەرەکانەوە کە بەبێ هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایی بازرگانی فراوانی پێ دەکرێ بە تایبەتیش لەلایەن مافیاکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، هەم لەرێگەی بڵاوکردنەوەی فەسادی ئەخلاقی و کردنەوەی سەدان شوێنی لەشفرۆشی و مەلها و مەساجخانە و تەنانەت کافیتریاکانیش کە کارمەندی زۆربەیان لەڕەگەزی مێیینەن. لەولاشەوە گەنجی ئێستا بە شتی لاوەکی و نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردەواری مەشغول کراوە بۆ نموونە سەرقاڵکردنیان بە یاریەکانی بەرشەلۆنە و ڕیال مەدرید و پەخشکردنی زنجییرەی درامی بێگانە بەتایبەتیش تورکی و شتی زۆری لەو بابەتانە. ئەمانە بەگشتی بە پرۆسەیەکی زۆر زیرەکانە بەڕێوە دەبرێن وخەڵکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی و موخابەراتیان لەپشتە.
سەرەنجام ڕاپەڕین و شۆڕش تووخمە ئەساسییەکەی لەدەست خۆی داوە، ئەویش گەنجی شۆڕشگێر و خەباتکار و کۆمەڵگەی زیندووی ئامادەکراو بۆ گۆڕانکاری، چونکە ئێستاش لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕۆحی عەشییرەتگەری و ئاغایەتی و دیوەخانە باوی ماوەو کاری بەردەوامیش دەکرێ بۆ زیندووکردنەوەی ئەم جۆرە پەیوەندییە ناتەندروستانە لەناو کۆمەڵگەدا لەبری هاندانی فیکری زانستی و داهێنان و ڕێزگرتن لە عەقڵە گەورەکان کە بە ئەنقەست فەرامۆش کراون.
دوای ئەم هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینانەی کورد لەپێناو گۆڕانکاری و پێشخستنی کۆمەڵگە و بنیاتنانی قەوارەیەکی تەندروست لە هەرێمەکەماندا، خەڵکی بە تەواوەتی بێئومید بوونە لەهەر گۆڕانکارییەک بەم ئاراستەیەوە، بۆیە پێیان وایە بێدەنگی لە دەسەڵاتی کوردی زۆر باشترە لەگۆڕانکاری ڕییشەیی چاوەڕوانکراو، چونکە لە مەحسەڵەتدا یان تاقمێکی لەوانەی ئێستا خراپتر دێنە سەر دەسەڵات، یانیش هەمان ئەو تاقمەی ئێستا دەخزێنە ناو دەسەڵاتە چاوەڕوانکراوەکە وەکو ئەوەی بینیمان هەرچی کۆنە بەعسی و جاش و موستەشاری پێش ڕاپەڕین هەبوون جارێکی دیکە بە ناوی حزبایەتی و کۆیلایەتی هاتنەوە ناو دەسەڵاتی دوای ڕاپەڕین لەسەر حیسابی پێشمەرگە دێرینەکان وخەباتگێڕە شۆڕشگێرەکانی شاخ.

