بۆچی تاقم و حیزبی کوردی ئاوێنەی داخوازییەکانی کورد نەبوون و نین؟!
مێژووی یا قۆناغە مێژووییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد، ڕۆشنبۆتەوە و ئێمە دەتوانین، کەسایەتییە حیزبییەکان، تاقمەکان، دەستە سیاسییەکان، بازرگانەکانی جەنگ، قاچاخچییەکانی کوردایەتی، خاوەن کۆمپانیا سیاسییەکانی حیزبەکان و....هتد بە هەموو وردەکارییەکانیانەوە، باس بکەین و ماوەیەکی دوورودرێژە لەم باسانەکراوە و بەتایبەت دوای تەقینەوەی شۆڕشی دیجیتاڵی، ئێدی شڕوشیتاڵی هەموو ئەو شتانەی کە جاران شاردراوە بوون، ئێستا ئاشکرابوون و کەس ناتوانێ(مەبەست ئەوانەی سەرەوەیە) کە خۆیان حەشاربدەن و پەنامەکی کارگەلێک بکەن و کەس نەیان زانێ، بە واتایەکی تر، تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو ئەوانەی ڕووت و قووت کردۆتەوە و گەڵای داری هەنجیریش دادیان نادات کە خۆیانی پێ پۆشتە بکەنەوە. ئێستا دنیا و هەرچی تێیدایە بە ڕووت وقووتی، لەسەر شانۆکە و لەسەر پەردەی سینەماکە و لەسەر شاشەکانی دەیان ملیار موبایل، کۆمپیوتەر، تابلێتی دەستی منداڵانیش، دەبینرێن.
هەڵبەتە ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە و دەسەڵاتەوە، بە قازانجی ملیاردە ژێردەستەکەی مرۆڤایەتییە، لە ناویاندا بەتایبەتی نەتەوەکەی من، نەتەوەی کورد. چوونکە نەتەوەکەی من نە جارێک، دەیان و ئەوا دەچێت بۆ سەدان جار، سیاسییە بازرگانەکانی دەستیان کرد بە زاخدا و تەفرەیاندا و چاووڕاویان لێکرد و خۆیان لێ نەبانکرد.
ئێمە دەزانین، بەر لە قۆناغی حیزب- حیزبێنە، نەتەوەی کورد توند و تۆڵ پێکەوە گرێدرابوو، شەڕیان دەکرد، لێکیاندەدا، بەڵام ڕایەڵەی کوردبوونیان هەرگیز لێک نەدەترازا، بۆچی ئەو بەرگرییە بێوێنەیەی کە کورد لە خۆیی و لە نیشتمانەکەی کرد، هەر لە خۆڕا و هەڕەمەکی هاتە کردن؟! دوو هاوسێی کورد ڕەنگ بێ حەزیان لە چارەی یەک نەکردبێ، بەڵام هەردووکیان لە ناو هەمان کلتووردا دەژیان و بەو کلتوورە دەژیان، وەک یەکیان دەپۆشی، بەهەمان زمان دەپەیڤین، وەک یەک زەماوەندیان گەرم دەکرد، وەک یەکیش گۆرانیان دەچڕی. بیژمێرە بزانە ژمارەی هاوبەشییەکانیان چەند بووە!!!.
لە دوای هاتنی بیری بێگانە و دروستکردنی حیزبەوە، بەتایبەت و بە خەستی لە شەستەکانی سەدەی ڕابووردوەوە، گرفتێکی گەورەی ئەم حیزبانە ئەوە بوو، کە زۆرینەیان، حیزبی نەتەوەیی نەبوون، بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی خۆیان بە گرفتارییەکانی (سنەوە) خەریک بکەن، کەچی لە سەر (مۆسکۆ) دەبووە دەمەقاڵەیان و دەیبردن بۆ لەیەکدان!!!. باسی بنەماکە دەکەم کە دەچێتە قاڵبی تیۆرییەوە. بۆم ڕۆشن بۆتەوە تا تیۆرییەکان لە ناو گەلێکدا، ئەویش دابەش و داگیرکراو، وەکی کورد کە (ڕەنگە لە ڕووی باری دابەشکردنەکەیەوە بەو جۆرە تەنیا نموونەی دنیاش بێت) زۆرتر بێت، گرفتاریی زیاتری بۆ دروست دەکات و لە خۆی دووری دەخاتەوە. چوونکە تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەی سەر بە مرۆڤ بوونە و باسی ژیانی مرۆڤ دەکات، دەتوانم بە کۆمەڵێک چاویلکە یان کۆمەڵێک کلیل بیانچوێنم کە:
- کلیلی مارکسیستەکە، هەر دەرگای ئابووری پێدەکرێتەوە و هەر لە ڕاونگەی ئابوورییەوە کۆمەڵگا دەیبینێت و شەڕی ئابووری چینەکانی ناو کورد، گەرم دەکات.
- کلیلی فەمینیستەکە، هەر دەرگای گرفتارییەکانی ژن دەکاتەوە و هەر کێشەی جێندەری و باسی ژن دەبینێت.
ئەگەر وەک چاویلکەیەکیش بۆ تیۆرییەکان بڕوانین، ئەوا تیۆرییەکان، دەشی ڕەنگی جیهانمان پێشان بدەن، بەڵام جیهانە ڕیالیستییەکە خۆی ئەو ڕەنگە نییە، ئەگەر چاویلکەی سوور(مارکسیزم)ی لە چاودا بێت، هەموو شتێک بە ململانێی چینایەتیەوە دەبینێت، ئەگەر چاویلکەی سەوزی لە چاودا بێت، ڕەنگە هەموو شتێ بە ململانێی نێوان ئایدیۆلۆجیاکان ببینێ، لە ناویاندا ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە لە خۆی کردووە بە ئاین.
• بۆچی تیۆرییە زۆرەکان زیان لە نەتەوەی کورد دەدەن؟!
- داڕنینی تێۆری لە چوارچێوە مێژووییەکەی: بۆ نموونە تێۆرییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژئاوا، بەرهەمی گرفتاریی و قۆناغی مێژوویی خۆیان بوون، قۆناغەکانی: شۆڕشی پیشەسازیی، نەمانی دەرەبەگایەتی و سەرکەوتنی سەرمایەداریی، کاتێک ڕوشنبیری کورد(!!!)، ویستی ئەم تیۆریانە بێنیت و بەسەر کۆمەڵگایەکی دابەشکراو و داگیرکراوی تا ڕادەیەکی زۆر پەرتی وەک کورددا جێبەجێی بکات، کارەساتی خوڵقاند.
- پەرشووبڵاوبوونەوەی تواناکان و وەک پرۆکسی، شەڕی هزرەکان، کردن
لە جیاتی ئەوەی ئامانجی سەرەکی (ئازادبوون لە داگیرکاریی، دابەشکردن، هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و پاراستنی بوونی نەتەوەیی) بێت، کەوتنە شەڕی یەکتر لە سەر ئایدیۆلۆجیای جیاواز، کە ئەمەش هەموو تواناکانی کوردی بە فیڕۆدا و لە بنەڕەتی مەسەلەکەی خۆی دووریان خستەوە و دوژمنایەتی گەورەیان لەنێوان نەتەوەکەدا بە خۆینی یەکتر بەرهەمهێنا و نەتەوەکەیان دابەشکرد.
• یەکێک بەناوی مارکسیزم و ئینتەرناشناڵەوە، دژی ڕزگاریی نەتەوەیی دەوەستایەوە.
• یەکێکی دی بە ناوی لیبرالیزمەوە، هیچ گرنگی بەو پارچەبوونە ناو خۆییەی کورد نەدەدا.
• سەرەنجام ئەم تیۆریانە بوونە ئامڕازیی لێکدابڕانی زیاتری نەتەوەکە و شەڕی ناوخۆیی، لە جیاتی ئەوەی کە ببنە ئامڕازیی شیکاریکردن و هەڵهینجانی لایەنگەلێک کە بە سوودی پێشوەبردنی مەسەلە ئازادیخوازییەکەی نەتەوەکە بێت، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نەتەوەی کورد، بەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانەکەیی و بەو ستەمە گەورە و درێژخایەنە مرۆییەی کە لێی دەکرێت، وەک یەک دەنگ نەبیسترێ و بە پێچەوانەوە، هەر جارەی لە لایەنێکەوە بکرێنە ئامڕازی جێبەجێکردنی بەرژەوەندی جودا و وەک پڕۆکسی و بەکرێگیراوی کاتی، بەرژەوەندیی و ئەجندای دەرەکی هەڵیان بسووڕێنێ.
• خۆ لەبیرچوونەوە
بەهۆی سەرقاڵییەوە بە تێۆرییە هاوردەکراوەکان، تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە و دروست بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کورد، ئایین، خێڵ و شپرزەیی دەروونیی (مرۆڤی داگیرکراو) دروست نەبوو، بەڵکو سەرکردەیەتی حیزبەکانی ویستیان نەتەوە داگیرودابەشکراوەکە، بە جۆرێک (فۆڕمات بکەن) کە لەگەڵ کتێب و تێۆرییەکاندا بگونجێت، واتە گومڕاکردنی نەتەوەکە و دوورخستنەوەی لە ئەرەکە نەتەوەییەکەی، کە ئازادبوونییەتی.
• تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان ئامڕازی بیرکردنەوەن، نەک باوەڕی ئاینی، بۆ گەلێکی وەکی کورد، تێۆری کاتێک بە سوودە کە:
- مامەڵەیەکی ڕەخنەگرانەیان لەگەڵ بکرێت، بە سوودی پێشبردنی مەسەلە نەتەوەییەکەی.
- لە خزمەتی تێگەیشتن، لە واقعی داگیرکاریی و دابەشکارییەکە و بنەما کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەکەدا بێت، نەک نەتەوەکە تەفرەبدەین و بیکەینە خزمەتکاری تێۆرییەکان.
• نموونەیەک:
هاوبەشییەکانی کڕیکارێکی کورد لە (بانە) و کرێکارێکی فارس لە (ئەسفەهان)، دەتوانی کرێکارە فارسەکە بکەی بە ترک، حاڵی کرێکارە کوردە ناگۆڕێ
ئەم دوو مرۆڤە، لەیەک شتدا هاوبەشن: ئەویش ئەوەیە هێزی خۆیان بۆ بەرهەمهێنان بە (کرێ) دەدەن بە کەسێکی تر، لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکدا، کاتی/ درێژخایەن.
