خۆمان لەو راستیە نابێت لابدەین بەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی نەگۆڕی مێژوویی شکستخواردوودا گیری خواردووە، بە جۆرێک هێشتا بەشێکی گەورەی ئەقڵییەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە قۆناغی خێڵ و هۆز و ناوچەگەرێتیدا دیلە و نەیتوانیوە بەرەو ئاسۆی بەرفراوانی هاوڵاتیبوون هەنگاو بنێت و نازناوی عەشیرەتێکی بە ناوەکەیەوە نەنوسابێت یان شانازی پێوە نەکات . ئەم دۆخە نەک تەنها بووەتە هۆی پەکخستنی یەکگرتوویی نیشتمانی، بەڵکو تۆپەڵبوونی خێڵەکی و دابەشبوونی ئیرادەی گەلی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە بە تێپەڕبوونی کات، بووەتە بەربەستێکی هێڵکاری لە بەردەم دروستبوونی ناسنامەی سەرتاسەریی کوردیدا و سەرهەڵدانی خێلگەرایی و بچوککردنەوەی کورد لە خێڵەکاندا.
لەم پانتاییە سیاسییەدا، مێژووی جوڵانەوەکانی کورد لە سەدەکانی ڕابردووەوە تا ئێستا، لەبری ئەوەی ململانێیەکی ڕەوای نیشتمانی بێت دژی دوژمن، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کێشمەکێشی نێوان میر و هۆز و عەشیرەتەکان بووە بۆ سەپاندنی هەژموونی یەکتر لەناوچەکەی خۆیاندا، کێ لەئێمە خیانەت و شەر و کاولکاری ناوخۆی میر و عەشیرەتەکانی نەبیستووە؟
ئەم نەریتە کۆن و ململانێیە ئێستا لە فۆرمێکی تازەتردا لە نێوان هەردوو زۆنی سەوز و زەرددا بەرجەستە بووە، کە تێیدا هەردوو خێڵی بارزانی و تاڵەبانی، دەسەڵات وەک میراتێکی تایبەتی باوانی خۆیان دەبینن. ئەوان نەک تەنها خۆیان بە سەرداری ڕەهای هەموو دەستکەوتەکان دەزانن، بەڵکو لە ئاست هەر تاوان و خیانەتێکدا کە بەرامبەر بە نیشتمان ئەنجام دراوە، پەرێزی خۆیان بە پاکی دەردەخەن، لە کاتێکدا غەرقن لە تاوانی نیشتمانی و هۆکاری سەرەکیی برسیکردن و دەربەدەرکردنی تاکی کوردن.
ئاسۆ زۆر ناڕوون و لێڵە وە زۆر مەحاڵە لە سایەی ئەم عەقڵیەتە بنەماڵەییانەدا، خەونی دەوڵەتبوون و یەکبون و درەوەشانەوەی بەختی کورد ببێتە ڕاستی، چونکە ئەوان کوردستان وەک نیشتمانێک بۆ گشت هاوڵاتیان نابینن، بەڵکو وەک موڵکێکی تایبەتی و کێڵگەیەکی ئابووری بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەڕواننە خاک و خوێنی ئەم گەلە. لە کاتێکدا دۆزی کورد لە ئاستی جیهانیدا پێویستی بە دیدگایەکی نیشتمانیی سەردەمیانە و دامەزراوەیی هەیە.
ئەم دوو بنەماڵەیە بە تاپۆکردنی ناوی کوردستان لەسەر ناسنامەی خۆیان، نەک تەنها دەرفەتەکانی پێشکەوتنیان کوشتووە، بەڵکو تاک و گەلی کوردیشیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تووشی جۆرێک لە ئابڕووچوون و بێ متمانەیی و دابران کردووە. ئەوان پێش ئەوەی کورد بن، وەلائیان بۆ خێڵەکانیانە و پێش بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، بەرژەوەندیی ماڵ و کۆمپانیاکانیان دەخەنە سەرووی هەموو شتێکەوە لەکاتێکدا .
سیاسەتی بەبنەماڵەکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و نوێنەرایەتیکردنی دەرەوە، و گۆڕینی ناوی شوێنە ستراتیژی و گشتییەکان، بەشێکە لە هەوڵێکی بەردەوام بۆ شەرعییەتدان بە هەژموونی بنەماڵە و کەسایەتیەکانی بنەماڵە و حیزبەکان بەسەر ویژدانی گشتییدا. تازەترەین نموونە، گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بوو بۆ ناوی جەلال تاڵەبانی، ئەمە نەک تەنها دەستدرێژییە بۆ سەر سیمبوڵە گشتییەکان، بەڵکو سووکایەتییەکی ئاشکرایە بەو شارە و مێژووەکەی، ئەمە نمونەیەکە لەو خەرمانە زوڵمەی کە بەسەر کوردیان هێناوە و خەلک و خاک و خەباتیان کردووە بە قوربانی ناوی بنەماڵەکانیان، ئەمەش دوژمنکارییەکی ڕاستەوخۆیە بەرامبەر بە سیمای گشتیی نیشتمان و ناساندنی کورد وەک دەشتەکی و خێڵەکی کە هاوزەمان نیە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم ، کە بەداخەوە خەڵکیش لە ئاست ئەم تاپۆکردن و بە بنەماڵەکردنی نیشتمانەدا لە حاڵەتی بێدەنگیدان.
ئەو نەهامەتی، هەژاری و بێ هیواییەی ئەمڕۆ ڕووی لە هاوڵاتیانی کوردستان کردووە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو عەقڵیەتەیە کە کوردستان وەک هۆکارێک بۆ مانەوەی بنەماڵەکان بەکاردەهێنێت. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کورد لە هەموو بنەماڵەکان گەورەترە و کاتی ئەوە هاتووە ئەم گەلە لەو دیلێتییە ڕزگاری بێت؛ چونکە بە فیعلی نیشتمان لەسەر ناوی بنەماڵەکان تاپۆ کراون و لەسەر بنەمای ناوچە و عەشیرەت دابەشکراوە ، بۆیە ئەمە رەشبینی نیە کە بلێین هەرگیز کوردستان لەسایەی ئەمانەدا نابێتە دەوڵەت.

