Pro Blogger Templates

کۆیلەی سەرشۆڕ نایەڵێت بحەسێینەوە !


 لەقۆناغێک دا ئەژین کە بەشێوەیەکی ڕانەگەیەنراو کۆیلایەتی بووە بە یاسای فەرمی دەسەڵاتی زۆنەکان بەسەوز و زەرد و شین و نیللی یەوە !

کۆیلەکانی کۆمەڵگە لە ئێستادا دابەشبوون بەسەر کۆیلەی فەقیری دەستەمۆکراو و بێکار و کۆیلەی دابەستەی زورنا ژەن تاڕادەی پەرستن و بەوەلی ئەمرکردن و دەرکردنیان لە سیفاتی بەشەری !

ئێستا لەکۆمەڵگەی کوردیدا جۆرە کۆیلایەتیەک بووە بە مۆدێل ئەویش خۆی داوای ئەکات بەبێ ئەوەی ئاغاکانیان لە کۆشکە بەرزەکانەوە ئاگاداری ئەم چەمینەوانەبن !

بۆ ئەبیتە کۆیلە لەکاتێکدا داوات لێنەکراوە ؟

بۆچی هێندە ماددەیەکی خاوی ڕزیوت هەیە کە بەرگەی بەپێوە وەستان ناگریت ؟

بۆ دەبیتە موڵکی کەسانێکی تر و ملکەچی سەرجەم داوا و خواستەکانیان ئەبیت لەبەرامبەر پێدانی مافێکی زۆر سادەو کەم کە هی خۆتە ئاغاکەت بردویەتی ؟!

بۆ هێندە لاوازیت توانای ململانێ و یاخی بوونت نیە ؟!

بۆ نابێت( نا ) بکەیت بۆ گەورەکەت کە کارێکی هەڵە یان تاوانێک ئەنجام ئەدات ؟!

قۆناغێکی زۆر مەترسیدارە ، ئێستا لە بێدەنگی تاکەکانی کۆمەڵگەدا و دەنگ هەڵنەبڕینی پێکەوەییانە دا ، ووڵات خەریکە یەک پارچە ئەبێتە ساحەی دروستکردنی کۆیلەی ( پارە ، حیزب ، ئافرەت ، پۆست ، بەرژەوەندی ..هتد ) .

بۆ ئەبێت تۆی کۆیلە بەردەوام بۆن و بەرامەی تەوالێتی ئاغاکانتان بە بۆنی شانێڵی فەڕەنسی پێمانی بفرۆشنەوە ؟!

بۆ ئەبێت شاڕێگەی گۆڕانکاری حەتمی و دروستبوونی دونیایەکی ئازادمان لێ دوور بخەنەوە لە کاتێکدا گومان لەوەدا نیە هەر ئەبێت ڕۆژێک خۆری خۆشگوزەرانی هەڵبێت ؟!

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر