بەرقەرار بوونی ئاشتی و ئاسایش، لە هەموو کات و شوێنێکدا لەسەر گۆی زەوی، گرنگە و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست پێویستە پشتیوانی لێ بکات. هەمیشە وتراوە، کە لە جەنگدا کەس براوە نەبووە و نییە، هەموو لایەنەکانی بەشدار بوو لە جەنگدا زەرەرمەندن بەڵام واقیعی دنیای سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی میللەتان، لە دنیای پر لە بەرژەوەندیی و ملشکاندنی ئەمڕۆدا، ئەوەی سەلماندوە، کە بردنەوەی هەر لایەنێک لەسەر مێزی گفتوگۆدا، پشت ئەستوورە بەبوونی سوپایەکی زەبەلاح لە پشتیەوە، هەروها هەمیشا ئەوەش لە مێژوو و ئەزموونی میللەتاندا سەلمێنراوە، کە هەرگیز ئازادی و سەربەخۆیی هیچ نەتەوە و میللەتێک، لەسەر سنیەکی زێرین پێشکەش ناکرێت، دەبێت داری ئازادی بەخوێن ئاو بدرێت.
دوو ساڵە هەندێک لە میدیا و حزبە کوردیەکان، خەڵکیان سەرقاڵ کردووە، دەهۆڵ بۆ ئەوە دەکوتن، کە گوایە تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، کار دەکەن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، بە تێپەڕاندنی "یاسای پرۆسەی ئاشتی" لە پەرلەمانی تورکیادا، قاڵبێکی یاسای بۆ ئەو پرۆسەیە دادەرێژن و شەرعیەتی پێ دەدەن. ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە، کە لە نووسین و بڵاوکراوەی میدیای سەربەخۆ و حزبەکانی تورکیادا لەسەر ئاستی دەسەڵات و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، لە سەرەتاوە تا ئێستا، هەرگیز دەستەواژەی "پرۆسەی ئاشتی" لە تورکیادا بەکارنەهاتووە. ئەردوغانی سەرۆکی تورکیا، لە گشت وتارەکانی کە لە میدیا لۆکەڵیەکان و بیانیەکاندا بڵاو کرایەوە، هەمیشە ئەو گوتویەتی هەوڵدەدەین بۆ دابین کردنی " تورکیای بێ تیرۆر".
جاران لە ڕێگەی میدیای بەکرێگیراودا، بە ئاسانی میللەت چەواشە دەکرا، لە ڕێککەوتنە سیاسیەکان، لە نەسکۆکان، لە ئاشبەتاڵەکان، لە گرێبەستە ئابوورییە ژێربەژێرەکاندا، لە ڕووداوە سیاسی و سەربازیەکاندا بەڵام ئەمڕۆ ئەینتەرنێت و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و مۆبایل و دەیان ئامرازی دی، شۆڕشێکی مەزنیان لە دنیای میدیادا هەڵگیرساندوە، بە وێنە و بە نووسین و بیستن، هەر کەسێک بیەویت دەتوانێت بگاتە ڕاستی ڕووداوە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سەربازیەکان، بۆیە هەر میدیایەک و لایەنێکی سیاسی بۆ مەرامی تایبەتی و بەرژەوەندیی و دەستکەوتی ماددی، هەوڵی شێواندنی ڕاستی ڕووداوەکان بدات، بێ گومان ئەو جۆرە چەواشەکاریە تەمەنێکی کورتی دەبێت، لەبەرئەوە شەرمە، یاسایەک کە لە پەرلەمانی تورکیادا پەسەند کراوە، هەوڵبدرێت ناونیشانەکەی و نێوەڕۆکەکەی بشێوندرێت و بە جۆرێکی دی لە میللەت بگەیندرێت، واتە یاسای " تورکیایەکی بێ تیرۆر" هەرگیز ناوی یاسای "پرۆسەی ئاشتی" نییە، نێوەڕۆکەکەشی هەرگیز لە بەرژەوەندیی میللەتی کورددا نییە.
