Pro Blogger Templates

تورکەکان بەپاشگری (یا) وڵاتێکیان بۆ خۆیان دروست کرد و نەتەوەکانی دیکەیان سڕییەوە

راستکردنەوەی مێژووی 1500 ساڵ

ڕووسیا، ئیسپانیا، بولگاریا، ڕۆمانیا و چەندین وڵاتی دیکە، کە ناوی نەتەوەکەیان بە پاشگری (یا) کۆتایی دێت، ئەو ناوە بۆتە ناسنامەی نیشتیمان و وڵاتی ئەو نەتەوانە، بۆیە زۆرجار ئەم پرسیارە لای زۆر کەس دروست دەبێت، کە واتای ئەم (یا)یە، ئاخۆ دەبێت چی بێت و لە چییەوە هاتبێت؟ هەروەها مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئەمە کورتکراوەی وشەیەکی دیکەیە؟

************************

پێشەکی:

پاشگری (یا) بۆ ناوی خاک و نیشتیمانی نەتەوەیەک، پاشگرێکی مێژوویی و ڕێزمانییە، ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی زمانەکانی یۆنانیی کۆن و لاتینی، کە لەگەڵ تێپەڕبوونی سەدان ساڵدا بۆتە پێوەرێک بۆ داڕشتنی نەخشەی جیهان و دیاریکردنی خاکی نەتەوەکان.

بۆ تێگەیشتنی دروستی ئەم ناوە، دەبێت خوێنەر جیاوازیی لە نێوان (وشە) و (پاشگر)دا بکات. وەک  نمونە  لە زمانی کوردیدا هاوشێوەی پاشگری (-یەتی) یان پاشگری (-ایەتی)یە، کە کاتێک ناوی (مرۆڤ) دەگۆڕین بۆ وشەی (مرۆڤایەتی) خەسڵەتێک بۆ مرۆڤەکە دروست دەکات، ئەمە لە زمانی یۆنانیی کۆن و نوێشدا، بەو شێوەیە وشەی تایبەت بۆ گوزارشتکردن لە موڵکایەتیی زەوی و قەوارەیە، کە پاشگری (یا) بۆ خۆی وشەیەکی سەربەخۆ نییە و بە تەنیا مانای جوگرافی یان (خاک) بەدەستەوە نادات، بەڵکو لە بنەڕەتدا پاشگرێکی ڕێزمانییە بۆ دروستکردنی ناوی تایبەتمەندی ئەو شوێنەی کە کێ تێیدا نیشتەجێیە! ڕەگ و ڕیشەی ئەم پاشگرە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی هیندۆ-ئەوروپی، کە یۆنانیی و لاتینیش سەر بە خێزانی زمانە هیندۆ-ئەوروپییەکانن.

کاتێک یۆنانییەکان لە گەشت و دۆزینەوەکانیاندا ڕووبەڕووی نەتەوە و هۆزە نوێیەکان دەبوونەوە، لەبری بەکارهێنانی وشەی (خاک) وەک نمونە بۆ فڵانە هۆز و نەتەوە ، ئەم پاشگرە ڕێزمانییەیان دەخستە سەر ناوی هۆزەکە بۆ گوزارشتکردن لە سەر شوێنی ئەو هۆز و گەل و نەتەوانەی تێیدا دەژیان، وەک نمونە بۆ خاکی عەرەبەکان، نەیان دەگوت (خاکی عەرەب) بەڵکو پاشگرەکەیان خستە سەر ناوەکە دەیانگوت: (ئارابیا).

ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیش، کە زمانی فەرمییان زمانی لاتینی بوو، ئەوانیش کەوتبوونە ژێر کاریگەریی زانست و کولتووری یۆنانییەوە، بۆیە ئەم یاسا ڕێزمانییەیان وەک خۆی وەرگرت. کاتێک ڕۆمانییەکان ئیمپراتۆرییەتەکەیان فراوان کرد، بۆ ناونانی خاکی ئەو نەتەوانەی دەچوونە سەریان و دەیانناساندن، هەمان پاشگریان بەکارهێنا. بەم شێوەیە:

• هۆزەکانی بریتان ناوچەکەیان بوو بە بریتانیا. • هۆزەکانی جێرمان ناوچەکەیان بوو بە جێرمانیا.