جیاوازییەکانیان:
1- کرێکارە کوردەکە داگیرکراوە.
2- زمانی کرێکارە کوردەکە کوردییە.
3- باوەڕیان وەک یەک نییە.
4- کرێکارە کوردەکە کە زمانی دایکی کوردییە ناچار کراوە شەش پۆل قوتابخانە بە فارسی بخوێنێ، کە زمانی دایکی کرێکارە فارسەکەیە.
5- کرێکارە کوردەکە، چەند جارێک لەسەر ناڕەزایی بەندکراوە و لەلایەن جەلادێکی فارسەوە، ئەشکەنجەدراوە و سووکایەتی پێکراوە، ئەو جەللادە ئامۆزای کرێکارە فارەسەکەیە و خەڵکی ئەسفەهانە.
6- کرێکارە کوردەکە چەندین جار لەسەر کوردبوون و زمان و پۆشاکەکەی، سووکایەتی پێکراوە، لە بۆنە جیاوازەکاندا، لە فیلم و سریاڵەکانیاندا لە کەنالە تەلەڤزیۆنییە فەرمییەکانی فارسەکانەوە.
7- کرێکارە کوردەکە، ماڵی باوانی لە گوندەوە ڕاگوێزراون، چوونکە گوندەکەیان خاپوورکراوە و باخە سەوزەکەی ماڵی باوانی سوتێنراوە.
8- کرێکارە کوردەکە، هەست بە داگیرکردن دەکات و هەمیشە شپرزەیە چوونکە نە ژیانی مسۆگەر و نە ئاسایشی گیانی دەستەبەرە، ڕەنگە لەهەر ڕووداوێکی ئاسایشدا، بە بەهانەیەکی هەروایی، لێپرسینەوەی توندی لێ بکەن و زیندانیشی بکەن، ئەوە ئەگەر لە سەفەرێکی کۆڵبەریدا نەشی کوژن.
9- کرێکارە کوردەکە ناچارە ڕۆژانە لەبەر داگیرکراوی خۆی، ڕاهێنانی دەربازبوون و خۆشاردنەوە و قووتاربوون، ئەگەر زهنیش بیت، ئەنجام بدات، بۆ ڕۆژی مەبادا، (ترسێکی بەردەوام).
10- کرێکارە کوردەکە، بە تێپەرینی زەمان، هەستێکی قووڵی داگیرکراویی و دابەشکراویی لا دروست بووە و وەک ئازارێکی نەبڕاوە، گێنگڵی پێدەدات، ئەم ئازارە زۆرینەی جاران ناخی ماندوو دەکات و ترسێکی بەردەوام لە (سبەی) کە نادیارە، تووشی خەمۆکی دەکات و هەر ڕۆژەی بەسەر ڕووداوێکی لە سێدارەدان و زیندانیکردن و ڕاودوونانی کچە کوردێک، کوڕە کوردێکی ناسیاوێک، هاوسێیەک، خزمێک، هاو شارییەک و هاو نیشتمانییەکەی خۆیدا دەکەوێت و ڕۆژەکەی لێ تاڵ دەکات.
11- کرێکارە کوردەکە هەندێک جار وێنەیەک دێتە بەر پەردەی زەینی، دەبینێ کرێکارە فارسەکە، چنگی لە قژی کچێکی کورد گیرکردوە و بە دوای خۆیدا کێشی دەکات، ئاخر ئێستا کرێکارەکەی هاوڕێی!!! پاسدارێکی شۆڕشی ئیسلامیی و پارێزەری یەکپارچەیی خاکی ئێرانە و هاتووە دژ بە کوردە جودایخوازەکان بجەنگێ.
12- کرێکارە کوردەکە کچێکی ژیر و ژیکەڵەی هەیە، ڕۆژێک بە باوکی گووت: بابە گیان، ڕۆناکبیر، مەلای مزگەوت، مامۆستای قوتابخانە، فەرمانبەری فەرمانگەی سەبتی ئەحواڵ، سەربازێک، پاسدارێک، خوێندکارێک، دەنگبێژێک و نووسەرێک و مامۆستای زانکۆیەکی ئێرانیی، خەونی ئێرانی گەورە دەبینن، با بەڕشتنی خوێنی تۆی کرێکاری کوردیش بێت، کرێکارە کوردەکە، ئەم قسەیەی کچەکەی خۆی چەندین جار لەو تەمەنە پڕ لە ستەمەی خۆیدا هەم بە چاوی خۆی بینیوویەتی و هەم ئازارەکەی لە ڕاستەقینەدا چەشتبوو.
ئا لەم هەموو مەحاڵانەی ژیانی کرێکارێکی کورد و هەر تاکێکی تری کورددا، کە هەستی بە داگیرکارییەکە کردبێ و ئازاری دابێ:
حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، بەناوی نەتەوەیەک و دەوڵەتێکی ڕگەزپەرستەوە، پاشکۆیەکیان بە حیزبەکەی خۆیانەوە نووساندووە و شانازی پێوەدەکەن و لە کەناڵ و مێدیا و کۆنفراسەکاندا بە ناوی نەتەوەیەکی داگیرکراوەوە و بەم پاشناوە ناکوردیی و دژە کوردەوە خۆیان پێناسە دەکەن.
لە ئێستای بارودۆخی داگیرکراویی نەتەوەکەماندا، ئەم شتانە جێگای شانازین و دەبێ کورد ئاوابێت:
ئ - کورد بوون وەک بوونێکی مرۆیی بەنرخ دەبینێ و لێی هەڵنایەت.
ا - کوردایەتی وەک فەلسەفەی خوشویستنی کورد و تێکۆشان بۆ ئازادی کوردستان.
ب - بینینی هەموو ڕووداوەکان بە چاویلکەی نەتەوەکەی خۆی.
پ - بەهەر جۆرێک توانی، بواری هەبوو، لە پێناوی ئازادی کوردستاندا، پاراستنی کوردەکەی تردا، وشیارکردنەوەیی نەتەوەیی و پشتیوانی تاکەکانی کوردستاندا لە تێکۆشانێکی بەردەوامدا بێت.
ت - کوردبوون، دەخاتە بەر لە هەموو بڕوا، مەرام و بەرژەوەندیەکی تایبەتی/ کەسێتی، ترەوە.
ج - باوانی کوردستانی، کچی ویستی زەماوەند و هاوژینی بکات، حەز دەکات لەگەڵ کوڕێکی کوردستانی جوامێر و ئازادیخواز زەماوەند و هاوژینی بکات. پاراستنی یەکەی خێزانی کورد ئەرکێکی نەتەوەییە.
چ - باوانی کوردستانی، ئەگەر کوڕی ویستی زەماوەند و هاوژینی بکات، حەز دەکات لەگەڵ کچێکی کوردستانی دلێر و ئازادیخواز زەماوەند و هاوژینی بکات. پاراستنی یەکەی خێزانی کوردیی ئەرکێکی نەتەوەییە.
ئەم دوو خاڵەی دوایی کە تەئکیدی لەسەر دەکەمەوە، هێشتنەوەی کچ و کوڕی کوردە، لەناو کلتوور و ژیانە کوردییەکەدا، کە کچان و کوڕانی کورد، دەبێت بە مەسەلەی ئازادکردنی نەتەوەکەوە خەریک بن، نەک وابەستەیی خێزانیی سەر بە نەتەوەیەکی تر(حاڵەتەکە ئەو چوار نەتەوە داگیرکەرەی کوردستان دەگرێتەوە لە پلەی یەکەمدا، کە تێکەڵبوون بەوان لە حەرامە کوردییەکانە).
خۆیاتر وردی دەکەمەوە:
• تواندنەوەی بێدەنگ (ئاسیمیلاسێۆن)
ئەم بابەتە دوو ڕووی سەرەکی هەیە کە پێویستە بە وردیی و قووڵ باسی بکەم: ڕووی سیاسی/ نەتەوەیی و ڕووی مرۆیی/ تاک.
١- لە ڕووی نەتەوەیی و پاراستنی ناسنامەوە (مەترسیی تواندنەوە)
لە ڕوانگەی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییەوە، مەترسی گەورە دروستدەکەن:
- زمانی دایک: لە هاوسەرگیرییە تێکەڵەکاندا لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکان، بەهۆی باڵادەستیی سیاسی و میدیایی زمانی ئەو نەتەوانە، زۆر جار زمانی کوردی لە ناو خێزاندا دەبێتە قربانی و منداڵەکان بە زمانی دایک (کوردی) قسە ناکەن.
- کەلتوور و ناسنامە: کاتێک هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەک باڵادەستتر بێت، پرۆسەی توواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) بە بێدەنگی لەسەر ئاستی خێزاندا ڕوودەدات.
- مێژووی جوودا: جیاوازیی ڕوانگە بۆ مێژوو و بزووتنەوە رزگاریخوازییەکان لەوانەیە لە داهاتوودا ببێتە هۆی دروستبوونی گرفت بەتایبەت بۆ منداڵەکان.
٢- لە ڕوانگەی مافی مرۆڤ و پەیوەندییە کەسییەکانەوە:
سەربەخۆیی تاک: هاوسەرگیری بڕیارێکی تەواو کەسییە و لەسەر بنەمای خۆشەویستی، لێکتێگەیشتن، ڕێزگرتن و بەها هاوبەشەکان، دەدرێت، نەک تەنها ناسنامەی نەتەوەیی! ئەمە ڕاستە بەڵام لە حاڵەتی کورددا بە درێژی لە خوارەوە باسی دەکەم.
٣- جیابوونەوەی مرۆڤەکان لە ڕژێمەکان: بانگەشەی حیزبەکانە و زۆر جار نموونەیەکی تاک بۆ سەلماندنی قسەکانیان دەکەنە دەستاوێژ و دەڵێن: تاکەکانی ناو نەتەوە سەردەستەکان هەموویان هاوشێوەی دەسەڵاتە سیاسییەکانیان بیرناکەنەوە!!!. کوڕی هاوسێکەمان ژنەکەی فارس بوو، زۆر بەڕیز بوو، یا فڵانە پێشمەرگەی فیسارە حیزب، فارس و ترک بوو، لە ئێمەی پێشمەرگەی کورد دڵسۆزتر بوو، تەنانەت لە کوردستانیش لە شەڕیکدا( شەهید) بوو!!! ئەمانە لەهەر چوار دەڤەرەکەی کوردستان هەبوون و دانسقەبوون. هەرگیز ڕووداوێکی تاک و تایبەت، کەسێکی تایبەت، لە ئامار، ستاتستیک و تەنانەت تاقیکردنەوە زانستییە لابراتۆرییەکانیشدا، ناکرێنە بنەمای پڕۆسەیەکی ئاوا زەبەلاحی تواندنەوەیەکی بەبەرنامە، لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوەیەکی وەک کورددا. ئەوەی من باسی دەکەم، پرۆسەیەکی سیستەماتیکی ٢٤ کاژێر پەیڕەوکراوە، بە پشتیوانی هێزی زەبەلاحی سەربازی، ئابوورییەکەی زەبەلاح و دبلۆماسییەتێکی نێودەوڵەتانەوە، تەنانەت بە پشتیوانی نەک تیۆرییە زمینیەکانی دەسکردی مرۆڤ خۆیەوە، بەڵکو بە پشتیوانی ئەو کتێبەش کە دەڵێن ئاسمانییە و گەورەترین کۆمەڵکوژی کورد لە ژێر سێبەری ئەم کتێبە ئاسمانییەدا کراوە، ئەمە لە وڵاتی داگیرکراوی کوردستاندا ڕوو دەدات، بە هاوبەشی زلهێزەکانی جیهان و دیمۆکراسی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە. کوردستان و نەتەوەی کورد تەنانەت کراونەتە تاقیگای نوێترین چەکە داهێنراوەکان. مەگەر وانەبووە/ نییە؟!.
٤- پردی پەیوەندی: دەڵێن لە هەندێک حاڵەتدا، هاوسەرگیریی تێکەڵاو ئەگەر لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش بێت!!!، دەکرێت ببێتە پردێک بۆ تێگەیشتنی زیاتری نەتەوەکانی تر لە کێشەی ڕەوای کورددا، بە لاوازی ئەم بۆچوونەوە، ئەگەر کچ یا کورە کوردەکە وشیارییەکی نەتەوەیی قووڵی هەبێت، دەتوانێ کاریگەر بێت، بەڵام تێکەڵیی خێزانیی لەگەڵ نەتەوە سەردەستەداگیرکەرەکانی کوردستان، بەرهەمی پێچەوانەی دەبێت، لە خوارەوە باسی دەکەم.
• دەرئەنجام
پەیوەندیی خێزانی و هاوسەرگیری لەگەڵ نەتەوەکانی تر(جگە لە نەتەوە داگیرکەرە سەردەستەکان لە کوردستاندا) لە خۆیدا نە (خراپ)ە نە (باش)ە، مەبەستم پرۆسەی هاوسەرگیرییەکەیە وەک کردەیەکی مرۆیی، ئەگەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکە بڕیار بدات.
گرنگترین ئەو خاڵانەی کە پێویستە ڕەچاو بکرێن لە پەیوەندی هاوسەرگیریی کچان و کوڕانی کورددا بریتیین لە:
١- پاراستنی ڕێزگرتنیی یەکسان: ئایا هاوسەرە ناكوردەکە ڕێز لە ناسنامە، زمان و مێژووی کورد دەگرێت؟!.
٢- پەروەردەی منداڵ: ئایا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی منداڵەکان فێری زمانی کوردی ببن و لەو ڕێگەیەشەوە هەست بە ناسنامەی کوردبوونی خۆیان بکەن؟!.
٣- وریابوون سەبارەت بە تواندنەوەی لەسەرخۆ و نادیار: ڕەچاونەکردنی بەها کوردییە کلتوورییەکانی خۆت، بۆ ڕەزامەندی لایەنی بەرانبەر، نیشانەی پرۆسەی توواندنەوەیە.
٤- پاراستنی ناسنامەی کوردی لەڕێگەی بەهێزکردنی کلتوور و وشیاریی نەتەوەیی، زمان و زانستەوە دەکرێت، بێ ئەوەی دەرگای پەیوەندییە مرۆییە دروستەکان بەڕووی مرۆڤە دۆستەکانی تردا دابخەین.
واقیعێک هەیە کە زۆربەی خێزانە کوردەکان لە دەڤەرە داگیرکراوە جیاوازەکانی کوردستاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بە تایبەت لە دوو دەڤەری باکوور و ڕۆژهەڵاتدا. چوونکە لەم دوو دەڤەرەی کوردستان سیاسەتی توواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) تەنها بریتی نەبووە لە بڕیاری سیاسی لە سەرەوە، بەڵکو لە ڕێگەی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە خێزانییەکانیشەوە بە پلانی دیاریکراو و نەخشە بۆ کێشراو کاری جددی لەسەر کراوە. مزگەوتەکان، کۆمەڵە مەدەنییەکان، چاپوبڵاوکردنەوە، سینەما، قوتابخانە، بۆنەکان، ناو لێنانی منداڵان* دەزگا تەندروستی و پیشەسازییەکان کە لە کوردستاندا بە تەوای پشتگوێ خراون، ڕادیۆ و تەلەڤزێۆن، بانگەشەی هوونەرەمەندان و ڕۆشنبیر و نووسەرانی نەتەوەی سەدەست، بۆڕبۆڕێنە وەرزشییەکان، جلوپۆشاک، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و... لەهەموویان مەترسیدارتر ئاسایشی ژیانی تاکی کورد، کە هەمیشە لە مەترسیدا بووە، ئەمانە هەمووی بە بەرنامەیەکی ڕەگەزپەرستی زۆر ورد، کاری لەسەر کراوە و بە پشتیوانەیەکی گەورەی ئابووری- سەربازیی پێشخراوە. چوونکە لە بیرکردنەوەی دەوڵەتنەتەوەی سەردەستدا، کوردستان دەڤەرێکی ئەمنی- سەربازییە و بە یاسا ئەمنی و سەربازییەکان بەڕێوە دەبرێن!!!.
• کە سەرنجم لەو ئەزموونە واقیعیانە دا، چەند راستییەکم بۆ سەلمێندران:
- هاوسەنگیی هێز لە ناو خێزاندا: لە کاتی نایەکسانیی سیاسی و کلتوریدا (بێلایەنی) لە ناو خێزاندا بوونی نابێ. کاتێک دەوڵەت، میدیا، سیستەمی پەروەردە و ئابووری بە زمانی نەتەوە سەردەستەکەن، زمانی کوردی و ناسنامەی کوردی بێ پشتیوان و تەنیا دەمێننەوە. لە ئەنجامدا، تەنانەت ئەگەر لایەنی بەرانبەر بڵێین مەیلی شۆڤێنیستیشی نەبێت، دیسانەوە کلتوور و زمانە بێ پشتیوانەکە (زمانی کوردی) زیانی بەردەکەوێت و فەرامۆشدەکرێت.`
- فشاری کۆمەڵایەتیی: زۆر جار ئەگەر هاوسەرەکان لەسەر ئاستی کەسی لێکتێگەیشتنیشیان هەبێت، گوشاری خێزانەکانیان، دابونەریت، ڕوانینی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتیی نەتەوەی سەردەست، سەرەنجام ئاڕاستەی پەروەردەکردنی منداڵەکان بەلای کلتوورە باڵادەستەکەدا دەبات.
- خەیاڵی ڕۆمانسیانە: ئەزموونە مێژووییەکان لە کوردستاندا پێمان دەڵێن: کە ناتوانین بەتەنیا پشتبەستن بە (خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان) لە جیاوازییە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسییەکان چاوپۆشی بکەین، چوونکە کاتێک ئاڵۆزییەکی سیاسیی لە ناوچەکەدا سەرهەڵدەدات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییە کەسییەکانیش دەبێت. ىڕواننە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان.
• پاراستنی ناسنامە لە دۆخی (بێدەوڵەتی) دا ئەرکێکی نەتەوەیی زۆر قورسە و بارگرانییەکەی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی تاک و خێزانەکان. ئاگاداربوون لەم مەترسییانە و قسەکردن لەسەریان لەسەر بنەمای ئەزموونی ڕاستەقینە، نیشانەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە، نەک دەمارگیریی نەتەوەیی، وەک هەندێ لە (فشنبیران)ی کورد وێنە ئاوەژووەکەی بە لاوان و خێزانە کوردەکان پیشان دەدەن!!!.
کاتێک کچێک یا ژنێکی کورد خاوەنی وشیارییەکی بەرز و قووڵی کلتووری نەتەوەیی بێت، ڕۆڵەکەی تەنها وەک هاوژینێک ناگێڕێ، بەڵکو دەبێتە پەروەردەکارێکی وشیار وکارامە کە دەتوانێت دەستکەوتی بەرچاو بەدەستبهێنێت، بۆ نموونە:
- پاراستنی زمانی دایک: دایکی وشیار ڕێگە نادات زمانی کوردی لە ناو خێزانەکەیدا پەراوێز بخرێت، بە شێوازێکی زانستی و بەبێ دروستکردنی گرژی، زمانی کوردی دەکاتە زمانی یەکەمی پەیوەندی و خۆشەویستی لەگەڵ منداڵەکانیدا.
- گوێزانەوەی مێژوو و کەلتووریی نەتەوەیی: منداڵ لە تەمەنێکی بچووکدا چیرۆک، ئەدەب، هونەر و مێژووی ڕاستەقینەی گەلەکەی لە ڕێگەی دایکیەوە فێردەبێت، ئەمەش وای لێدەکات لە داهاتوودا بەرانبەر پروپاگەندە و گوشارە دەرەکییەکان خاوەن سۆزێکی نەتەوەیی بێت و بتوانیت بە بەڵگەی زانستییەوە بەرگری لە خۆیی و کلتوورەکەی دایکی بکات.
- ڕاگرتنی هاوسەنگی و ڕێز: ژنی وشیار دەتوانێت بەبێ دەستبەرداربوون لە ماف و ناسنامەی خۆی، ڕێز لە خەڵکانی بەرانبەریش بگرێت و ڕێگە نەدات ماڵەکەی ببێتە مەیدانی شەڕی سیاسی- ئاینی و ئایدیۆلۆجی، بەڵکو دەیکاتە ژینگەیەک کە تێیدا ناسنامە کوردییەکە بە باڵادەستی و سەربەرزانە دەمێنێتەوە.
لای من وایە کە: وەبەرهێنان لە پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی نەتەوەیی کچان و کوڕانی کورددا، بەهێزترین و کاریگەریترین چەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تواندنەوەی (ئاسمیلاسێۆن)ی بێدەنگ و نەخۆیا، چونکە وشیاریی نەتەوەیی هەستێکە زوڵال لە ناوەوەی تاکدا دروست دەبێت و بە هیچ گوشارێکی دەرەکی لەناونابرێت.
• کووردبوون و کوردایەتی
مامۆستای بیرمەندی کوردەواری مەسعوود محەمەد دەڵێت: " کوردبوون، بوونە، کەینوونەیە" واتە کوردبوون لەگەڵ لەدایکبوونی تاکێکی کوردا لەدایک دەبێت، بوونەکەی واتە کوردبوون، ناتوانێ لە خۆی دابماڵێ، ئەو تاکە دەتوانێ دەستبەرداری، بیروباوەڕی ئاینی، ئایدیۆلۆجی، ناوی خۆی و شتەکانی دەورووبەری ببێت، بەڵام ناتوانێ کوردبوون لە خۆی دابماڵی، یا خۆی لە کوردبوون دابماڵێ، چوونکە کوردبوون، بوونییەتی.
ئەم کوردەوارییە، لەماوەی ئەم سەدساڵەدا، کە کورد لە بەرەنگاریدا بووە بۆ ئازادی، بۆتە دوو بەشەوە:
١- کوردەواریی زۆرینەی نەتەوەکە ( کە ناسراوە بە کوردایەتی، بەڵام کوردایەتی فەلسەفەی بیرکردنەوەیە لە کوردەواری، کوردەواری هەموو بوونەکەی کوردە، بە مرۆڤ و نیشتمانەکەیەوە): بەهەموو خەسڵەتە سرووشتییەکانی خۆیەوە، بەردەوام بووە و هێز و توانای مانەوەی بە تاکی نەتەوەکە داوە، چوونکە بنەڕەتی بوونەکەیەتی.
٢- کوردەواری لە قوتووخراو(کوردایەتی ساختەی بنەماڵە)
کوردەوارییەکی فۆڕماتکراوە، لەگەڵ بۆچوون، خواست و مەرامی سەرکردەیەتی حیزبەکاندا گونجێنراوە. یەکێک لە بەربەستە هەرە مەترسیدارەکان بووە لە سەر بزووتنەوەی ئازادی نەتەوەکە، بەزۆری بەستراوەتەوە بە جموجووڵی ماڵباتێک و دووانەوە، بە تایبەت لە باشووردا، کە مەلایی و جەلالی خۆیان بە نوێنەری ئەم کوردایەتییە (ساختەیە) زانییوە و هێدی هێدی کردیانە کۆمپانییەکی بەبرە و بۆ دەستکەوتی ماددی بنەماڵەکانیان، بەتایبەت کە لە دوای ١٩٩١ە وە کەوتن بەسەر خەزنەی نەوتی باشووردا. ئەمان (سەرکردەیەتی حیزبەکان)، کە بنەڕەتی بیرکردنەوە و هەوڵیان نەتەوەیی نەبووە، بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر لە دەورییان، کە توانیبوویان قەناعەتیان پێ بکەن کە ئەوان نوێنەری کوردایەتی ڕاستەقینە دەکەن، زۆرینەی پێشمەرگەکانیان کە تامەزرۆی ئازادی کوردستان بوون، کەوتبوونە داوی ئەم (کوردایەتییە ساختەیەوە) و لە پێناوی ڕزگاری کوردستاندا(بەو تێگەیشتنەی کە بنەماڵە دەیانویست) گیانیان بەخشییوە، لەو سەرەتایانەشەوە ئەو سەرکردانەی کە بیرکردنەوەیان، لەسەر واقعی کۆمەڵایەتی و خواستی نەتەوەکە بووە، هەر زوو لەناو پلان و نەخشەی ئاڵۆز و نادیاردا کە هەرگیز ڕوون نەکرانەوە، گیانیان بەخشی.
جا ئەندامانی سەرکردەیەتییەک دەرکەووتن لە ناو حیزبەکاندا، کە شارەزای یارییە بازرگانییە پیسەکان ببوون، بەهۆی تێکەڵ بوون بە تۆڕی داگیرکەرانی کوردستانەوە، ڕاستەوخۆ: هەموومان دەزانین لە هەر قۆناغێکی شۆڕشەکاندا لایەکیان لای داگیرکەرێکی دەڤەرێکی کوردستان بووە و لایەکی تریان لای داگیرکەرێکی تری کوردستان، ناڕاستەوخۆ: تێکەڵبوونی ئەندامانی سەرکردەیەتی حیزبەکان بە تۆڕی بازرگانییە ڕەنگاوڕەنگەکانی داگیرکەرانی کوردستان، ئەمە بە ڕوونی دوای بەدەسەڵات گەیشتن لە باشووردا دەرکەوت، کەهەم بنەماڵەکان بوونە خاوەنی یەکەمینی بازرگانییە گەورەکان وەک نەوت و گاز، هەم ئەندامانی سەرکردەیەتی حیزبەکانیان بوونە خاوەنی بازرگانییەکانی تر و چالاکییە کۆمەڵایەتییکانی تر. لەناو ئەم کوردایەتییە ساختەیەدا و هەر بەناوی ئەو کوردایەتییە ساختەیەوە، کە بە قارەمانێتی، مێژوو، سیاسەت، ڕێباز و شتگەلی لەو جۆرە، بە نەتەوەکە فرۆشراونەتەوە، خیانەتەی نەتەوەیی کوشندە بەرانبەر بە تاک و کۆی نەتەوەکە کراوە و هەمووتان لیستەکە دەزانن و لە بیرەوەریتاندا تۆمار بووە، چوونکە زۆرینەتان تیاژیاون، یا خوێندووتانەتەوە و بیستووتانە. ئەم کوردایەتییە ساختەیەی سەر بە تۆڕی داگیرکارانی دەڤەرێکی کوردستان، بەهۆی دەوڵەمەندی و هەبوونی سەرمایەیەکی زۆری پەترۆدۆلاریی لە کوردستاندا کە ئەوان خاوەنین، دەستگەلێکی سووک و چرووک و نەفسنزم و نووقمبووی لە هەموو گەندەڵبوونەکاندا بەرهەمهێناوە، هەر لەکارگێڕانی دامودەزگاکانی دەسەڵاتەوە بگرە تا دەگاتە ناو کەسانی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی تر، وەک هوونەرمەندان(نووسینیش هوونەرە)، قەڵەمی لار، نووسینی خوار، هزری زڕ، بیرکردنەوەی ئاوەژوو و کە زۆریان بە گیرفانەکانیان دەنووسن نەک بەلێووردبوونەوە لە حاڵ و باری نەتەوەکە، بەرهەم هێناوە. سنوورە دەسکردەکەشی بڕیوە و خەڵکانێکی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش ئالوودەی ئەم (کوردایەتییە لە قووتوخراوە ساختەیە کردووە)، وێنەیەکی لە خۆی فۆتۆکۆپیکردووە و داویەتیە دەست ئەو (قەڵەمەخوارانەی ڕۆژهەڵات)، لە مەدا سەرکردەیەتییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆڵی گرنگیان بینیووە: خۆیان هەمان سیاسەتی( کوردایەتی لە قووتووی خراوی ساختەیان) کۆپی کرد و یەکیان کووشت و فێری بازبازێنی لای ئەم داگیرکەر و ئەو داگیرکەربوون و واژەیان بۆ خیانەتەکان دۆزییەوە و بیری ڕۆژهەڵاتیانیان شێواند و بەهەمان دەستووری (کوردایەتییەساختەکەی باشوور)، ئەمانیش گیانفیدایی پێشمەرگەی نەتەوەیان کردە مێژوویەک بۆ خۆیان، سەربووردەیەک بۆ ڕابووردووی تێکۆشانیان، دەسکەوتێک بۆ بنەماڵەکانیان و پەیژەیەک بۆ سەرکەوتن... وەک سەرکردەی کوردایەتییە ساختەکە، لە سەر کورسی سکرتێری حیزب و ڕێبەری حیزب دانیشتن و وازیان لێنەهێنا، هەروەک سەرکردەیەتی کوردایەتییە ساختەکەی باشوور، ڕەخنە و باسکردنیان کردە بڤە و ناکۆکیان لە نێوان خەڵکدا دروستکرد و شمال و جنووبیان هێنایە ناو سیاسەتیانەوە. سەرەتای شۆڕشەکان سەرداران و سەروەرانی کوردپەروەری، کوردستانی ئازادیخوازی وەک شەهید پێشەوا و کاک فوئاد بەرهەمدێنێ، بیرکردنەوەیان کوردستانی و هزریان تێگەیشتنە لەو یاسایانەی کە کۆمەڵگای کوردی دەبزوێنێ، ئەگەر تیۆرییەکیشیان شیکردبێتەوە، لە چاوی سوود و زیانی نەتەوەکەوە دەرئەنجامەکانیان هەڵهێنجاوە، بەڵام کە شۆڕشەکان پیردەبن و میکانیزمی ناوخۆیی خۆیان دەبێتە ناکۆکی لە سەر دەسەڵاتی حیزبی، هەم جوودابوونەوەی حیزبی دروستدەکەن و هەم دوورکەوتنەوە لە ئەسڵەکە، کە نەتەوەکە و هزرکردنی نەتەوەکەیە کە پێی دەڵین: کوردایەتی، ئەوەی لەسەرەوە پێناسەکەم نووسیووە. ئەمەشمان لە ڕاپەڕینە نەتەوەییەکانی (ژن ژیان ئازادی) و تێکۆشانە تاکیەکانی لاوی كچ و کوڕی ڕۆژهەڵاتدا بینی/ دەبینین، کە سەرکردەیەتی حیزبەکانی هەرئەوەند لێی نزیککەوتنەوە/ نزیکدەکەونەوە، کە یارمەتی پەیوەندەییەکانی خۆیانی لەگەڵ بەناو ئۆپۆزسیۆنی فارسدا، دابێ/ بدات. واتە لە بنەڕەتدا خیانەتیان بە(بنەماکانی ئەو کۆڕاپەڕین و تێکۆشانە کەسیانە)کرد کە بۆ نموونە ژنانی ڕۆژهەڵات کردیان یان (زارا، زەینەب، شیرن و فەرزاد) بە تەنیا تا ژوورەکانی زیندان و پای پەتی سێدارە بەرخۆدانەکەیان فراوان کرد. ئەم باسەکورتەم دەتوانێ یارمەتی ڕۆشنبوونەوەی هێڵی تێکۆشانی ئێستا/ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات و وەک سەرنجڕاکێشانیشە بۆ مەترسییەکان.
• بەڵگەیەک لەسەر داخوازییەکی نەتەوەیی زۆر گرنگ
بۆئەوەی زیاتر ڕوونی بکەمەوە باسێکی بنەرەتی دەکەم، کە لە پێویستییە هەرە هەرە لە پێشینەکانی ئێستای نەتەوەی کوردە. هەرچی دەسەڵاتێکی باش و خراپ، دیمۆکراتی و دیکتاتۆری، ئیمپراتۆریەت و تاکە دەوڵەت، ئاین و بیرکردنەوە ئاسمانییەکان لەسەر ئەم گۆی زەوییەدا بوونیان هەیە، بە ئاگر، ئاسن، سووتاندن، کووشتن، بڕین، ستەم، زۆرداریی، خیانەت، دزین، تەفرەدان، فێڵ، تەڵەکە، بلۆف، برسیکردن، داگیرکردن، ڕاگواستن، فڕاندن، سەبیکردن، ناچارکردن و ڕەفتارە ئەهریمەنییەکان دروستبوون، واتە لە دروستبوون و دروستکردنیاندا هێز بەکاربراوە، بۆ پاراستنیشیان هەر هێز بەکاردەبرێت، کە ڕێگاکانی دی دەگەنە بنبەست، قسەی کۆتایی هێز دەیکات، وابزانم ئەوە ڕۆژانە لەسەر هەموو پەردەکان دەیبینین و خەڵکانێکی زۆریش هەموو بوونیان وا لە ژێر مەترسی بەکارهێنانی ئەم هێزانەدا. لە هەموو نموونەکان نزیکتر کە نزیکەی ژیانی ڕۆژانەی چەندین ملیۆن مرۆڤە: کورد خۆیەتی. کە هیچ هەرهیچ دەستەبەرێک یا بەربەستێک بۆ گۆڕینی لە (ژیان) ەوە بۆ (مەرگ) لە هیچ بارودۆخێکدا بۆ تاکێکی کورد بوونی نییە، لەهەر ساتێکدا، دەشێ (بوون) ی مرۆڤێکی کورد بگۆڕدرێت بۆ(نەبوون)، دوێنێ هەبوو، ئەمڕۆ ئیتر نەبێت. باسی مەرگی سروشتی تەمەنی مرۆڤ ناکەم، باسی ئەنجامێک دەکەم کە هۆکاری دەسکرد و ئامڕازەکانی دەستی مرۆڤی تر، بەرهەمی دێنن!!!.
کەواتە مێژووی مرۆڤایەتی پێماندەڵێت: بۆ ئازادبوون، خۆپاراستن لە فەوتان، گەشەکردن، خۆبەڕێوەبردن، بۆئەوەی گوێت بۆ بگیرێت بۆ ئەوەی لە ناو ژمارەکاندا ژمارەیەک بیت، دەبێت هێزێکی تۆکمەی مۆدێرنی ڕاهێنراوت هەبێت.
بۆیە لە ئێستای نەتەوەی کورددا، بنیاتنانی (سپای ڕزگاریی کوردستان) هەم داخوازیی نەتەوەی کوردە و هەم واقعی حاڵوباری کورد، ئەم داخوازییە تەئید دەکات. بەڵام ئەم چاوەڕوانییە لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، کە لاوانی نەتەوەکەیان دابەشکردووە بەسەر گرووپی چەکداری حیزبەکانیاندا، چاوەڕوانییەکی بێهوودەیە (هیوایەک بە پژاک هەبوو/هەیە بۆ پارێزگاریی لە کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، کە دەبێت جۆرێک سەربەخۆیی بڕیاری خۆی بۆ ڕۆژهەڵات هەبێت، تا پلەی یاخی بوون لە کەجەکە و بڕیارەکانی). حیزبی کوردی هێزی چەکداری لێ بکەیتەوە، هیچی بۆ نامێنێتەوە کە پێی بژی، چوونکە ئەوان هیچ کامیان پڕۆژەیەکی کوردستانیان نییە کە لە بەرژەوەندی نەتەوەکەوە بۆ شەڕکردن، دانووسان یا هەر هەنگاوێکی دبلوماسی بڕوانن، من لەم باسەمدا زیاتر سەرنجەکانم لەسەر ڕۆژهەڵاتن، چوونکە ئێستا ڕۆژهەڵات بە هۆی جەنگی فارسەکانەوە بۆ سەر مرۆڤایەتی کە جەنگی هەژموونگەرایی و دەسەڵاتە بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێ و لە هەستیاریی و پێشەنگایەتیدا لە حاڵەتی گۆڕانکاری لە ئێراندا، دەبێتە ناوەندی قورسایی بزووتنەوەی ئازادی کورد. ئەو ماتە وزەیەی ڕۆژهەڵات ئەگەر حیزبەکانی نەبنە بەربەستی سەر ڕێگای تێکۆشانەکەی ئەوا ڕێگا نەتەوەییەکەی دەژێتەوە و خۆی خۆی بەرهەم دێنێتەوە بە پشتیوانی ئەو مێژووە دێرینەی تێکۆشانە نەتەوەییەکەی کەلەم سەدساڵەی نەتەوەکەدا گەشترین ئەزموونی نەتەوەیی خوڵقاندووە.
دەبێت، خواستی بنیاتنانی سپای نیشتیمانی، لە خوارەوە بۆ سەرەوە مێدیا کوردستانییەکان، ڕۆشنبیرە شەرافەتمەندە ئازادەکان کاری لەسەر بکەن تا بتوانن ئەم بیرکردنەوەیە بکەنە باسی ڕۆژ لە ناو کۆمەڵگادا، بە جۆریک کە کاریگەری لەسەر چەکدارەکانی حیزبەکان هەبێت و ئەوەیان بۆ ڕوونبکرێتەوە کە ئەوان پێشمەرگەی جەنگاوەری پاراستنی نەتەوە و نیشتمانی کوردن، نەک پاسەوانی پاراستنی کورسی بەرپرسانی حیزب!!!.
• سینارێۆیەکی هزری خۆم بۆ بڕیارە ١٢ مادەییەکەی میتی ترک
زۆربەی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی جیهان لەم بوارەدا (وەک پرۆسەی ئاشتی لە ئیرلەندای باکوور یان کۆڵۆمبیا) دەریانخستووە کە ئاشتی بە یەک لایەن و بە مەرجی خۆبەدەستەوەدان نایەتە دی.
ئەگەر پرۆسەکە بەو شێوازە بێت، پێویستە هاوسەنگییەکە بەم شێوەیە بێت:
مۆدێلی (هەنگاوێ کورد، هەنگاوێ توورکیا)
هەنگاوی یەکەم، دروستکردنی متمانە:
لەلایەن ترکەوە: ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، باشترکردنی دۆخی دەستبەسەری ئاپۆ و ڕێگەدان بە دیدارە بەردەوامەکانی لەگەڵ پارێزەران و لایەنە سیاسییەکان. ( جێبەجێنەکراوە).
لە لایەن پەکەکەوە: ڕاگەیاندنی ئاگربەستی فەرمی و ڕاگرتنی تەواوی چالاکییە چەکدارییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی توورکیادا. ( فەوری جێبەجێکراوە).
هەنگاوی دووەم ، یاسایی و دەستووریی
لە لایەن ترکەوە: دەرکردنی لێخۆشبوونی گشتیی ڕاستەقینە (کە سەرکردەکانیش بگرێتەوە)، ئازادکردنی پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییە زیندانیکراوەکان و داننان بە مافە کلتوورییەکانی کورددا لە دەستووردا.(باسناکرێت)
لە لایەن پەکەکەوە: کۆکردنەوەی چەکەکان لە ناوچە دیاریکراوەکان و دەستپێکردنی قۆناغی کشانەوە لەژێر چاودێری لایەنی سێیەمی بێلایەن (گەرەنتی نێودەوڵەتی)!. ( فەوری جێبەجێکراوە، لایەنی سێیەم، بوونی نییە تەنیا لە ژێر چاودێری لەشکر و میتدا، خەریکی درێژەدان بە جێبەجێکردنین).
هەنگاوی سێیەم ،کۆتایی پرۆسەکە:
لە لایەن ترکەوە: تێکەڵکردنەوەی گەریلاکان بە ژیانی مەدەنی و سیاسی و ڕێگەدان بە بەشداریکردنیان لە پرۆسەی دیموکراسیدا بەبێ ترس.(خەوە خەیاڵە، ئەوەی دەنگە برنجێکی تەڤگەری ئاپۆیی خواردبێ دەبێ لێپرسینەوەی دادگایی لەیەڵا بکرێت و دەشیکەن).
لەلایەن پەکەکەوە: ڕاگەیاندنی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خەباتی چەکداری و گۆڕینی دەستپێکردنی خەباتی دیموکراتی و مەدەنی.( فەوری جێبەجێکرا، دیمۆکراسیەتی ترکی، هەرگیز پرەنسیپی وای تێدا نییە).
بۆچی توورکیا نایەوێت ئەم هاوسەنگییە قبوڵ بکات؟
دەسەڵاتی توورکیا بەهۆی تێڕوانینی ناسیۆنالیستی و ئەمنییەوە، هەمیشە دەیەوێت وەک (دەوڵەتێکی باڵادەست) دەربکەوێت کە مەرجەکانی خۆی دەسەپێنێت، نەک وەک لایەنێکی یەکسان لە دانوستاندا. پێشکەشکردنی یاسایەکی یەک لایەنە بەبێ گۆڕانکاریی دەستووریی، ڕێک بۆ ئەوەیە کە ناچار نەبێت ئەو (هەنگاوە بەرامبەرانە) بنێت کە باسم کرد.
نیگەرانی زۆرینەی کورد لەوەوە دێت کە ئەگەر پەکەکە پێشوەختە و بەبێ گەرەنتی هەموو کارتەکانی دەستی (کە چەکەکەیەتی) دابنێت، هیچ گەرەنتییەک نامێنێتەوە کە توورکیا بەڵێنە یاسایی و سیاسییەکانی جێبەجێ بکات.