لە ١٠/٨/٢٠٢٦دا پەرلەمانی تورکیا، لە دوای دوازدە کاتژمێر لە موناقەشە دەربارەی یاسای "تورکیای بێ تیرۆر"، بەکۆی دەنگی ٤٦٨ ئەندام پەرلەمان، پەسند کرا، بەرامبەر بە ٨٨ دەنگی دژ بە یاساکە. ئەو یاسایە، یاسای لێبوردنی گشتی نییە، بەڵکو بە مەرج لێبوردنی بۆ ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەرکردووە، نەک وەک ئەندامی حزبێکی سیاسی، بەڵکو وەک ئەندامی گروپێکی تیرۆریستی چاویان لێ دەکات و ناویان دەبات. زۆربەی سەرکردەکانی ئەو حزبە و ئۆجەلان بەتایبەتی، ئەو یاسای لێبووردنە نایانگرێتەوە، هەروها بەمەرجی چەکدانان لەو کەسانە دەبورێت، کە لە ماوەی ئەو ٤٠ ساڵەدا کەسیان نەکوشتووە، دەتوانن خۆیان تەسلیم بە دەسەڵاتدارانی تورکیا بکەن، لەسەر ئاستی تاکدا، وەک یەکێک لە خەڵکی مەدەنی لەو وڵاتەدا گوزەر بکەن. بۆ ئەو یاسایە، هێزە کوردیەکان دەبێت چەک دابنێن، ئاشبەتاڵ بە هەموو چالاکی و خەباتیان لە تورکیا و ئەوروپا و سنوورەکانی ناوچەکەدا بکەن.
میدیای تورکیی، هەندێک لە میدیای کوردیی و کەسانێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، بانگەشەی بێهاوتا بۆ تێپەڕاندنی " یاسای تورکیای بێ تیرۆر" دەکەن. میدیای کوردیی و چەند لایەنێکی سیاسیی بە ناوی یاسای سەرکەوتنی "پرۆسەی ئاشتی" لە تورکیا بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام هەرگیز میدیای تورکیی و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ناویان نەناوا "یاسای پرۆسەی ئاشتی"، بەڵکو یاساکە ناوی " یاسای تورکیای بێ تیرۆرە". واتە تورکیا هەر لەسەرەتاوە ددان بەوەدا نانێت، کە لەگەڵ لایەنێکی سیاسی کوردیی دیاریکراودا کە تەمسیلی میللەتی کورد دەکات لەو وڵاتەدا لە گفتۆگۆدا بووە، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئآشتی، چارەسەر کردنی کێشەی میللەتێکی چل ملیۆنی، کە ئەو بە کەمینە ناویان دەبات! لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، کە تورکیا بەرامبەر ئەوە، داوای ئاشبەتاڵ لە ئەندامانی حزبی کرێکارانی کوردستان دەکات، کە چەکەکانیان دابنێن و کۆتایی بە بزوتنەوە سیاسیی و چەکداریی بهێنن. بە کورت و کرمانجی تورکیا دەڵێت، جوڵانەوەی کورد کۆتایی پێ بهێنن، ئەو یاسایە لەوە زێتر هەڵناگرێت، ئیتر دەبێ بۆ لە میدیا کوردیەکاندا بە شانوباڵی ئەو هەناگاوەدا هەڵبڵێن، خۆڵ بکەنە چاوی میللەت و چەواشە بکرێن!
خەباتی درێژخایەنی نزیک لە نیو سەدە، بۆ ئەوە نەبووە کە ئەمڕۆ، تورکیا یاسای لێبوردن لەسەر ئاستی تاکەکانی نێو حزبە کوردییەکانی باکووری وڵات دەربکات، ئەڵبەتە کێشەی میللەتی کورد دیارە کە کێشەی خاکە، ئاڵایە ددان پێدانانە بە مافی میللەتێکێ ژێردەستە، ئەوەی چل ساڵ لەمەوبەر چۆتە ناو هەر حزبێکی دیاریکراو و سەری خۆی تێیددا سپی کردووە، ئەم ئامانجە نەبووە کە ئەمڕۆ بە یاسایەکی لەو جۆرە ئاشبەتاڵ بە جوڵانەوەی سیاسیی میللەتی کورددا بکرێت لە باکوور و شاخەکانی کوردستانی بۆ چۆڵ بکرێت.
