Pro Blogger Templates

ئەسپی عەرەبی و کەرامەتی کوردی

 

لەسەر ئەوەی کورد کەرامەتی لەکەدار نەبێت حکومڕانی باشووری کوردستان بەگشتی و بەدیاریکراوی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوەڕاستی مایسی ٢٠٢٥ دا لە کۆنگرەی یەکگرتنی دوو ڕێکخراوی حیزبەکەی لێدوانێکی توندی لەسەر کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا کە وتی چیتر قابیلی قبوڵ نیە ودواکەوتنی موچە کەرامەتی ئێمە و شەهیدان دەشکێنێت، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت گۆزەکە دەشکێنین. کاتێک جەنابی سەرۆک لە گرمەی قسەکانیدابوو و جەماوەرەکەی خەریکی چەپلە پێدا هەڵدانبوون لە هۆڵێکی شاری هەولێردا. چەند کیلۆمەترێک ئەولاتر نەوەی جەنابی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی پلانبۆدانراوی کابینەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان یان دروستتر بڵێم دەوڵەتی کوردستان، شازادە ئامادەکراوەکەی بنەماڵەی سەرۆک، ئارین مەسرور لە هۆڵێکی ئەسپسواری تایبەتدا ڕاهێنانی بە ئەسپە عەرەبیەکەی دەکرد بۆ ئەوەی لەبەردەم شازادەکانی کەنداوی عەرەبیدا بحیلێنێت و تاکە ئەستێرەی سەرشانی بە ئەندازەی دوو خەنجەر و بازێک خۆیان وێنا بکەن!
کاتێک جەنابی سەرۆک فەرمووی قابیلی قبوڵ نیە خەڵکەکەمان کەرامەتی بۆ موچە بشکێت، بیری چوو ئەو دەمێکە لەم شەڕەدا دۆڕاوە چونکە نەک تەنیا خۆی بە هەڵە لە پێناسەی کەرامەت گەیشتووە، بەڵکو کوڕەکەشی بەهەڵە لە پێناسەی سوپاس گەیشتووە و نەوەکەشی بە هەڵە لە پێناسەی شازادەبوون تێگەیشتووە.
لەکاتێکدا دوو مانگی تەواو بەسەر دواین موچەدا تێپەڕیوە، بارۆدۆخی کوردستان گەیشتۆتە ڕادەیەک ئیتر دەرفەتی پشوودرێژی نەماوە،  نە جەنابی سەرۆک لە کۆشکەکەی هاتۆتەدەر، نە کوڕەکەی سوپاس و خۆڕاگریەکانی بۆ دەژمێردرێن، نە ئەسپە شاهانەکەی نەوەکەی بۆ جارێکیش لە برسا حیلاندوویەتی. ئەوان لە خۆشترین ساتەکانی ژیانیاندا گوزەر دەکەن و خەڵکی هەرێمی کوردستانیان خستۆتە ناخۆشترین بارۆدۆخی مێژوویی.
بەکورتی دەیبڕێنمەوە، شەڕ و پێکدانان و کودەتای یەک سەدەی ڕابردووی عێراق و وڵاتانی دەوروبەری هیچ وانەیەکی کرداری فێری جەنابی سەرۆک نەکردوە و ئەو هێشتا پێی وایە تەختە زێڕینەکەی بۆ ڕۆژێکیش بێت لە کۆشکەکەیدا دادەنرێت و بە تاجێکەوە لەسەر کورسیەکە دادەنیشێت، بێ ئاگایە لەوەی بەرگەی یەک شەپۆلی لەناکاوی ناڕەزایەتیەکان ناگرێت و کۆتایی بە خۆی و سەردەمەکەی دێت و خۆی و نەوەکانی دەربازیان نابێت.
ڕۆژێک دێت چیتر ئەسپی عەرەبی و کەرامەتی کورد لەیەک کێڵگەدا کۆنابنەوە، چیتر خەڵکی کوردستان قبوڵی ناکات بەخێوکردنی ئەسپی عەرەبی بۆ ئێوە ژیان و شاهانەیی بێت، بۆ خەڵکەکەش خەم و ئازار.

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر