ئاشکرایە کە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسی(سەردەشت عوسمان) یەکێکە لەو ەوڵە ترسناکانەی کە دەدرێت بۆ سنوردارکردنی ئازادی را دەبڕین لە هەرێمی کوردستاندا. هەر لە سەرەتاشەوە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان و نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندان و خەڵکانی ئازادیخوازی کوردستان لەسەر ئەم تیرۆرکردنە ناڕەوایە هاتنە دەنگ، بەڵام ئەوەی هەست دەکرێت هەوڵەکان تا ڕاددەیەک پەرش و بڵاوی پێوە دیارە. بۆیە پێمان باش بوو کە هەوڵەکانمان لە چوارچێوەی کەمپێنێک رێکبخەین، بۆ کارکردنی بەردەوام لەسەر کەیسی شەهید(سەردەشت عوسمان).
ئێمە وەکو دەستەیەک نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسانی ئازادیخواز لە شاری هەولێر کەمپینێکی نوێ رادەگەیەنین بەناوی(کەمپینی شەهید سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی را دەربڕین) و هەموو هەوڵەکانمان چڕ دەکەینوە بۆ کارکردنی بەردەوام لەسەر ئەو کەیسە و ئازادی بیروڕا لە سەرانسەری دونیا بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.
ئاشکرایە کە تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی ئەوتۆ نەدراوە بۆ ئاشکرا کردنی بکوژانی شەهیدی رۆژنامەنووس و خوێندکار(سەردەشت عوسمان)، ئێمە جگە لەوەی نیگەرانین لەو کەمتەرخەمییانەی دەزگاکانی ئاسایشی و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ و تەواوی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، پێمانوایە مەترسی لەسەر ئازادی را دەربڕین هەیە لە هەرێمی کوردستان و دەبێت هەموومان کار بۆ فراوانترکردنی ئازادییەکان بکەن. هەروەها هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆئەوەی کەیسی تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) بە کراوەیی بمێنێتەوە تا ئاشکراکردن و بە سزا گەیاندنی تاوانباران.
لێرەوە بانگەوازی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان و رۆژنامەنووسان و هەموو کۆمیتە و کەمپینەکانی (سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی) لە دەرەوە و ناوەخۆی کوردستان دەکەین هەموومان هەوڵەکانمان لە یەک کەمپین و رێکخراوی سەرانسەری و فراوان چڕ بکەینەوە لەپێناوی بەئەنجام گەیاندنی دۆسیەی شەهیدی رۆژنامەنووس(سەردەشت عوسمان) و بە ڕەسمی ناسینی ئازادی رادەربڕین لە کوردستان.
لەڕێی ئەم راگەیاندنەوەی ئەوە رادەگەینین کە ئامانجی سەرەکیمان ئاشکراکردن و دادگایی تاوانباران و بکوژانی شەهید سەردەشت عوسمان و بە رەسمی ناسینی ئازادی رادەربڕینە لە کوردستاندا کە ئەوە ئامانجێکی سەردەشت و هەموو سەردەشتەکانی ترە. هەروەها ئامانجێکی دیکەمان کارکردنە بۆ تەواو بوونی پەیکەری (ئازادی شەهید سەردەشت عوسمان) و دواتریش لەسەر بەچاپ گەیاندنی پەرتوکێک کار دەکەین کە تەواوی نووسینەکانی شەهید سەردەشت و ئەو نووسنانەش کە لەسەر تیرۆرکردنەکەی نووسراون لەخۆ دەگرێت. جگە لەمانەش چەند پرۆژەیەکی دیکەمان دەبێت بۆ داهاتوو. سوپاسی هەر کەسێکیش دەکەین ئەگەر هاوکاریمان بکات. جا چ لە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ پەیکەرەکە یاخود لە کارەکانی دیکەمان.
کەمپینی”سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەبڕین” لە شاری هەولێر