ئەم یاسایە لە بەرژەوەندیی سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی تورکیایە. نەمانی دەنگی ناڕەزا و جوڵانەوەی سیاسی و سەربازیی کوردیی لەو ناوچەیەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیا بە ئاسانی دامودەزگە هەواڵگری و سەربازیەکانی لە ناوچەکەدا بەهێزتر و چڕوپڕتر بکات، هەروها بەبێ بوونی ترس و دڵەڕاوکێ سەرچاوە ئابووریەکانی باشووری کوردستان زێتر کۆنتڕۆڵ بکات و دەسەڵاتەکانی بەرفرەوانتر بکات لەسەر ئاستی ناوچەکەدا. بە چۆڵ کردنی قەندیل گورزێکی مەزن لە بزوتنەوەی ڕزگاریی میللەتی کورد لەهەر چوارپارچەکەدا بدات، بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژئاوای وڵات. تەسلیم بوون بە تورکیا، ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوە لای میللەتی کورد کەم دەکات و متمانەی بە سەرکردە و بزوتنەوە سیاسیی و سەربازیەکان و هەوڵدان و خەبات نامێنێت.
نەمانی فشاری هێزی چەکداری کوردیی، لەسەر سنوورەکان ڕێگە بۆ تورکیا زێتر خۆش دەکات، کە سنوور ببڕێت بۆ قوڵایی ئەو ناوچانەی کە گاز و وزەی سروشتی تێددایە، کە بەهۆیەوە پڕۆژە ئابووریەکانی لە ناوچەکەدا بەرفرەوانتر بێت. بێگومان هەبوونی پڕۆژەی ئابووریی زەبەلاح، پێویستی بە بوونی هێزی سەربازیی و هەواڵگریی زەبەلاحی تورکیی زێتر هەیە، کە لەگەڵ کاتدا جێگە و پێگەی خۆیان لە ناوچەکەدا لەجاران زێتر پتەو دەکەن.
بەم یاسایە تورکیا هەوڵدەدات ئەو سنوورانەی واڵا بووە وەک سنووری سووریا و عیراق و ئیران و تورکیا بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەژموونی خۆی، تەژی بکات لە میلشیا داعشەکان، بەناوی ئەوەی کە ئەو لەگەڵ پاراستنی سیادە و یەکێتی سنوور و خاکی ئیران و سوریا و عیراقە، بەڵام لە ئەنجامدا لە ئایندەدا چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت، کە تورکیا هێزەکانی لەنێو سوریا و باشووری کوردستان بکشێنێتەوە، لە کاتێکدا ئێستا گەورەترین کۆسپ لەبەردەم سەرکەوتنی ئەو ستراتیژیەتە، بوونی هێزی چەکداری کوردییە لە ناوچەکەدا.
لەدەرئەنجادا، دەبێت ئەوە بگوترێت، کە هێزە کوردیەکانی باکووری وڵات، بەبەراورد بە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا، لە ڕووی ئابوورییەوە ئیمکاناتی باشیان هەیە، پێگەی جەماوەریی بەهێزیان لە نێو وڵات و دەرەوەی وڵاتدا هەیە. لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی و ناوەخۆدا ناسراون و زێتر گەشەیان کردووە، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیان بەستووە، سنووری دەسەڵاتی سیاسی و سەربازییان فرەوانتر بووە، خاوەن میدیای زەبەلاحن، هێزی چەکداری پتەوتریان هەیە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو باکوور تا دەگات بە باشووری کوردستان، بۆیە دەبێت ئەو سەرکەوتنە ڕەچاو بکەن، کە بە گیانفیدای، ماندوو بوون، هێز و بازووی کوڕی خەڵکی هەژاری نێو ئەو میللەتە گەیشتونەتە ئەو ئاستە، ڕای گشتی نێو هێز و میللەتەکەیان لا گرنگ بێت، بەو جۆرە یاسایا فریو نەخۆن، بنمێچی داواکاری سیاسیی و نیشتمانیی و نەتەوەیان بەرز بکەنەوە، مەرجی سیاسی و دەستکەوتی دیموکراسی و سەربەخۆیی خۆیان هەبێت و پێداگری بکەن.

