بیرمەندی کوردەواریی مامۆستای مەسعوود محەمەد دەفەرموێت:" چەند لەسەر حەق بووم کە دەمگوت، ئەگەر چارەنووسی کورد لە دەست مندا بێت، حکومەتی کوردی بە قۆنتەرات دەدەمە شەریکەیەکی سوێدی، نەرویجی، سویسرەیی.. بە نیوە مەسرەف دەمحەسێنێتەوە".(١)
لە وتاری پێشوومدا لە کوردستانپۆستی هێژادا وتم: " کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو نرخە بدەینە دەسەڵات و حیزب و ڕۆشنبیرەکان، کە هەیانە".
دەسەڵات - ئەگەر چاودێریی و لێپرسینەوەی لەسەر نەبێت، هەمووی قووت دەدات و دەڵێ: ماوە قووتی بدەم؟! (٢)
حیزب - ئەگەر قەڵەمی پێ بوو، ئەوا بیر بەرهەمدێنێ و ئەگەر لە دەسەڵاتدا بووبە چەکەوە، ئەوە پشێویی و گەندەڵیی و خوێنڕشتن!
ڕۆشنبیر- ئەگەر لەدەوری دەسەڵات خولایەوە، تووشی هەموو ئەو نەخۆشیانە دەبێت کە تووشی دەسەڵات دەبن، بۆڕۆشنبیر هەر زوو لە نەخۆشی تێپەڕ دەکات و خۆی دەبێتە "نەخۆشی"، ئەگەر دەسەڵات و حیزبیشی شیکردەوە وەک کە هەن و هەڵوێستی لێگرتن، ئەوا سەری لەسەر دەستی خۆی هەڵدەگرێ!.
ئەمە یەکەم لێکدانەوەمە سەبارەت بەو " بەها و نرخانە" بۆ ئەو دەسەڵاتانەی کە ڕۆڵی چارەنووسسازییان هەیە بۆ نەتەوەی کورد، لە ئێستاشدا باشووری کوردستان وەک ئەزموونێکی نەخۆشی پەککەوتوو.
هیچ گرفتێک چارەسەر ناکرێت تا گرفتی سیاسی(دەسەڵاتدار) چارەسەر نەکرێت، کەواتە هەموو گرفتەکانی ناو کۆمەڵگە ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی سیاسی فەرمانڕانن لە ناو ئەو کۆمەڵگەیەدا.
ئەو دوو پرسیارە کە ناونیشانن (ڕەنگە بەشی تریشی بەدوودا بێن)، بناغەی لێکدانەوەکەمە کە بەراووردکاریکەیشی تێدا هەست پێدەکرێت، یا دروسستتر لە میانەی باسی سوێدەوە، نەخۆشییەکانی کۆمەڵگەی خۆمان، خۆیان دێنە بەر زەین و خۆیان پیشاندەدەن.
• لە سوێد كی نابینین؟!
لە پلەی یەکەمدا ئێمە لە سوێد، "حوکوومەت" نابینین، لە پاش هەڵبژاردن، ئێدی نازانین ناوی چییە؟ کوڕی کێیە؟ کێ کوڕییەتی؟ نیشانەیەکی تایبەتی، گردێکی تایبەتی، ئوتۆمۆبیلێکی تایبەتی، کافەتریایەکی تایبەتی، ڕێستۆرانتێکی تایبەتی، زانکۆیەکی تایبەتی و فڕۆکەیەکی تایبەتیمان نەبینیووە بڵێن ئەوە هی حوکوومەتە و هی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانێتین!!!.
لە قوتابخانەکانی سوێد، ناوی سەرۆک وەزیران و حیزبی سەرۆک وەزیران و دینی سەرۆک وەزیران بە منداڵەکان فێرناکەن، زۆرینەی قوتابیانی سوێدی نازانن سەرۆک وەزیرەکەیان ناوی چییە، بەڵام سیاسەت و یاسا و ئەو سیستەمە دەناسن کە سەرەک وەزیرانی سوێدی چاودێرە بەسەریانەوە کە نەبادا بە جۆرێکی نەشیاو جێبەجێ بکرێن و سوودی خراپیان لێوەربگیرێت و بەلاڕێدا ببرێن. ئێمە ئاینی حوکوومەتی سوێدی ناناسین، بەڵام دەزانین بە پێی یەکێک لە یاسا بنچینەییەکانی سوێد" یاسای ڕادەربڕین" حکوومەت، بەیەک ماوە و وەکو یەک مامەڵە لەتەک هەموو هاونیشتمانییە بەئاین جووداکان دەکات.
ئێمە لە سوێد، وێنەی سەرۆک وەزیران نابینین، نە لە فەرمانگە فەرمییەکان و نە لە قوتابخانەکان و زانکۆ و شوێنی کارکردنەکاندا، لەو سەرەتایانەوە ئێمە کە هاتینە سوێد و لە قوتابخانە زمانی سوێدی و کۆمەڵگای سوێدمان دەخوێند، بە پرۆگرامی نەخشە بۆ کێشرا و دەیانبردین بۆ سەردانی ئەو جێگایانەی کە مێژووی درووستکردنی ئەم وڵاتەیان دەگێڕایەوە. بۆ نموونە جارێک ئێمەیان برد بۆ کارخانەی بەرهەمهێنانی ئاسن کە لە شاری (ساندڤیکن) ە و کۆمپانیاکەش ناوی (ساندڤیک)ە (٣) SANDVIK لەوێ ئەوەی کە سەرجی ڕاکێشام، پۆستەری گەورەی داهێنانەکانی ئەم کارخانەیە بوو، یەکێک لەو پۆستەرانە وێنەیەکی گەورەی (بۆڵبرین) بوو، ئەم داهێنانەی ئەم کارخانەیە قەڵەمبازێکی گەورەی دا بە گواستنەوەی جووڵە و وزە لە ئامێرەکاندا، تەنانەت هەموو ئەو ساچمە وردانەی سەری نووکی پاندانی جاف، داهێنان و دروستکراوی ئەم کارخانە سوێدییە بەناوبانگەن. هەموو بەشەکانی کارخانەکە گەڕاین، یەک وێنەی(٣بە٤ سم)ی نە سەرۆک وەزیران نە پاشای سوێدمان نەبینی، هەر لەو کاتەدا لە ناو کارخانەکەدا ئەو یادگارە هاتەوە بیرم لە قوتابخانەی ئامادەیی هەڵکەوت لە سلێمانی، کە لە پۆلەکەی ئێمەدا دوو وێنەی گەورەی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی عێراق و جێگرەکەی، واتە ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حوسێن لەسەرووی تەختە ڕەشەکەوە هەڵواسرابوون، قووتابییەکمان هەبوو چەتوون بوو، جگەرەی دەکێشا، هەمیشە جگەرەکانی لەپشت ئەو دوو وێنەیەوە دادەنان، چوونکە دەیزانی هیچ کەس با مامۆستاش بێت، نەیان دەوێرا دەست لەو وێنانە بدەن. پاش ڕاپەڕین ئەمە دووبارە بووەوە، ئەمجارە لە زۆر شوێن دەبوو وێنەیەکی دووقوولوی(مامە و کاکە)هەڵبواسن، بە جلی کوردی و بە جلی ئەفەندییەوە...!!.
دەسەڵاتەکان، لە ناوەرۆکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکتری بەرهەم دێننەوە، ئەگەر لە میسر، ئاستی ئاوی ڕووباری نیل، پێنج سانتیمەتر لەبەر هەر هۆیەک داببەزێ، ئەوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە دەیبیستین، کە سەرۆکۆمار عەبدول فەتاح سیسی، فەرمانی داوە کە بزانن هۆی چییە، ئاوی ڕووباری نیل دابەزیوە؟! ئەم هەواڵە لە ژێر وێنەیەکی گەورەی سەرۆکۆماردا لە ڕۆژنامەی ئەهرامدا بڵاودەکرێتەوە و کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەلعەرەبییەش هەواڵەکە لە بەرنامەی(سەعاتێکی هەواڵەکان) دا، بڵاو دەکاتەوە و ڕەنگە هەندێ لە ڕۆشنبیرانی ناو بازنەی دەسەڵاتیش، بە دوای گوومانەکاندا بگەڕێن کە ئایا ئەم کەمبوونەوەی ئاوە، دەستی دەرەکەی و ئیسرائیلی تێدایە یان نا؟! ئەمە کاری ئەوانە و سکرتێری سەرۆکۆمار ڕاپۆرتەکەی ئەوان دەخوێنێتەوە و پوختەکی پێشکەش بە سەرۆکۆمار دەکات!!!. ڕۆشنبیرانی میسری نەخەوتوون و لە پشت سەرۆکۆمارەکەیانەوە سنوورەکانی وڵات دەپارێزن!!!.