بە هەمان پێوەر، ئەرمینیا بوو بە خاکی ئەرمەنییەکان، ڕووسیا بۆ خاکی ڕووسەکان، ئیسپانیا بۆ خاکی ئیسپانییەکان، ڕۆمانیاش بۆ خاکی ڕۆمانییەکان.

هەڵبەت هۆکاری مانەوە و جێگیربوونی ئەم ناوگەلە دەگەڕێتەوە بۆ پێشەنگیی زانایانی یۆنانی و ڕۆمانی (وەک بەتلیمۆس و هیڕۆدۆت)، کە لە زانستی جوگرافیا و نەخشەسازیی کۆندا. ئەو ناوانەی ئەوان لە نەخشەکانیاندا تۆماریان کرد، بووە بنەمایەک بۆ ناساندنی جیهان و سنوری نیشتیمەنەکانیان.

دواتر کە زمانە ئەوروپییەکانی وەک ئینگلیزی، فەرەنسی و ئیسپانی گەشەیان کرد، ئەو نەخشانەیان وەک خۆیان کۆپی کرد. کاتێک هاووڵاتیان و نووسەرانی گەلانی دیکەش لە ڕێگەی وەرگێڕان و بەرکەوتنی کولتوورییەوە ئاشنای ئەم نەخشانە بوون، ناوەکان دزەیان کردە ناو زمانەکانی تریشەوە، لە دەرەنجامدا، ئەم پاشگرە ڕێزمانییە بچووکە، بە تێپەڕبوونی کات و سەردەمەکان، لە دەربڕینێکی بەرجەستەییەوە گۆڕا بۆ چەمکێکی جوگرافیی تەواو جێگیر و بۆ هەمیشە بووە هێمایەک بۆ پێناسەکردنی خاکی نەتەوەکان لەسەر نەخشەی جیهان.

چۆن تورکەکان بە پاشگری (یا) خاکی کوردستان و ئەوانی تریان لکاند بە خۆیانەوە؟

وەک تەواوکەرێک بۆ ئەو زانیارییانەی سەرەوە و چوونە ناو قووڵایی مێژووی سیاسی و دادگاییکردنی چەمکەکان، لێرەدا باسەکەمان دەبەینە سەر ناوی (تورکیا). کاتێک دەگوترێت (تورکیا)، لە ڕووی زمانەوانی و مێژووییەوە وەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، بە واتای (خاکی تورکەکان) دێت. بەڵام کاتێک ئەم ناوە بۆ پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دانرا، بە ڕێکەوت یان هەرەمەکیانە نەبوو، بەڵکو پەیام و مەبەستێکی سیاسیی زۆر توندی لە پشت بوو.

ناولێنانی پاشماوەی دەولەتی عوسمانی، بۆ تورکزمانەکان، بوو بە دەوڵەتی یەک نەتەوە و ناوی تورکیای لێنرا، ئەمیش لەسەر ستراتیژی سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکە، هەڵبەت دامەزرێنەرانی کۆماری نوێ، بە مەبەست ئەم ناوەیان هەڵبژارد تا بە جیهان و ناوخۆیان بڵێن: ئەو خاکەی لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بۆمان ماوەتەوە، تەنیا خاکی تورکە و بوونی هیچ نەتەوەیەکی دیکەی تێدا قبووڵ ناکەین. ئەم دیدگایە بووە کۆڵەکەی سەرەکیی دەوڵەت و هەموو جۆرە فرەڕەنگییەکی ڕەتکردەوە. لەبەر ئەم هۆکارەش، هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کوردی، کە سەری هەڵدابێت، بە توندترین شێوە بەرەنگاریی بوونەتەوە و سەرکوت کراوە. خودی ناوی دەوڵەتەکە و پێناسەی دەستوورەکەیان کردیانە ناسنامەی هاووڵاتیی بوون، چونکە تورکیا لەسەر بنەمای سڕینەوە و ئینکارکردنی نەتەوەکانی دیکە داڕێژراو و دروست بوو.

کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەری هەڵدا، لە ڕوانگەی لۆژیکیی هەر خەباتێکی ڕزگاریخوازانەوە، دەبوو یەکێک لە داخوازییە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەکە، گۆڕینی ناوی (تورکیا) بووایە بۆ ناوێکی نیوتراڵ (بێلایەن) ،کە گوزارشتی لە هەموو نەتەوەکانی ناو ئەو جوگرافیایە بکردایە. هاوکات دەبوو گۆڕینی بنەڕەتیی دەستووری تورکیا لە پێشەنگی داواکارییەکان بووایە بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمەی کە لەسەر بنەمای یەک-نەتەوەیی کار دەکات.

مەرگی پارت و لە دایکبوونی نەتەوە: ڕووە شەرمەزارەکەی پارادایم

ئەو کتێب و تیوریانەی کە ئۆجەلان لە زینداندا رێگای پێدرا بینووسێتەوە و ناوی پارادایمی لێ بنێت، پەکەکە و شوێنکەوتووەکانی وەکو ماددەیەکی هۆشبەر ئالوودەی بوون، بە جۆرێک کە بەتەواوی سڕ و بێئاگای کردوون، لە ئێستادا، ئەوەی لە ناو مێشکی شوێنکەوتووەکانیدا دەگوزەرێت دۆخێکی تەواو جیاوازە و جێگای داخە (پەکەکە) نەک هەر وازی لە داخوازییە نەتەوەییەکانی خۆی هێنا، بەڵکو تا ئاستێکی زۆر ملکەچی هەموو داخوازییەکانی دەوڵەتی تورک بوو، بە بێ ئەوەی هیچ دەستکەوت یان داخوازییەکی گەورەی بەدەستهێنابێت کە نمایش لە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد بکات.

ئەم داڕمانە گەیشتووەتە ئاستێک، تەنانەت لە بۆنە و گردبوونەوەکانیاندا، ئیستا پەکەک و شوێنکەوتەکانیان ئاڵای تورکیا دەخەنە پاڵ ئاڵای خۆیان. بە تورکی لە نێوان خۆیاندا قسە دەکەن، پەروەردەکەیان پەروەردەیەکی کەسێکی تورکییە، نەک کوردی، لە بارەگاکانیاندا کە ناوی (دەرنەکە)ی تورکییان لێناوە، تەنیا بە تورکی رێگاپێدراوە قسە دەکەن، نەک بە کوردی، ئەم وێنەیە ڕوویەکی شەرمەزارانە و پاشەکشەیەکی ئاشکرای پارادایمەکەی ئۆجەلانە، بۆیە کاتێک پارتێکی سیاسی بەم جۆرە لە چەمکە بنەڕەتییەکان لادەدات ئیتر ناتوانێت نوێنەرایەتیی ئیرادەی ڕاستەقینە بکات، بەڵکو دەمانگەیەنێتە قۆناغێک، کە دەشێت وەک قۆناغی مەرگی پارت و مەرگی نەتەوە بەدوای خۆیاندا رابکێشێت. ئیستا ئێمە لە قۆناغێکداین، پێویستە خەڵکی هۆشیار بێتەوە، نەفرەت لەو پارادایمە حزبییەی ئۆجەلان بکات، کە خەباتەکەی خستۆتە خزمەتی مانەوەی قەوارەی نەتەوەی سەردەست.

لە پەیمانی میللییەوە بۆ نیۆ-عوسمانیزم؛ خەونی فراوانکردنی نەخشەی (تورکیا)

وەک لە سەرەوەدا ڕوونمان کردەوە، کە پاشگری (یا) تەنیا پیتێک نییە لە کۆتایی ناوێکدا، بەڵکو ئامرازێکی زمانەوانییە بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر و خاوەندارێتی تەواوی خاک. ئەم پرۆژە پاوانخوازییە تەنیا لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستای تورکیادا قەتیس نەبووە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە؛ بەڵکو ئەمڕۆ دەبینین چۆن دەوڵەتی تورک چاوی بڕیوەتە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە باشوور و ڕۆژئاوا، تەنانەت لە رۆژهەڵاتیش.

