Pro Blogger Templates

دەزانن بۆچی لە پڕۆسەی ئاشیدا شەڕ دەبینم !؟


 باشترین ڕێگە بۆ دامرکاندنەوەی مشتومڕێک ئەوەیە، کە بەهێوری گوێ لەڕای پێچەوانە بگریت. لەوەش ژیرانەتر ئەوەیە، کە خەڵک ڕازی بکەیت شتێک بکەن و وایان لێبکەیت پێیان وابێت کە ئەوشتە بیرۆکەی خۆیانە دەیکەن. هەموومان دەزانین کە ڕێبەرایەتی لەبنچینەدا پەیوەندی بەوەوە هەیە خەڵکی بەئاراستەیەکی دیاریکراو بجوڵێنیت و زۆریش لەڕێگەی گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوەیان و کردارەکانیان بۆئەوەی کە ڕووبەڕووی حەتمێت بوویتەوە لەچاوەڕوانیدا قەتیس نەمێنیت. 

 عەبدوڵا ئۆجەلان لەلای ڕژێم و خەڵکی تورکیا تاوانبارە بە شەڕکردن لەپێناو مافی مرۆڤ و ئازادیدا، تاوانبارە بەشەڕلە دژی نادادگەرەکانی تورک، تاوان بارە بەشەڕ لەپێناو گەلە سەرکوتکراوەکەی و لەتکردنی تورکیا، بۆیە ئێمە نازانین داخۆ لە دادگا قەرەقوشێکەی تورکیادا ئۆجەلان دانی بەوەدا ناوە کە پلانی هەبووە لەهەوڵی زەرەر گەیاندن بەڕژێم و دەوڵەتی تورکیا؟ 

 ئۆجەلان دەیزانی سەرکەشی کردووە بۆیە سزای مەرگ لای ئۆجەلان حەتمێتی ڕێگاکەی بوو لەناو تێزەکانیدا ئەمە بەڕوونی دەبینیت. 

 لە ڕێبەرایەتی کردندا بەشێکی زۆری کارەکان ڕەمزیە، بۆیە بەزمانی یاری ئەگەر سەیری بکەین، ئۆجەلان تۆپەکەی دەویست بیخاتە ناو ساحەی تورکەکانەوە لەڕێگەی پڕۆژەیەک کەناوی ئاشتییە، پاس بداتە ئەوانی تر و پێیان بڵێت ئێوەش شوتی خۆتان لێدەن و یارێکە بڵێزن ئێستا. 

پرسیارەکە لێرەدایە بۆچی ئۆجەلان بڕوای بەفەزیلەتەکانی تیم نەبووە، بەدرێژای نیو سەدە لەکارکردن کاتێک گروپ گەلی زۆری لەبەر دەمدا بووە بەڵام ئەو بڕیاردەری زۆری ڕووداوەکان بووە بەئێستاشەوە کە لەبەردەم ڕەحمەتی تورک دایە لەزینداندا.

ئێستا کاتی ئەوەیە بزانین دەسەڵاتداران لەناو تورکیادا چۆن دەڕوانن لەم ئاشتیە؟

 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو

 سەرۆکی زیندایکراوی شارەوانی ئەستەنبوڵ‌ و کاندیدی جەهەبە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا، دەڵێت :

"مەحاڵە ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە شوێنێکدا بنیات بنرێت، کە ڕۆژانە بەرپرسانی هەڵبژێردراو لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەستگیر بکرێت". 

 ئەمە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە تورک بە چەپ و ڕاست یان نەتەوەپەرست و دیندار بێ دین  کە لە دەسەڵاتدان هەموویان بەگشتی تورکیایان کردۆتە زیندانێکی گەورە و ترسناک، نەک ئاشتی تێیدا بەر قەرار نابێت، بەڵکو سەرزەمینێکە سەدان ساڵە لەسەر حاشاکردن لەهەموو نەتەوەکانی تر کار دەکەن.ئێستا کۆمەڵیك داماو دەڵێن ئەم ئاشتی و پێکەوە ژیانە جیاوازە، ئەم قسەیەی ئیمامنۆغڵو لەتای تەرازووی ئەو کەسانەدا هاوسەنگ نابێت. بەتایبەتی ئێمەی کورد گرفتێکمان هەیە ئەوەی وەک ئێمە بیری نەکردەوە ئیتر دوژمنە. بەندە لەکتێبی چیرۆکەکانی چیادا باسی ئەو جەنەڕالە تورکە فاشیەم کرد کە بەئێمەی ووت:"ئێرە تورکیایە بۆتان نییە جگەرەشی تیا بە بابکەن، لەسەر سنور لەناوجەرگەی کوردستاندا. ئێستا تۆ چەکەکەت دادەنێت بەتەمایت لەشیرینی ئاشتی بخۆیت.