ئێمە لە سوێد، پەرلەمانتاری سیاسی و سیاسی پەرلەمانتار نابینین، نە لە سەر جادە، نە لە دوکان و مۆڵەکاندا، نە لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، نە لە کاتی عەمرە و حەجدا، نە لە دانیشتن و زەماوەندی تایبەتیدا، ناشزانین کامە (باخ و کامە کاخ و کامە ئاخ)(٤)، هی ئەوانە و ئەوان خێوی کێن و خاوەنی چین؟!!!. ئەگەر سیاسەت دەکەیت و سیاسەتبازی، نابێ بازرگان و زەوی باز و دووکان باز بیت، ئەوانە لەگەڵ بەڕێوەبردنی خەڵک یەک نایەنەوە و دانوویان پێکەوە ناکوڵیت و تۆش وەک سیاسەتباز ناتوانیت ئەو مەنجەڵە بیت، ئەم جووداییانە لە ناو خۆتدا بکوڵێنی. ئەمە سەرەتایەکی سیاسەتکردنە لە سوێد، ئەو کاتەش کە هەڵتدەبژێرن بۆ پەرلەمانی سوێد(بە سوێدی بە پەرلەمان دەڵێن: ڕیکسداگن) دەبێت واز لە پیشەکەت بێنی و خۆت بۆ کاری پەرلەمانیی تەرخان بکەیت، پەرلەمانتارییەکەشت، تەنیا ئامڕازێکە بۆ دانانی یاسا و جێبەجێکردنی یاساکان و لێپرسینەوە لە حوکوومەت، ئەو چوار ساڵە تۆ بەشێکی لە چاوی خەڵک بەسەر حوکوومەتەوە. ئەگەر پیاڵەیەک گوڵەبەڕۆژە، وەک دیاری لەکەسێک وەربگریت، خەتاباریت کردووە و دەبێ وەڵامی پرسەکانی دادگا بدەیتەوە.
ئەم خەڵکانە خۆ هەر لەناو سوێدان و سوێدین و دێن و دەچن، بەڵام لەبەر ئەوەی کە (هێما و نیشانە و ئەتوارێکی تایبەت) لە خۆیان پیشان نادەن، بۆیە ئێمە ئەوان و بەگشتی خەڵکەکە لەیەکتر جوودا ناکەینەوە و تەنیا خەڵک دەبینین، نەک خەڵکێکی تایبەت.... .
ئێمە لە سوێد، بەڕێوەبەر و کاربەدەستی پلە باڵای فەرمانگە فەرمییەکان وتایبەتییەکان و تێکەڵاوەکان نابینین و ناناسین، چوونکە ئەوان بە جلوبەرگ و بە ڕەفتار و بە ئەتوار، وەک هەموو ئێمە پانتۆڵێکی جینز و تیشێرتێکی هەتاو بردوویان لەبەردایە و لەسەر هەمان کورسی ناو باخ و پارکەکان، دادەنیشن و یا پەرداخی قاوەیەکیان بە دەستەوەیە یا ئەگەر هاوین بوو دۆندرمەیەک هەروەک ئەوەی کە من بەدەستمەوەیە. زۆر جاران لە خۆمانم دیووە بەپۆشاک و بە ڕەفتار و بە ئەتوار، ناسیومەتەوە کە سەر بە وڵاتێکی ئەو ڕۆژهەڵاتەی ناوەڕاستە، لە حاڵێکدا زۆر ڕێی تێ دەچێت، کە پارەی پۆشاک و جلەکەی، لەو پارەی باجە کڕڕابێت، کە ئەو بەڕێوەبەر و کاربەدەستە باڵایە دەیدات بە حوکوومەت، حوکوومەتیش لە ڕێگای یاسای دەستەبەرکردنی ژیان بۆ هەموو خەڵکێکی ناو سوێد کە مۆڵەتی مانەوەی لەم وڵاتەدا هەبێت، مانگانە بڕێکی دیاریی کراویی لێدەیدات بەم کەسە، لەوەشدا ناسینەوەکەم نیشانی پێکاوە، کە ڕەفتار و ئەتواری لە کاربەدەست و سەرۆکی حیزب و پەرلەمانتاری یەکێک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، قەرزکردووە، خەڵکی خۆمانم دیتووە هەمان ڕەفتاری پاسەوانەکانی بەرپرسێکی جەلالی و مەلای لە خۆی پیشانداوە و وەکی ئەوان لەگەڵ من و لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ خەڵکدا ڕەفتاری کردووە.... .
ئەڵقەی یەکەم بوو لە سەرنجەکانم سەبارەت بە (با هەر ئەو نرخە بدەین بە دەسەڵات، خێڵ- حیزب و ڕۆشنبیر، کە هەیانە)...
...........
سەرنج/
(١) کتێبی مرۆڤ و دەوروبەر،
بیرمەندی کوردەواریی مەسعوود محەمەد، لاپەڕەی ١٩٦ بەشی سێێەم. مامۆستا مەسعوود کە دەسەڵاتی خێڵ-حیزبی کوردی(جەلالی و مەلایی) دەبینێت، داکۆکی لە قسەیەکی کە لە ڕابووردا کردوویەتی، دەکاتەوە، یادت بەخێر بێت هەمیشە.
(٢) هەڵبژاردن،
هەڵبژاردن گەرەنتی نییە بۆ نەشکاندنی متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتێک یا حیزبێک، هەر دەسەڵاتێک چاودێرییەکی تووند نەکرێت، لە پلەی هەرەباڵادا دەبێتە دیکتاورێک، هێتلەر بە هەڵبژاردن هاتە سەر کورسی دەسەڵات و لە حیزبی کۆمۆنیستی بردەوە، بەڵام چوونکە دەزگایەک نەبوو کە چاودێریی بکات، ئەوەی بەرهەمهێنا، کە بەرهەمیی هێنا. لە هەموو ولاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەڵبژاردن دەکرێت، باڵام ئەوەی سەیرە بۆ موونە لە ئێران: هەر ئاخووندەکان و سەر بە بەوان دەیبەنەوە، زۆر سادەیە، چوونکە هەڵبژاردن چاولێکەرییەکی درۆزنانەیە، نەکردنی باشترە، چوونکە شکۆ و مانی هەڵبژاردن و دیمۆکراسی ناشرین و قێزەونکردووە.
(٣) ئەوە ڕێکلام نییە بۆ هیچ لایەنێکی بازرگانی،
بەڵکو من وەک قوتابییەک سەردانی ئەو کارخانەیەم کردووە و ئەوە دەگێڕمەوە کە بینیوومە، کارخانەکانی سوێدیش، زۆر لەوە بەناو بانگترن کە نووسینی من، ببێتە ڕێکلام بۆیان.
(٤) باخ و کاخ و ئاخ
باخ- دیارە و هەموومان ئاشناین پێی، وەک باخی بەختیاری لە سلێمانی و باخی ئاویەر لە سنەی ئازیز، باخی قازی لە سابڵاغێ، باخی ىێریتان لە ئامەد، باخی ئاسیا لە کۆبانێ، باخی ژینا لە سەقز، باخی بابەگوڕگوڕ لە کەرکووک.... ناوی هەندێ لەم باخانە هەڵبژاردەی خەیاڵی خۆمە کە باوەڕم پێیەتی لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا، لە نیشتمانی ڕزگارکراویی کوردستان، ئەم باخانە دێنە بنیات نان و سەوزبوون.
کاخ- کۆشک و خانووی فراوان و چەند نهۆمی، وەک ئەوانەی سەرۆکی خێڵ-حیزب و بەرپرسەکانی حیزبی و سەرمایەداری هەڵتۆقێنراوی ناو بازنەی حیزب و ماڵباتەکان و سەرکردەیەتی حیزبی ئیسلامی سیاسی لە باشووری داگیرکراودا، هەیانە.
ئاخ – زەوی، خاک، ئێستا لە باشوور(دۆنم)ی پێدەڵێن، چوونکە بەرپرسەکان زەوییەکانیان، کە موڵکی خەڵکە و گشتییە، دابڕ دابڕیان کردوون، بە دەیان و سەدان دۆنم، هەروەکو سەردەمی عوسمانییە داگیرکەرەکان، بەگوریس لە سەر خۆیان و کچ و ژن و کوڕانیان تاپۆی دەکەن... نەیخۆن تاڵە، با سەردەمێک ئاوا بێت، لەم سەردەمانەمان زۆر بینی و لەم تەرزە فەرمانڕانانەمان فرە بینی و دادگای گەل، هەمووی بۆ تۆمارکردوون و لە ڕۆژی خۆیدا، لە وردەکارییەکانی دەکۆڵیتەوە و ئێوەش دەبێت وەڵامی بدەنەوە، چاوەڕوان بن....
(٥) ڕۆشنبیر-
مەبەست لەو ڕۆشنبیرە زانا و جوان و ژیکەلە و بە ئامانج کوردستانیانەن کە هەر حەز دەکەیت گوێ بۆ شیکارییەکانیان ڕابگریت و چاوت ڕووندەبێتەوە و دڵت دەگەشیتەوە کە هەڵوێست و بوێریی و بەگژداچوونەوەکانیان دەژنەفی.
(٦) فشنبیر -
ئەو خۆ بەڕۆشنبیر زانانەن، کە کاتێ قسان دەکەن، مرۆڤ لە ئاستی خۆیەوە تەریق دەبێتەوە و هەندێ جار هێڵنجی دێت، چوونکە بە جێگای داخی دەزانێ کە ئەمانە بەزمانی کوردی ئەو قسانە دەکەن، بۆ نموونە جارێکیان دکتۆرێکی زانکۆی فشنبیر گوتی:" ئەگەر
ئێمە لەگەڵ پەکەکە بکەوینە شەڕ بەسەریاندا زاڵ دەبین، چوونکە زووربەی چەکدارەکانی ئەوان زەعیفەن"!. ئەم فشبیرە دکتۆری زانکۆیە و سەر بە حیزبەکەی ماڵباتی قیادەمووەقەتەیە.