ئایا ، لەم دۆخەدا لایەنی سێیەم (وەک ئەمێریکا، یەکێتی ئەوروپا، یان نەتەوە یەکگرتووەکان) دەتوانن ببنە گەرەنتی بۆ ڕێگەگرتن لە بلۆف و جێبەجێکردنی ئەم هاوسەنگییەدا؟ یان پرسی کورد لە (ڕۆژاوا) ڕێگرە لەوەی توورکیا هەنگاوی ڕاستەقینە بنێت؟
من لە سەدا سەد لەو باوەڕەدام کە دەبێت گەرەنتی نێودەوڵەتی هەبێت و ئاشکرا بڵاوبکرێتەوە، بێگوومان ترس لە پرسی ڕۆژئاوا لەلایەن توورکیاوە زۆرە، بەڵام کورد هەمیشە ئەم هەڵەیە دەکات، تەنیا خۆی دەچێتە دانووسان لەگەڵ دوژمنانی بێ لایەنی سێیەم، ئەمەش حاڵەتێکی زۆر سەیر و سەرنجڕاکێشە، کە چەندین جار لە کۆن و لە مێژووی نوێشیدا، دانووسانکارەکانی کورد، بە دەستی دانووسانکارەکانی نەتەوەی سەردەست کوژراون، یا ڕاسپێرراوەکان، پەلاماری دانیشتنەکەیان داوە و دانووسانکارە کوردەکانیان گوڵلەباران کردووە. ئایا لای ئەو سەرکردەی حیزبانە، مەسەلەی کورد بڤە و ناشرین و دزیکردنە کە ئاوا بە شاراوەیی و تەنیا بەگفتی زارەکی دوژمنانیان لەگەڵیان کۆدەبنەوە، ئەم متمانەیە بە دوژمنانی کورد، لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت لە کاتێکدا کە مێژووی دانووسانی کورد لەگەڵ دوژمنانیدا پڕە لە کارەسات و تیاچوونی فیزیکی دانووسانکارە کوردەکان؟!، لای من وایە، ئەو سەرکردانەی کە بە دزییەوە چوونەتە ناو دانووساندنەوە لەگەڵ دوژمنانی کورددا، بۆشاردنەوەی بووە لە حیزبەکانی تر و بەو هیوایەی کە ئەگەر شتێکیان دەستکەوت بیکە ئیمتیازێک بۆ خۆیان و حیزبەکەیان. یەکێک لە گەورەترین کەلێنە مێژووییەکانی دیپلۆماسیی سەرکردەیەتی حیزبی کوردییە، کە ئەم ڕەفتارانە زیانی مەزنی لە یەکێتی نەتەوەکە داوە. ئەم دانووسانەی پەکەکە، ئاشکرایە و کەناڵە میدیاییەکان باسی دەکەن، ئەمە لە لایەن پەکەکەوە، بەڵام زۆر شتی شاراوە هەیە کە هەرگیز نایەتە وتن لەلایەن ترکەوە، کە من گوومانم هەیە لەپشتی دەرگا داخراوەکانی میتەوە، تۆڕی بلۆفی ئیستخباراتی ورد دەچندرێت کەس ئاگای لێ نییە.
• مێژوو سەلماندوویەتی کە متمانەکردنی ڕەها بە بەڵێنی زارەکی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەبێ بوونی گەرەنتی نێودەوڵەتی، هەمیشە ئەم پرۆسانە کەلەلایەن سەرکردەیەتی حیزبەکانەوە ناونراوون (پرۆسەی ئاشتی) و لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە، ناونراون خۆبەدەستەوەدان و گەڕانەوە بۆ ناو ڕیزەکانی نیشتمانی و ئێستاش دەوڵەتی داگیرکەری ترک پێی دەڵێت: پرۆسەی توورکیای بێ تیرۆر، بە زیانی گەورە بەسەر نەتەوەی کورددا شکاونەتەوە و جگە لە ستەم و لەدەستدانی خاکی زیاتر هیچی بۆ کورد بەرهەمنەهێناوە!!!.
• بۆچی توورکیا لەبوونی لایەنی سێیەم ڕادەکات؟
ترک دەوڵەتێکی لەسەر(هێشتنەوەی بەشە خاکێکی گەورەی کوردستان لەناو نەخشەی توورکیادا) بۆ دروستکرا، پشتی گیرا، کرایە ئەندامی ناتۆ، مەسەلەی سۆڤییەتی کۆن بووە پاسپۆرتی چاوپۆشین لەهەموو ستەمەکانی کە لە نەتەوەی کوردی کردن/ دەکات، دیمۆکراسییەتی ئەورووپا هەموو خواریی، لاریی و ستەمە کراوەکان لە کورد، لە کورد خۆی باشتر دەزانێ و دەرکی دەکات، بەڵام هێشتا بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ترک، لە کورد پێ گرنگترە.
• نێودەوڵەتی نەکردنی دۆسیەکە لەلایەن توورکیاوە: توورکیا هەمیشە پرسی کورد وەک (کێشەیەکی ئەمنی ناوخۆیی) پێناسە دەکات. قبوڵکردنی چاودێرێکی نێودەوڵەتی (بڵیین وەک ئەمێریکا یان یەکێتی ئەورووپا) بە واتای پێدانی ڕەوایەتیی سیاسی و نێودەوڵەتی دەبێت بەلایەنی کوردی، ئەمەش ئەو هێڵە سوورەیە کە ئەنقەرە نایەوێت هەرگیز بیبەزێنێت.
• پاراستنی کارتی پاشەکشە: کاتێک دانوستانەکە تەنیا لە نێوان دوو لایەندا بێت، بۆ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی زۆر ئاسانە کە لە هەر کاتێکدا بیەوێت لە بەڵێنەکانی ژیوان ببێتەوە و لایەنی بەرانبەر بە (تیرۆر) و (پێشێلکاریی) تۆمەتبار بکات، بەبێ ئەوەی باجی یاسایی نێودەوڵەتی بدات.
ترسی توورکیا لە کورد بزوێنەری سەرەکی پڕۆژەیاسا و مانۆڕە نوێیەکانێتی :
نەهێشتنی قەوارەی کوردی: توورکیا مۆدێلی بەڕێوەبەری خۆسەر لە ڕۆژئاوا! و هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژیی درێژخایەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی پێناسەدەکات (نەتەوەکە نەک سەرکردەیەتی حیزبەکانی، مەلایی و جەلالی هەمیشە بەشێکی گرنگی ئەنجامدانی پڕۆژەکانی ترک و ئێرانن دژ بە کورد). بۆیە ئەنقەرە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم یاسایانەوە، گووشاری ناوخۆیی لەسەر خۆی کەم بکاتەوە، پەکەکە لە ناوخۆدا بێچەک بکات، تاوەکو بتوانێت بە تەواوی خۆی تەرخان بکات بۆ لاوازکردن یان لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشوور.
پرۆسەی (چوونە ناو دانوستان بەبێ ناوبژیوان) هەر بۆ خوودی پەکەکە، پێشتر لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ لە (پرۆسەی چارەسەری!!!) دا تاقیکرایەوە. کورد تەنها بە گەرەنتی زارەکی و بەڵێنی پەرلەمانی چووە پێشەوە، بەڵام کاتێک هاوسەنگییە سیاسییەکان گۆڕڕان، توورکیا مێزەکەی قڵپکردەوە و قۆناغێکی توندوتیژتر دەستی پێکردەوە. ڕاستە هەندێ بارودۆخی سیاسی ئێستا گۆڕڕاوە، بەڵام هێشتا دەوڵەتی ترک سەردەستە، ئابووری لە کورد بەهێزترە، هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانی بایەخی زیاتری پێدەدەن، کۆنگرەی ناتۆ لەوێ دەبەستن و بەهەموو پێوانەکان، هێشتا تەرازووەکە بەلای ئەودا قورسترە، دەوڵەتێکی دامەزراوی وەک ترک، ئاشبەتاڵ ناکات، حووکومەت دەگۆڕدرێت، ئەم سەرۆک دێت و ئەو دەڕوا، بەڵام هەموو بنەماکانی دەوڵەتی و کۆمەڵایەتییە شۆڤێنیستییەکەی ترک دژ بە کورد لە جێی خۆیاندا دەمێنەوە و بەهێزتریش دەبن، بۆ کورد وانییە، تەواو پێچەوانەیە، بۆیە بوونی گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ ترک بە زیانە و بۆ کورد زۆر پێویستە، با متمانەشت بە زۆرینەی لایەنەکان نەبێت وەک خۆت دەڵێیت، بەڵام مەسەلەکەت هەم ڕووخساری دەگۆڕڕێت هەم دەبیتە باسی ناو مێدیاکانی دونیا وەک ڕۆژەفێک کە پیویستی بە چارەسەری نێونەتەوەییە. ئێمە ناتوانین و ساویلکەییە کە بمانەوێ دنیا بەکامی دڵی ئێمە بگەڕێ، ئەوە ئێمەین کە دەبێ بە جۆرێک خۆمان و یەکێتی نەتەوەیی خۆمان تۆکمەبکەین، کە نەتوانن فەرمۆشمان بکەن و ئەگەر داگیرکارانیشمان بیانەوەێ زەفەرمان پێبەرین، ئاسانتر هەوڵەکانیان پووچبکەینەوە. لەم سۆنگەیەوە، پێداگری لەسەر(گەرەنتی نێودەوڵەتیی ئاشکرا) تاکە ڕێگایە کە ڕێگری دەکات لەوەی پرۆسەکە تەنها ببێتە بلۆفێک بۆ خافڵاندن یان تەسلیمکردنی کورد. یەکێتی ناوخۆی کورد مەرجی بنەڕەتیە کە لەکاتی دانوسان و شەڕیشدا تا درزێک نەبێت، دوژمن سوودی لێ وەربگرێت، لەوەش گرنگتر بوونی سپایەکی یەکگرتووی کوردستانییە، کە هەم نەتەوەکە بپارێزێ هەم هێز بدات بەکورد لە کاتی دانووساندا. بەڕاستی زۆر جێگای ڕامانە میللەتێکی ئاشتیخواز کە تا ئێستا تەنیا ناچارکراوە بەرگری لە بوونی خۆی بکات، ئاوا لەلایەن مرۆڤایەتییەوە فەرامۆش بکرێت و دیمۆکراسی دنیا ئەم هاوارە بە ئازارە نەبیستێ!. کەواتە پاڕانەوە و پاساوهێنانەوە و باسی ستەملێکراوی دادمان نادات!!!. هێزی سەربازیی یەکگرتوو و یەکێتیی نەتەوەیی باشترین کارتی گوشارن لە کاتی دانوستان و شەڕدا. لە جیهانی سیاسەتدا، بەبێ بوونی هێزێکی ڕێکخراو کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بپارێزێت، بەرامبەرەکەت لەسەر مێزی گفتوگۆ بە یەکسانی سەیرت ناکات. مێژووی کورد پیشانی داوە کە نەیاران هەمیشە لە ڕێگەی درزە ناوخۆییەکانەوە (پارچەپارچەیی سیاسی یان حزبی) توانیویانە پاشەکشە بە کورد بکەن. کاتێک کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو و سپایەکی نیشتمانی هەبێت، ستراتیژیەتی (پەرتکە و زاڵبە) ی داگیرکارانی کوردستان پووچەڵ دەبنەوە. زۆرجار نووسیومە: دوژمنانی کورد هەمیشە بە دوای ئەڵقە لاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردیدا دەگەڕین و لەوێوە زیانی لێ دەدەن، لاوازترین ئەڵقەش لەناو کۆمەڵگای کوردیدا کە زیانی گەورەی لە ئاسایشی نەتەوەی کورد داوە: دەستە و تاقم و حیزبی کوردین، چوونکە ئەمە لەناو سیاسەتی کوردیدا بۆتە نەرێت، کە هەرگیز دوو حیزبی کوردی نەتوانن لە خاڵی(بەرژەوەندییە گەورەکەدا، کە بەرژەوەندی نەتەوەکەیە بە گشتی) پێکبێن، حیزب و سیاسەتی حیزب و بەرژەوەندی سەرکردەیەتی حیزب، هەمیشە بەر لە بەرژەوەندی نەتەوەکەوە کاری بۆ کراوە، نەتەوەکە و مەسەلەی ئازادی نەتەوەکە(کوردەواری و کوردایەتی)، هەمیشە چوارچێوەیەک بوون لەو چوارچێوەیەدا، سەرکردەیەتی حیزبی کوردی، بەدوای بەرژەوەندییە تەسک و کەسێتی و حیزبییەکانیدا، گەڕاوە و ڕەفتاری کردووە، مانای کوردەواری کەوڵێکی بێناوەرۆک بووە، بۆ دەسکەوتی سەرکردەیەتی حیزبی و دەسەڵاتی حیزبی.