لە پەیمانی میللی تورکدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت، کە دەوڵەتی تورکیا چاوی بڕیوەتە خاکی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، وەک (نیشتمانی تورک) سەیری دەکات، ئەمە تەنیا بانگەشەیەکی کاتی یان هەڵچوونێکی سیاسیی سەردەم نییە، بەڵکو لە عەقڵیەتی دەوڵەتی تورکدا چەسپیوە. لە 28ی کانوونی دووەمی 1920دا، پەرلەمانی عوسمانی بەڵگەنامەیەکی دەرکرد بە ناوی(پەیمانی میللی) (میثاقی میللی). بەپێی ئەم نەخشە و پەیمانە، دەبوو سنوورەکانی دەوڵەتی نوێی تورکیا، هەردوو ویلایەتی موسڵ (کە تەواوی باشووری کوردستان دەگرێتەوە) لەگەڵ ویلایەتی حەلەب (کە ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە) لەخۆ بگرێت.

سەرەڕای ئەوەی پەیماننامەی لۆزان (1923) ئەو خەونەی لێ سەندنەوە، بەڵام تورکەکان هەرگیز دەستبەرداری ئەو خەونە نەبوون. ئێستا، لەژێر چەمکی نیۆ-عوسمانیزم (عوسمانیزمی نوێ)، کار بۆ زیندووکردنەوەی ئەو نەخشەیە دەکەن.

ئامانجی سەرەکی لە لەشکرکێشییەکانی ئێستای تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تەنیا لێدان نییە لە هێزە کوردییەکان، بەڵکو ئامانجە گەورەکەی داگیرکردنی یەکجاریی و لکاندنی ئەو ناوچانەیە بە خاکی خۆیانەوە. ئەگەر ئەم پیلانەیان بۆ بچێتە سەر، نەخشەی تورکیا گەورەتر دەکەن و ڕاستەوخۆ ناسنامەی ئەو ناوچانە دەسڕنەوە.

لێرەدا جارێکی دیکە مەترسییە شاراوەکەی وشەی (تورکیا) دەردەکەوێتەوە. ئەگەر تورکەکان بۆیان بچێتە سەر و هەر شوێنێکی دیکە بگرن، ئەوا دەستبەجێ ئەو شوێنانەش بە (وڵاتی تورکیا) ناو دەبەن. واتە، پاشگری (یا) وەک پەتایەک بەسەر هەر خاکێکدا بڵاو دەبێتەوە، کە سوپاکەیان پێیدا تێدەپەڕێت. کاتێک عەفرین یان سەرێکانی یان هەر ناوچەیەکی باشووری کوردستان دەکەوێتە ژێر دەستیان، لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئیتر ئەو شوێنانە خاکی کورد نییە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە تورکیا، واتە دەبێتە (خاکی تورک).

لە کۆتاییدا پرۆژەی تورکیا، پرۆژەیەکە بۆ هەڵلوشینی خاکی نەتەوەکانی دیکە و لەناوبردنیان. پارادایمەکەی ئۆجەلان، کە ئیستا ئەم کەسە وەک سیخوڕ و تورکێک بیردەکاتەوە و هەڵسوکەوت دەکات، بەئاشکرا بۆ بەدیهێنانی خواستی تورکەکان کار دەکات، ئەو پاشگرەی کە ڕۆژگارێک یۆنانییەکان تەنیا بۆ ناسینەوەی جوگرافیای هۆزەکان بەکاریان دەهێنا، لەسەر دەستی ناسیۆنالیزمی تورکیدا بۆتە چەکێکی کوشندە. لە باکووری کوردستان بە ناوی (تورکیا)وە زمانی کوردیی قەدەغە کرد و ناسنامەی دەسڕنەوە، پارادایم بەشێکە لەو پلانە، لە ئێستاشدا بە هەمان پاساو و بە پشتبەستن بە نەخشە کۆنەکانی عوسمانی، تورکەکان دەیانەوێت بەشەکانی تری کوردستان بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە و مۆری (خاکی تورک)ی لێبدەن.

بۆیە، تێگەیشتن لە ناوی (تورکیا) تەنیا تێگەیشتن نییە لە وشەیەک، بەڵکو تێگەیشتنە لە لۆژیکی داگیرکاری، کە تا زووە دەبێت کورد و نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە خواستی تورکەکان بوەستێنن و سوپا و هێزیان تێک بشکێنرێت، ئەگەر وا نەبێت تورکەکان سنوورەکانیان فراوانتر دەکەن و ناوی خۆیان بەسەر مێژوو و جوگرافیای گەلانی دیکەدا دەسەپێنن.

 

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر