ئایە ئەم شەڕەی نێوان عەشیرەتی هەرکی و حکومەتی حیزب ( بنەماڵە) چی سەلماند ؟!
سەرەتا بۆ ئەوەی خوێنەر بەرچاوڕوونی هەبێت لەسەر دونیابینی من، بەموتڵەقی دژی حوکمی خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵەم چونکە لەگەڵ نمونەی بیرکردنەوەی مامۆستایەتی من و کۆڵەکەکانی دونیای مۆدێرنەدا ناگونجێت، بەڵام پێموایە ئەگەر هەر نەتوانین لەڕێگەی قەڵەم و ڕەخنە و بە خەباتی دیمۆکراسی گۆڕانکاری دروست بکەین و نەتوانین حکومەتێکی دامەزراوەیی دروست بکەین کە تیایدا یاسا سەروەربێت و دووربێت لە عەقڵی خێڵ و عەشیرەتی زاڵ کە دەیان ساڵە ئێمەی ڕەخنەگر و نوسەر و چالاکوان خەباتی بۆ ئەکەین ، خۆ لانی کەم ئەتوانین هەوڵی ئەوە بدەین کە ئەم شەڕەی دژی دەسەڵات بکەینە فرسەتێک تا غروری هەردوو بنەماڵەی تاغوتی وەک جەلالی و مەلایی تێدا بشکێنرێت کە ساڵانێکی زۆرە خۆیان بە خوای خەڵک ئەزانن و کەس لە ناوخۆدا بە هاوتای خۆیان نازانن و هەر شکستیش ئەهێنن و بەردەوام ژیانمان بەرەو دواوە ئەبەن !
خۆ ئەوە ڕوونە کە بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی هەرگیز ئامادەییان نەبووە لە جەنگەکاندا دژی دوژمن کەچی هەر خۆشیان سەردارن ! بەڵام کەسایەتی دیاری عەشیرەتەکانی تر هەیە ئەڵێ قەبری خۆم لەتەنیشت ئەو گەنجەی عەشیرەتەکەمەوە لێ ئەدەم کە شەهیدبووە و ئەبێت بەڵام تەسلیم نابم گەرچی شیعاریش بێت خۆ بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی ئەوەشیان نەوتووە ! بهێنە بەرچاوت ئەم کەسە سبەی سەرۆکی حکومەتەکەت یان هەرێمەکەت بێت، ئەبێت چۆن بە حەماسەتەوە پارێزگاری لە خوێن و مافی هاوڵاتیەکانی بکات ؟! ئەڵبەت من باسی گۆڕانکاری خێڵ بەخێڵ و عەشیرەت و تیرە بە عەشیرەت و تیرەیەکی تر ئەکەم کە بەبۆچوونی من هەرچییەک بێتە سەرحوکم لە بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی خراپتر نابن و پێ ئەچێ سوود لەو هەڵە کوشندانەی ئەوان ببینن کە کردوویانە و بوونەتە ماڵ کاولی بۆ هاوڵاتیان !
بنەماڵەکان لە زمانی یەکتری تێئەگەن !
ئێستا کە ڕووبەڕووبونەوەی چەکداری هەیە لە نێوان عەشیرەتی هەرکی و بنەماڵەی بارزانی گەرچی بەڕووکار وا ئەبینرێت کە شەڕەکە لەنێوان حکومەت و عەشیرەتێک دایە ، بۆمان ڕوون بۆتەوە کە ئەو گۆڕانکاریەی ئێمە ئەمانەوێت لە سیستمی حوکمی باشووردا ڕووبدات بە شێوازی مەدەنی نابێت چونکە سیاسیەکان و بەرژەوەندیەکانیان قبوڵی ئەوە ناکەن بەبێ خوێن و ئاژاوە دەسەڵاتێک دروست بێت کە هی هاوڵاتیان بێت بەبێ جیاوازی ، هی هەموو کەسێکی لاواز و بەهێز و بەپشت و بێ پشت بێت ! ئەوان سەرداری خۆیان و کۆیلەیی خەڵکانی دەرەوەی عەشیرەکەتەی خۆیان ئەوێت !
کەواتە لەم کاتەدا ڕێگە و بژاردە ڕاستەکە ئەوەیە کە پشتگیری ئەم جۆرە یاخیبوونانە بکەین و خۆمان بۆ حکومەتێکی ڕاگوزەر ئامادەبکەین و لوتی لوتبەرزەکان هەر بە لوتبەرزەکان بشکێنرێت سابەڵکو ئەمە خێری گشتی تیابێت .
پێشنیارم بۆ خەڵک بەگشتی ئەوەیە ، پەنا نەبەنە بەر بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ کۆتایی پێهێنان یان لاوازکردنی دەسەڵاتی ڕەهای بنەماڵەیی پارتی و یەکێتی ، فەرموون بنەماڵەیەکی تر هەیە ڕابەرایەتیتان ئەکات و ڕێگەکەی بۆ نزیک کردوینەتەوە و ئێوەش هاریکاریان بکەن، بەڵکو ئەوە گەورەترین وەرچەرخانی سیستمی بنەماڵەیی بێت لە باشوور و ببێتە نمونەیەکی سەرکەوتوو بۆ پارچەکانی تریش.
ئەوکات لەجیاتی دوو بنەماڵە یەک بنەماڵە یان چەند دەموچاوێکی جیاوازتر حوکم بکەن باشترە کە ئەزمونیمان نەبینیوە و لەوانەیە خێری تیابێت بۆ میللەت بەگشتی ، وە لەوانەیە لەم پەرتەوازەیی و چەندین زۆنی و چەقبەستوویە باشتربێت کە ئێستا گیرۆدەین و چارەسەرمان پێ نیە بۆی .