• خەیاڵی تیرۆریستی
بەپێی ئەم چوارچێوە یاساییەی میتی ترک: نەتەوەکە تاوانبارە و دەبێت بە سزای جیاواز، بدرێن بە دادگا و لێکۆڵینەوە لە کردەوەکانیان بکرێت. ئەگەر کوردێک بە خەیاڵیش بیری لە هاوکاری کردنی ئەو تەڤگەر کردبێتەوە دەبیت سزاکان وا وردبکرێنەوە کە جێگای ئەو خەیاڵە تیرۆریستییەشی تێدا ببیتەوە و چارەسەری یاسایی تیرۆری بۆبکرێت، مانای کورد لە چوارچێوەیەکی یاسایی!!! تیرۆریستیدا داداگای بکرێت و هەموو تێکۆشانە دەیان ساڵییەکەی، کە ناچارکرا بەو جۆرە بەرەنگاری لە توانەوەی خۆی بکات، بووە ئەم ١٢ یاسایە کە پێی دەڵین یاسای بنەبڕکردنی تیرۆر لە توورکیادا، جا ئێمە خۆمان چ ناوێکی لێدەنێین، هیچ لە تووند و تیژیی دادیگایکردنەکان ناگٶڕێ، هەر ئەوە دەبێت کە ئەوان دەیانەوێت.
دوو شت دەبێت لە حیزبی کوردی وەربگیرێتەوە:
١- ژمارەی شەهیدی حیزب، چوونکە زۆرینەی ئەو شەهیدانە بەهیوای ئازادی کوردستان، بوون بە جەنگاوەرانی ئەو حیزبانە، کە جێگای داخی گەورەیە، خەونەکەیان لای سەرکردیەتی حیزبی شتێکی دی بووە!!!.
٢- مێژووی شەڕ و تێکۆشانەکانی لاوانی کورد.
• هاوکێشەی ئەمریکا و بەرژەوەندی بەرامبەر بە پرەنسیپەکان
مرۆڤایەتی بەرانبەر بە جیۆپۆلەتیک: دیموکراسییەکانی جیهان و ئەمێریکا، لە بری بنەما مرۆییەکان و مافی گەلان، بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئابووری، وزە و پێگەی ستراتیژیی دەوڵەتانی وەک توورکیا دەدەن.
تۆ بڕوانە: تاڵیبانەکان، حووسییەکان، بەرەی نووسرەی محەمەد جۆلانی، پاسدارانی ئێران و....هتد
هەم لەلایەن زلهێزەکان و هەم لەلایەن دەوڵەتە دیمۆکراسە ڕۆژئاواییەکانەوە، لە لیستەی تیرۆر دەردەهێنرێن، پێشوازیان لێ دەکرێت، یارمەتی ماڵی و مەعنەوەی دەدرێن، بە شانوباڵیاندا هەڵدەڵێن و چیرۆکی خۆشخۆشیان بۆ هەڵدەبەستن و زۆر جار دەبێتە تەنگەشەی دبلۆماسی نێوان دەوڵەتەکانیان کە کامیان وەک ناوبژیکەر لە وڵاتی خۆیاندا پێشوازییان بکەن؟!، چونکە مەسەلەکە باسی (دەوڵەتێک) دەکات، بەڵام ئازادیخوازانی کورد مۆری تیرۆریست دەدرێت لە نێوچاوانیان و لە پایتەختەکانی وڵاتانی دیمۆکراسیدا تیرۆر دەکرێن و چالاکییەکانیان قەدەغە دەکرێن!.
ئەمانە پێشانی دەدەن کە تۆ وەک کورد هیچ چارێکی ترت نییە جگە لە: هەبوونی هێزێکی مۆدێرن وەک سپایەکی ڕزگاریی کوردستانی و یەکێتییەکەی نەتەوەیی توندوتۆڵ، کە یەک ئامانج و یەک تێکۆشانت هەبێبێت، ئەم قسەیەی منیش، حیزبی کوردی هەر هەمووی ڕەتدەکاتەوە و بۆ ئێستەی و بەو جۆرە بە زیان دەزانێت و بە ئەڵقەی لاوازی دەزانێت کە هەمیشە ڕێگا دەدات دوژمنان لەو ئەڵقە لاوازەوە(حیزبەکانی) ئاسایشی نەتەوەیی بخەنە مەترسی گەورەوە، بۆیە گرنگترین، جوانترین، دروسترین بڕیار ئەوەیە کە حیزبەکانی کوردستانی مەزن خۆیان هەڵبوەشێننەوە، تا ئێرەیان هێنا ماڵتان ئاوابێ، ئەگەر هەرچی زووتر حیزبەکانی کوردستان: چەکدارەکانیان نەکەنە بنەمای پێکهێنانی یەک هێزی کوردستانی و خۆیان لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوەیی کوردستانیدا ڕێکنەخەن، ئەوە خیانەتە بە مێژووی کورد و بەرپرسیارن سەبارەت بە هەموو بارودۆخە بەتالوکە و ئەو کارەساتانەی لەمە بە دوا بەسەر کورددا دێت. سەبارەت بە ڕابووردوتان دوای ئازادی وڵاتەکەش دوو قسان لەگەڵ یەکدا دەکەین، هەرچی زووتر لە پێناوی چارەنووسی نەتەوەکەدا ئەم کارە بکەن، درەنگە، ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی بە تەواوی هەموو بارودۆخەکان، بە سوودی نەتەوەی کورد بشکێتەوە، هیچ گوومانی تێدا نییە.
ئەمێریکا و ڕۆژاوا باش دەزانن کە کورد ئاشتیخوازترین و کاریگەرترین هێز بووە لە شەڕی دژی تیرۆردا، بەڵام بۆ ئەوەی ئەمریکا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و وەک دۆسیەیەکی نەتەوەیی سەیری کورد بکات، پێویستی بەوەیە کورد وەک دامەزراوەیەکی یەکگرتووی سیاسی و سەربازیی بەهێز خۆی بسەلمێنێت کە نەتوانرێت فەرامۆش بکرێت. ئەم هاوارە بەئازارە تا کاتێک لە ناوخۆدا نەبێتە هێزێکی یەکگرتووی ستراتیژی، لەلایەن (دیموکراسییەکانی جیهانەوە) تەنیا وەک دۆسیەیەکی مرۆیی یان کاتی سەیر دەکرێت و سوودی خۆیان چۆن بخوازێت ئاوا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
ئەوان ئەوەن، تۆ دەبێت خۆت بناغەی قەڵاکە بەدەستی خۆت بنیات بنێیت، هێزێکت هەبێت بۆ پاراستنی.
• سەربووردەیەکی مێژوویی، میرنشینی بۆتان
قەڵای جولەمێرگ و بەدرخان بەگ ١٨٤٧
- قەڵاکانی میرنشینی بۆتان وەک قەڵای ئەرتووش و قەڵاکانی دەوروبەری جولەمێرگ.
- دژی سپای عوسمانی، باپیرەکانی ئەم ئۆردووگانە، ڕاپەڕیی بوو.
- میربەدرخان بەگ دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، لە ناو قەڵاکانیدا سەنگەری لێدا و بەرگری کرد.
- بەهۆی خیانەتی ناوخۆییەوە شکستی هێنا (یەزدان شێر کە برازای میر بوو، پشتی کردە میر) و جەندرمەکانی عوسمانی گەمارۆیەکی توندیان خستە سەر قەڵاکە، میر بەدرخان ناچار بوو خۆی ڕادەستی دوژمن بکات و میرنشینەکەی ڕووخا.
• بلۆفدانی عوسمانییەکان و خیانەتی کوردی
کاتێک میر بەدرخان بەگ ڕاپەڕینی دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕاگەیاند و هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی دا، عوسمانییەکان زانییان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بەسەر هێزەکەی بەدرخان بەگدا زاڵ نابن. لەبەر ئەوە پشتیان بە تاکتیکی (پەرتکە و زاڵبە) بەست:
- عوسمانییەکان (ڕەوشەن پاشا و فەرماندە سەربازییەکانی تر) بە نهێنی پەیوەندییان بە یەزدان شێرەوە کرد و بەڵێنیان پێدا: ئەگەر پشتی میر بەدرخان چۆڵ بکات، دوای دەستگیرکردنی بەدرخان، یەزدان شێر دەکەن بە میر و دەسەڵاتداری ناوچەی بۆتان.
- بۆیە لە کاتی شەڕی یەکلاکەرەوەدا لە دەوروبەری قەڵای ئەرتووش و ناوچە شاخاوییەکان، یەزدان شێر بەشێکی زۆر لە سوپاکەی خۆی کێشایەوە و ڕێگەی دا هێزەکانی عوسمانی بێ بەرگرییەکی ئەوتۆ بپەڕنەوە بۆ پشت سەنگەرەکانی میر بەدرخان.
- یەزدان شێر ڕێگا شاراوەکان، شوێنی هەڵگرتنی ئازووقە و خاڵە لاوازەکانی بەرگریی قەڵاکانی بۆ عوسمانییەکان ئاشکرا کرد.
• ئەنجامی خیانەتەکە
میر بەدرخان کە لە ناو قەڵادا گەمارۆ درابوو و بینی لە ناوخۆوە خیانەتی لێکراوە و پشتی لێگیراوە، دوای بەرگرییەکی سەختیش، ناچار بوو خۆی بەدەستەوە بدات بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆمەڵکوژیی خەڵکەکە بکات. بەدرخان بەگ بۆ دوورگەی (كریت) دوورخرایەوە. بەمجۆرە کۆتایی بە میرنشینی بۆتان هات، کەیەکێکە لە بەهێزترین و ڕێکخراوترین میرنشینەکانی کورد لە مێژوودا.
• چارەنووسی یەزدان شێر وەک خیانەتمەند
دوای کەوتنی میرنشینی بۆتان، یەزدان شێر چاوەڕوانی ئەوە بوو کە ترکەکان بیکەن بە میری بۆتان، بەڵام ترکەکان سیاناریۆکەیان گۆڕی: لەبەر ئەوەی کە یەزدان شێریش کورد بوو، هەرچەندە خیانەتمەندیش بوو و هاوکاری داگیرکەرە ترکەکانیشی کردبوو، بەڵام بڕوایان پێی نەبوو، ناوچەی بۆتانیان خستە ژێر دەسەڵاتی والییەکی ترکەوە.
دوای ئەوەی کە یەزدانشێر، لە شەڕی کرم(دوورگەی قرم/ نیوە دوورگەی قرم) دا، چۆڵبوونی ناوچەکەی بە فرسەتزانی، لە دژی ترکەکان ڕاپەڕی و ناوچەیەکی فراوانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، لە بەدلیسەوە تا مووسڵ، بەڵام خەڵکی کورد بە خیانەتمەندیان دەزانی لەبەر ئەوە پشتیوانیان لێ نەکرد، سەرئەنجام ترکەکان بە ڕاوێژکاریی دپلۆماتە بریتانییەکان توانیان بە ناوی (ئاشتی) ەوە تەفرەی بدەن، دەستگیریان کرد و بەدیلی ڕەوانەی ئەستەنبوڵیان کرد، تا لە دیلیدا مرد.
سەرنج: پارتی کرێکارانی کوردستان، لەسەر داواکاریی(ئاپۆ) کە ٢٧ ساڵە دیلی دەستی فاشستی ترکە، خۆیان هەڵوەشاندەوە، شەڕیان وەستاند و بەخێرایی لە مەسەلەی ئاشتبوونەوەدا چوونە پێشەوە.
باخچەلی و ئۆردووگان، بە درێژی قسەکردنیان باسیان لە توورکیای بێ تیرۆر کرد، تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر قسەی کۆتایی ئەم قۆناغەیان کرد، کە سەرەتای قۆناغگەلێکی زۆر سەختە، دادگاییکردنی هەموو پارتی
کرێکارانی کوردستان، تەنانەت ئەوانەش کە لە خەویاندا قەندیلیان دیبێ، یا نووسراوێکی ئەم تەڤگەرەیان خوێندبێتەوە یا بیریان لەوە کردبێتەوە کە پاروویەک لە دەمی خۆیان بگرنەوە و بە گریلایەکی بدەن!!!.
ئەم مەسەلەی ئاشتییە کە هەموو جارێک بە کورد دەڵێن وەرە با ئاشتبینەوە و بە ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکەین لەمێژە بۆ تەفرەدانی کورد، بووە بە باو، هەمیشە دوژمنانی کورد بەئاسانی دەتوانن بلۆفی ئاشتی لە کورد بدەن، ئەمجارە پاڵەوانی ئاشتی (دەوڵەت باخچەلی) بوو، بەو سینارێۆیەی کە میت لە پەرلەمان و لە ناو مێدیای ترکیدا بەڕێی خست و ئەنجامەکەی ئەو ڕاگەێندراوەی دادگایکردنەیە کە لە ١٢ مادەدا، کوردی تیرۆریست دادگایی دەکات، چاوەڕوانی بەشەکانی تری بن، کە بە گریمانەی زۆر بریتی دەبێت لە خنکاندنی هەموو پیتێکی کوردیی لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
- کوردستان، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا نەهاتووە، هەڵبەتە لە بنچینەوە گۆڕانکاری بەسەر دەڤەری باشووریدا هێنرا، بەڵام دەستی ئەمین، عەقڵی نەتەوەیی، دڵسۆزیی نەتەوەیی، دبلۆماسی نەتەوەیی، وردبینی مێژووییی و خەمخۆریی نەتەوەیی نەبوون کە گەشە بەم گۆڕڕانە بنەماییە بدات و ئەوەی کە دوژمنی کورد نەیتوانیبوو بیڕوخێنێ، ئەم دوو میرنشینە عەشیرەتبازە ئەوانەیشیان وێران کرد، من گلەیی لە نەتەوەکە ناکەم مەرام، خواست، هیوا تێکۆشانەکەیان زۆر بەنرخ و پڕ بەهایە و شانازی بە هەموو کوردێکی نەتەوەیی شەرافەتمەندی کوردستانی ئازادیخوازەوە دەکەم. باشوور دەیتوانی لەهەموو بارو حاڵێکدا، ئەو قەڵایە بایە کە هەموو نەتەوەکەی بپاراستبایە، هێزێکی کوردستانی بۆ پشتیوانی مەسەلە نەتەوەییەکە هەبایە و جا لە شەڕ و ئاشتیدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕا.
- پەکەکە کاری مەزنی کرد، بە تێکۆشان بۆ( بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی) دەستی بەو خەباتە مەزنەکرد و کووردبوونی لە مردن گێڕایەوە و فێری ڕۆیشتنی کرد بە جۆرە کوردستانییەکەی، لە زۆر قۆناغدا وەک دەوڵەتێک ڕەفتاری دەکرد و لە دوای میرنشینی بۆتان و کۆماری کوردستان، پەکەکە تۆکمەترین و ڕێکخراوترین دامەزراوەی سیاسی کوردییە، کە گۆشەیەکی کۆمەڵگای کوردی نەما، ڕۆشنی نەکاتەوە و نەیکوردێنێتەوە.
- ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر بیرکردنەوەی ئاپۆدا هات و هەموو ڕێکخراوەکەی گرتەوە، وەک کوتەکێک، درا لە مێشکی نەتەوەکە و کاسی کرد، چۆن؟ بۆچی؟ ئەم گۆڕڕانە ڕوویدا، لە پای چیدا، وای دادەنێم، ئەو مرۆڤە و دیلی دەستی فاشیستە، دەکرێ هەموو ڕەفتارێکی لەگەڵ کرابێ/ بکرێ، ٣٦٠ پلە وەربگەڕێ، یا دەڵێم ئێدی ئەو گەیشتۆتە ئەو بیرکردنەوانە و ئاساییە وا بیربکاتەوە، ئەوسا وای بیرکردۆتەوە، ئێستا بۆچوونی وایە. ڕایەکە وەک هەموو ڕاکانی تر، ئەگەر هەر لەناو کتێباندا بمابایەوە، ڕەنگ بوو جێگای خۆی لەناو بیروڕاکانی دیدا کردبایەوە.
- بەڵام دیل بوون ئەویش لە دەستی ترکدا، ڕێگە نادات، نووسراوەکانی وەک (نەخشی سەر بەرد)، ببنە ڕێباز و ڕێچکەی چارەسەری مەسەلەکان، ئەویش بەو ئاڵۆزییەی مەسەلەی کورد.
- ئاپۆ، بارێکی داوە بە شانی نەتەوەی کورددا (وەک خۆی هیوایەتی)، کە کۆمەڵگای ناو دەوڵەتێکی دامەزراوی خاوەن ئابوورییەکی زەبەلاح، سپایەکی زەبەلاح، کارخانە، لابراتۆر، هەزاران زانا، دپلۆماتکار، سیاسەتزان، دانشگای مەزن و..........سەدان هتدی تر پێی هەڵناسووڕێ، لە حاڵێکدا نەتەوەی کورد، وەک میوەی باخێکی بێخاوەن، کانزایەکی فرە دەگمەن و نایاب، داگیر و دابەشکراوە، کە پیویستی بە ئیرادەی هەزاران ئاپۆیە وەک ئەو سەرەتایانەی مێژووی تێکۆشانەکەی خۆی، شان بداتە بەر( بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردستان)ی، بۆی.
- ئایا ئەو مۆری تیرۆریستییەی کە نراوە بە ناوچەوانی پەکەکەوە و پاش ئەوەش خۆی هەڵوەشاندەوە و چەکی دانا هەر لێی ناکەنەوە، یەکێک لە هەوڵدانەکەی (تەئیدکردن) ی ئەم یاسا پیسەی دادگاییکردنەکە بێت؟!.
- بۆچی لەناو ئەوهەموو دەوڵەتنەتەوانەی کە دەوروبەری نیشتمانی کوردیان داوە و چواریان داگیرکەری بەشێک لە نیشتمانی کوردن، هەمووشیان لە کورد بەهێزترن و خاوەن پێگەی نێونەتەوەین، بەڵام کورد ئەرکی بە دیمۆکراتکردنی ئەو کۆمەڵگایانە بگرێتە ئەستۆ کە ئەوە بۆ سەدان ساڵ دەچێت فرچکیان بە ڕەگەزپەرستی و دژە کوردبوون گرتووە و لەسەر ستەمکردن لە کورد بوونە دەوڵەت!!! لە کوێی توانا و وزەی نەتەوەکەدایە، یا لەپای چیدا ئەم ئەرکە بەو بسپێردرێت؟!.