عومەر چەلیک

 جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاكەپە لەبارەی رێوڕەسمەكەی چەكدادانی گروپێك لە گەریلاكانی پەكەكە رایگەیاند، هەنگاوی یەكەم بۆ چەكدادانی پەكەكە نرا. دەشڵێت، دەبێت پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی پەكەكە بەهەمو لقەكانییەوە بە زوویی تەواوبكرێت. لەپێناو هێنانەدی ئامانجی ئەم پڕۆسەیە مسۆگەر بكرێت كە پڕۆژەی دەوڵەتە بە ویستی سەرۆكمان، ئیمە بە چاو كراوەیی دەمێنینەوە لەدژی سەرجەم ئیستیفزازەكان." پڕۆسەی چەكدانان جگە لە پەكەكە، هەسەدە و پژاكیش دەگرێتەوە".

عومەر چەلیک ڕاستدەکات و نایشارێتەوە کە تورک ئەوەی دەوێت دەیهێنێتەوە بیرتان کە دەیان ووت لەکیشۆری ئەفەریقاش قەوارە بۆ کورد دروست بێت ئێمە ڕێگە نادەین، بەڕاستی خێرە ئێستا داوای ئاشتی دەکەن ؟ ئێمە دەبێت کۆدی قسە ترسناکەکانی دەسەڵاتدارانی تورد وورتر بخوێنینەوە تا جارێکی تر وەک سەدان جار مێژووی ئازار و قڕکردن لە لامان زیندوو نەبێتەوە.

دەوڵەت باخچەلی

لە تۆڕی ئێكس وتی، "توركیا لە سەروبەندی رزگاربوندایە لە بەڵای تیرۆری جوداخواز. "لە راستیدا وەك لە دوا پەیامی ڤیدیۆیی ئەو"عەبدوڵا ئۆجەلان "دا دەردەكەوێت، رێبەری دامەزرێنەری پەكەكە، بەڵێنەكەی بردە سەر و پابەند بوو بە بەڵێنەكانییەوە و هەروەها لەكاتی گونجاودا پێشبینی هەڕەشە لە جیهان و ناوچەییەكانی كرد. سەرۆکی مەهەپە داوایەکی بەپەلە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات هەرچی زووە پڕۆسەی چەکدانانی (پەکەکە) تەواو بکرێت. بانگەوازی ئۆجەلان هەسەدەش دەگرێتەوە و ده‌بێت چه‌ك دابنێت، مه‌كه‌ونه‌ داوی زایۆنیستەکانەوە. باهچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ ڕۆژنامەنووسان دوای کۆبوونەوەکە جێی سەرنج بوو، ئەو وتی "من کەڕو لاڵم".

 مێژووی گەلی ئێمە لەگەڵ تورکدا هەر لەشەڕی چاڵدێرانەوە تا حوکمڕانی ئیمپراتۆرە نەخۆشەکەی عوسمانی دوایش سەردەمی ئەتاتورک هەزاران چیرۆک لەناو مێژووی پڕ لەخوێن و فرمێسک و قوربانی و هەڵواسین وهەڵدڕینی سکی قوربانێکان و بێدەنگ کردنی گەلێک لەزمان کەلتورو چاند تا دەگات بەهەڵواسینی سەری شۆڕشگێڕەکان بەدەروازەی شار و گوند و قەڵاکاندا تا کورد بۆ هەتاهەتایە سەری کاسی لەکۆشیا دانێت، تەنانەت وەک شەهید موسا عەنتەر لە بیرەوەرەوەرییەکەیدا بۆمان دەگیڕێتەوە کە تورک گومانیان لەفیکە لێدانیش هەیە، لای ئەوان دەبێت بەتورکی فیکە لێدەیت، نەک بەکوردی.

باخچەلی هێندە لوتبەرزە نایشارێتەوە دەڵێت : ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان هەسەدەش دەگرێتەوە، کەچێ ئەردۆغان بۆ فریودان دەڵێت کوردەکانی سوریا برامانن، هێندە دەبەنگە وادەزانێ داعش و بۆردمان و دارزەیتونەکانی عەفرین و بۆردمانی ژێرخاک و مزگەوت و کارگەکانمان بیر چۆتەوە. پاشان باخچەڵی چونکە گاڵتەی بەئاشتی دێت و ئەم ئاشتیە وەک ڕاپەڕینی دەرسیم یان شۆڕشی ئاگری داخ سەیر دەکات، لەچاوەڕوانییدایە کە ئێمە بێچەک بین و ئەوانیش تارو مارمان بکەن.

یڵماز تونچ

شاندی ئیمرالی لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری داد دەیانویست کۆببنەوە پاشان وەزیری دادی تورکیا "بەهۆی سەرقاڵییەوە، کۆبوونەوەکەی دواخست".

 وەزیری داد و هەموو بەرپرسەکان لەتورکیادا یاری بە کات دەکەن، ئەوان گاڵتەی تەواویشیان بەو ئاشتیە نییە، بەڵکو ئەوەیە کە بچوکترین گۆڕانکاریان نەکردووە، گەر ئاشتی لەتورکیادا ڕاست بێت لای تورک وەزیری نەدەچوو بۆ کارخانەکان یان سەردانی بۆردێلەکانی نەکردووە، دەبێت سەرقاڵی چی بووبێت، رەنگە شتێک هەیە لەم پڕۆسەیەدا جیدی تر ئێمە نایزانین لەتورکیادا ؟

هاكان فیدان 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند كه‌ هه‌ندێك ڕاپۆرتمان له‌سه‌ر چالاكییه‌كانی یه‌په‌گه‌ (له‌میانی پێكدادانه‌كانی سوه‌یدا) بیستووه‌. ده‌شڵێت: "په‌یامی ئێمه‌ بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرژییه‌كان نه‌قۆزنه‌وه‌ و دۆخی هه‌ستیار و قه‌یراناوی سوریا له‌وه‌ زیاتر ئاڵۆز نه‌كه‌ن".

 ئەم حەسەن خەیریە کە بەخزمایەتی دەچێتەوە سەر دیاب ئاغای خائین و ڕیسوای مێژوو بەس وەک سەگێکی بەوەفا بە خەڵکی نەتەوەکەی هەر لە تورکیادا نەوەڕێت بەڵکو دەیەوێت قاچی جوامێرەکانی ڕۆژئاڤاش بگرێ و بەوانیش بووەڕێت، لەکاتێکدا ڕۆژئاڤا هیچ پەیوەندی بە تورکیاوە نییە، ئیبراهیم تاتلیسێس ئەویش خۆی نواند و ووتی : چاکە دەم بووە وادەزانێ بیرمان چۆتەوە کە وەک داماوێک بۆ ئەردۆغان گۆرانی دەووت و دەیووت گەر عەفرین جێنەیەڵن ئەوە دەچینە شارەکانی تریش، پاشان هەزاران ئاوازی نەتەوەکەی کرد بە تورکی جارێ ئەو دادگایەش ماوە لەسەر تۆی پیاوی بۆردێلەکان، هاکان فیدانیش ڕۆژێک دێت درەنگ یان زوو وەک حەسەن خەیری سەری دەخەنە ناو گۆڕی باوکی هیوادارم مێژوو دووبارە بێتەوە 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

 داوای دیداری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)ی کردوە.

ئۆجەلان دەیەوێت سەرۆکی ئەو پارتە ببینێت کە ئەتاتورک دروستی کرد و عیسمەت ئەنینۆ کە بووە سەرۆکی پارتەکە لەدوای مردنی ئەتاتورک، ئێستاش گەورەترین پارتى نەیارى پارتى داد و گەشەپێدانە ولە هەڵبژاردنەکانى 2015 لەدواى پارتى داد و گەشەپێدانەوە هات. بڵند ئەجەوید ئەو پیاوە پوتە بوو کە سەرکردایەتی کرد لە گرتنی بەشێک لەقبروس و هەروەها ڕۆڵی گێرا لە گرتی عەبدوڵا ئۆجەلاندا، تراژیدیا لەوەدایە بڵند ئەجەوی کوردیشە بەڕەچەڵەک. ئەم پارتە ئاراستەی ئایدۆلۆژی جەپڕەوە. بەوەی جێگەی نیگەرانییە زۆری سەرانی ئەم پارتە بەڕەچەڵەک کورد بوون و بەڵام لەتورک زیاتر زیانیان بەکورد و دۆزەکەی گەیاندوە وەک " عیسمەت ئەنینۆ" کە بەس لەدادگای دیار بەکر هەزاران کوری بێ سەرو شوێن و بێگۆڕکرد لەسەر ئەوەی تورکیان نەدەزانی. بۆچی ئۆجەلان داوای بینی ئەم سەرۆکی ئەم پارتەی کردووە ؟ ئێمە نازانین. بەڵام کاک "کاوە جەلال" مامۆستای زانکۆ دەڵێت و بڕوای وایە کە

 " پ.ک.ک. لە هۆش و دەروونەوە تورکییە، کەواتە ئەوان و دەسەڵاتدارانی تورکیا باش لە یەک تێدەگەن، ئێمەی کوردی باشور لەوان تێناگەین".

 ئەردۆگان 

 ئەمەوێ لێرەدا جەخت لەوە بكەمەوە كە ئێمە لە توركیا رێگە نادەین بە دامەزراندنی سیستمی 

سایکس پیکۆیەكی نوێ لە ناوچەكەمان كە سنوری نەخشەكانی بە خوێن دیاری بكرێن.

ڕێکەوتنامەی سایکس–پیکۆ کە بە فەرمی ڕێکەوتننامەی ناوەندی ئاسیا ماوەی ڕێککەوتننامە ٢٣ی تشرینی دووەمی ١٩١٥ تاکوو ئازاری ١٩١٦ ڕێککەوتنامەییەکی نھێنی بەریتانیای گەورە بە ئێرلەنداوە لەگەڵ فەڕەنسا، ھەروەھا بەڕازیبوونی ئیمپڕاتۆری ڕووسیا بوو. ئامانجی ئەم ڕێککەوتننامەیە دابەشکردنی خاکی ئەو وڵاتانە بوو لەژێردەستی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بوون. 

واتە ئەردۆغان خەوی ئەوەیە کە ئیمپراتۆرە نەخۆشەکە چاکاتەوە و سەد ساڵی تر گەلی ئێمە لەسایەی ئەم پیاوە نەخۆشەوە بچەوسێتەوە بەناوی چاند و کەلتورو زمان، دوایش ووردە وردە وەری گرێتەوە و حاشا لەگەلێک بکات. گەر تورک لەڕێگەی حەسەن خەیرێوە ئەو خیانەتەی نەکردایە کورد دەبووە خاوەنی نیشتمانی خۆی و ئیتر مێژووی سەد ساڵ قوربانی و تراژیدیای بەدامێنی هەڵنەدەگرت.

جەمیل بایک 

چەکدانانی پەکەکە لە هەولێر و دهۆک قسەی پوچن، تاوەکو مەرجەكانمان جێبەجێنەکرێت چەکی دیکە دانانێین.

 لەم ڕۆژانەدا بە کاک کەمال جەمال مختارم ووت : لات سەیر نییە دوای پڕۆسەی چەک سوتاندن و ئەو شۆیەی لە ئەشکەوتی جاسەنە کرا قەندیل و سەرکردەکانیان هیچ شتێکیان نەووتووە؟ 

 هەر یەک ڕۆژ دوای ئەم گفتووگۆیەی من و کاک کەمال بایک هەڤاڵ جومعە دەرکەوت و گومانەکەی ڕاستکردەوە و پێدارگری کرد کە تورکیا دەبێت خەوە نەزۆکەکەیان لەبەین بەرن، ئێمە هیچ گەریلایەکی تر بێچەک ناکەین تا تورک نیاز پاکی  نەنوێنێت. ڕاستی تورک هیچ نیاز پاکیەکیان نییە، جگە لە فریودان لای تورک بۆیە مێژوو پڕێتی لە فریودان و فرمێسکی تیمساحی و لەڕێگەی ئاین ئیسلام و شێخ و مەلا دەیوسەکانی کوردەوە کە تورک برای ئاینی ئێمەن،  سەرچاوەی هەموو ئەو نمایشە ترسناکانە بوە کە تورک تێیدا براوەی یەکەم بووە، ئێستا هەم سەردەم گۆڕاوە هەم کوردیش خۆشبەختانە مێژوو بەحیکایەتی گوێ ئاگردان نازانێت.

 ئەمە هەندێک بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی تورکە، ئێوەش ئێستا هیواتان بەئاشتی هەیە ؟

عەبدوڵا ئۆجەلان : بەدرێژای ژیانی دەبوایە بڕیارگەلێک لەبارەی ئەوە بدات چ کاتێک هەنگاو بنێت و چ کاتێک بوەستێت، کەی دەستبەرداری هەڵوێستک بێت کە لەدەسەڵاتی خۆیدا نییە، بەهۆی بەسەر بردنی ساڵانێکی زۆر لەزیندانی تورکە فاشێکاندا کە هەموومان دەزانین ئاپۆ لەوێ توانایەکی سنورداری هەیە لە کاریگەرخستنی هەموو شتەکان، لەسیاسەتدا هەندێک بڕیارهەن لەوانەیە دواخستنیان چاکتر بێت و دواخستنیان کەڵکی لە ووتنی باشتربێت، ئەگەر تۆ بڕیار بدەی ئەمە حاڵەتەکەیە، زۆرباشە بەڵام گەلێک لە بارەیەوە نیگەرانە، بۆیە زۆر لام باش بوو کە بەڕێز بایک هاتوو بەهەموانی ووت، تورک نێتی ئاشتی نییە و ئێمەش ناتوانین چاوەڕێ بکەین. دوێنێ لە لای پێنجوێن دیسان درۆنە ئازاکانی تورک دووکوردیان هەلاهەلا کرد.

ئاپۆ دەزانێت ژیان بۆ کوردی بەڕوومەت لەتورکیادا زۆر قورسە، ٢٦ساڵ زیندانی و چاوەڕێ کردن بۆ دەرفەتێک کە تێدا ئاراستەیەکی تر ببینێت، لەڕاستیدا  ئاپۆ تورک دەناسێت، بەڵام ئەو دەیەوێت بەجیهانی بڵێت کە لە تورک توڕە نییە و قین لەدڵ نییە بەرامبەریان. هەر بۆیە دەڵێت: کوردەکان تورکتان لەخۆتان خۆشتر بووێت. لام وایە وەک ئێستا کاتێتی بەبیری بهێنینەوە کە "گۆڵدا مایەر" لە سویسرا بە هاوڕێکانی ووت : "سەردەمی کڕوزانەوە بەسەر چووە " ئەو ووتی جوەکان دەتوانن سەرداربن نەک قوربانی چارەنووسی خۆیان. 

 هەربۆیە تورک تا نەرم بیت لەگەڵیدا ئەو زیاتری دەوێت، هەمووشمان دەزانین سەردەمی جەنگاوەر بەسەر چووە، بەڵام دەتوانین وانەیەک لە جوەکان فێربین، خۆمان تەیارکەین نیشتمانمان جیاکەینەوە، نەک بەزۆر خۆمان بکەینە خوشک و برای ئەوان. بوێری چالاکیەکی ڕۆژانەیە و دەتوانین لەرێگەی بچوک و گەورە نیشانی بدەین. من کە وەک تۆ بیرناکەمەوە مانای ئەوە نییە دوژمنتم، تورک فەرامۆش بکەیت و سەنگەری پەمۆی لە من بگریت. چەند جارێک لەنزیکەوە جەندرمەی تورکم بینیوە ئەوان بە کڕوزانەوە سواری سەرت دەبن، بەپشاندانی هێزیش پێڵاوەکانت بۆ بۆیاخ دەکەن. 

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر